دەوڵەت باخچەلی داوای رێگری لەئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم دەكات

کوردستان

10/09/2017‌ 691 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە"، داوای رێگریكردن لەئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات.

دەوڵەت باخچەلی، لەمیانی لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی حورییەتی توركی رایگەیاند "دەبێت رێگری لەئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكرێت، چونكە ئەو پرسە مەترسی بۆ ئاسایشی توركیا دروستدەكات".

سەرۆكی گشتی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا راشیگەیاند، جگە لەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان "مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی توركیا، مەترسیشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكەو ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە، بۆیە دەبێت رێگری لەئەنجامدانی بكرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووەو كاردانەوەكانیش بەردەوامە.

باخچەلی داوا لەدەسەڵاتی توركیاش دەكات، هەموو هەنگاوێك بگرێتە بەر بۆ رێگری لەئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم‌و بۆ ئەوەش دەبێت هەماهەنگی ئەو وڵاتانە بكات، كە "دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانن".

هـ ـ ح