دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر داوای عەبادی بڕیارەكەی لەسەر ریفراندۆم دەركردووە

عیراق

18/09/2017‌ 753 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر داوای حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری راگرتنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەركردووە.

حەیدەر عەبادی لەنووسراوێكدا داوای لەدادگای فیدراڵی كردووە، كە رێوشوێنی پێویست لەبارەی بڕیاری ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەربكات.

سەرۆك وەزیرانی عێراق داواشی كردووە، كە دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر رێوشوێنە دەستوورییەكان بڕیاری راگرتنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكات.

لەدوای داواكەی حەیدەر عەبادی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ دوو شەممە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دەستەی سەرۆكایەتی دادگای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی ریفراندۆمی هەرێمی دەركردووە.

هەڵوێستی دادگاكە لەكاتێكدایە، كە بڕیارە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە تائێستا هیچ بڕیارێك لەسەر دواكەوتنی نەدراوە.

لەراگەیەنراوەكەی دادگای فیدراڵی عێراق هاتووە، كە بڕیاردرا بەراگرتنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە 25/9/2017، ئەوەش بەفەرمانی سەرۆكایەتی دادگاكە ژمارە (106) لە 8/6/2017، كە ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت.

هـ ـ ح