ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق رەتدەكاتەوە

عیراق

19/09/2017‌ 365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەكۆی دەنگ بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقی بۆ دوورخستنەوەی نەجمەدین كەریم لەپۆستی پارێزگارەكە رەتكردەوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ئەمڕۆ سێ‌ شەممە كۆبووەوەو بەكۆی دەنگ بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی رەتكردەوە، كە هەفتەی رابردوو بۆ لەكارخستنی نەجمەدین كەریم پارێزگای كەركوك دەریكرد.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەدوای كۆبوونەوەكە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، بڕیاری پەرلەمانی عێراق "نادەستووری ‌و نایاساییە، بۆیە بەكۆی دەنگ ئەنجوومەنەكە بڕیارەكەی رەتكردەوە".

رێبوار تاڵەبانی راشیگەیاند، كە "تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك توانای لەكارلادانی پارێزگاری هەیە، بۆیە پابەندی ئەو بڕیارش نابین".

پەرلەمانی عێراق هەفتەی رابردوو بەهۆی پشتگیری لەریفراندۆمی هەرێمی كوردستان نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوكی لەپۆستەكەی خست، ئەوەش لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران.

هـ ـ ح