ناوەڕۆكی پێشنیازێكی یوئێن بۆ دواخستنی ریفراندۆم ئاشكرادەكرێت

کوردستان

17/09/2017‌ 6334 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یان كوبیش نوێنەری رێكخراوی نەتەوەیەكەگرتووەكان پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم مەسعود بارزانی، ئەوەش بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان.

یان كوبیش لەپێشنیازەكەیدا داوای كردووە، كە هەردوو لایەنی حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان دەست بكەن بەگفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان، بۆ ئەوەش رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، سەپەرشتی‌و نێوەنگیری گفتوگۆكان دەكات.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ ناوەڕۆكی پێشنیازەكە بەشێوەیەكە، كە بەغداو هەولێر هیچ مەرجێك بۆ گفتوگۆو چارەسەری كێشەكانی نێوانیان دانەنێن‌و دوو ساڵ بۆ سێ‌ دیاریبكەن، بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكەن.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، دوای گفتوگۆكان‌و گەیشتنە رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەسەر كێشەكانی نێوانیان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات.

یان كۆبیش لەو بارەوە بۆ فرانس پرێس پشتراستیكردووەتەوە، كە پێشنیازێكیان داوەتە لایەنی هەولێرو بەغداو بۆ ئەوەش چاوەڕێی وەڵامی هەردوولا دەكەن.

نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان راشیگەیاندووە، لەئەگەری رازی بوونی هەردوولا بەپێشنیازەكە، ئەوە ریفراندۆمی 25ی ئەیلول لەهەرێمی كوردستان دوادەخرێت‌و پرۆسەكە ئەنجامنادرێت، بۆ ئەوەش چاوەڕێی وەڵامی كۆتایی مەسعود بارزانین.

ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە 25 ئەم مانگە بەرێوەدەچێت‌و لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەهۆی ئەوەی كاتەكەی بەگونجاو نازانن، لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان لەهەوڵدان بۆ دواخستنی.

هـ ـ ح