ئەمریكا دان بەئەنجامی‌ ریفراندۆمی هەرێم نانێت

کوردستان

11/09/2017‌ 2041 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی‌ ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند واشنتۆن داوادەكات ریفراندۆم بۆ كاتێكی‌ تر دوابخرێت، چونكە وڵاتەكەی "دان بەئەنجامی‌ ئەو ریفراندۆم نانێت".

قسەكانی دۆگلاس سیلیمان لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ عومەر سەید عەلی‌ رێكخەری‌ گشتی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان، كە ئەمڕۆ دوو شەممە لەشاری سلێمانی كۆبوونەوە، كە كێن گرۆس كونسوڵی‌ گشتی‌ ئەمریكا لەهەرێمی‌ كوردستانیش ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، باڵیۆزی‌ ئەمریكا لە عێراق بەشاندی بزوتنەوەی‌ گۆڕانی‌ ڕاگەیاند، ئەمریكا لەگەڵ ئەنجامدانی‌ ئەو ریفراندۆمەدا نیەی لەم كاتەداو داوادەكات بۆكاتێكی‌ گونجاوتر دوابخرێت‌و جەختیكردەوە، كە واشنتن دان بەئەنجامی‌ ئەو ریفراندۆمەدا نانێت ئەگەر بكرێت.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، دۆگلاس سیلێمان، ئەوەشی بە وەفدی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ڕاگەیاندووە ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم لەكەركوك بە هەموو شێوەیەك رەتدەكەنەوە، چونكە "دەبێتە هۆی‌ ئاڵۆزی‌ زیاتر".

ئەم هەڵوێستە لەكاتێكدایە، بڕیارە 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم بەرێوەبچێت، كە ئەمریكا پێشتریش رایگەیاندبوو، دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە.

هـ ـ ح

بەپەلە