بارزانی لەبایەخی پێشنیازەكەی وڵاتانی زلهێز بۆ دواخستنی ریفراندۆم كەمدەكاتەوە

کوردستان

16/09/2017‌ 978 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی لەبایەخی ئەو پێشنیازەی وڵاتانی زلهێزی كەمكردەوە، كە بۆ پرسی دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان خستوویانەتەڕوو.

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ شەممە لەمیانی وتارێك رایگەیاند، ئەو پێشنیازانەی وڵاتان خستوویانەتەڕوو، "تەنیا داڕشتن‌و وشەیە"، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

قسەكانی مەسعود بارزانی لەكاتێكدایە، كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان لەگەڵ ناوبراو كۆبوونەوەو داوای دواخستنی ریفراندۆمیان كردو بۆ ئەوەشی پێشنیازێكیان خستە بەردەمی، كە پێشتر بۆ دواخستنی داوای كردبوو.

مەسعوود بارزانی لەوتارەكەشدا جەختیكردەوە، ئەوان لەخۆیانەوە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیان نەداوە، لەكاتی خۆی ئەنجامدەدرێت، ئەوەشی راگەیاند "دەمانەوێت لەگەڵ عێراق ببینە دوو دراوسێی باش".

بڕیاری ریفراندۆم لەلایەن مەسعود بارزانی‌و زۆرێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەرچووە، كە بڕیارە رۆژی 25/9/2017 پرۆسەكە ئەنجامبدرێت‌و ئەمەش كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووە.

هـ ـ ح

بەپەلە