ریفراندۆمی كوردستان.. پروپاگەندە‌و هەواڵی درۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەتەنن

کوردستان

23/09/2017‌ 4051 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چەند رۆژێكە عێراقییەكان سەرقاڵی قەیرانێكی سیاسی نێوان هەرێم‌و بەغدان لەبارەی‌ ریفراندۆمەوە، ئەمەش لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رەنگی داوەتەوە لەڕێگەی پروپاگەندە‌و هەواڵ‌و وێنەی هەڵبەستراوەوە.

بڕیاری هەرێمی كوردستان سەبارەت بە رێكخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردانی هەرێمی‌ كوردستان كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجام برێت، قەیرانێكی سیاسی نوێی بۆ وڵات هێنایەئارا‌و بووە جێبایەخی عێراقییەكان كە پێشتر جەنگی دژ بەرێكخراوی داعش بەپلەی یەكەم بایەخی بردبوون.

قەیرانە سیاسییەكەی نێوان بەغدا‌و هەولێر لەچەند رۆژی رابردوودا بەشێوەیەكی تێبینیكراو ئاڵۆزبوو، هەموو هێز‌و حزبە سیاسییەكانیش لەڕێی یەكترتۆمەتباركردن‌و لێدوانی توندەوە بەشداریان تێداكرد كە رەنگدانەوەی لەسەر هاووڵاتیان هەبوو، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بوونە گۆڕەپانێك بۆ ململانێ‌و ئاڵوگۆڕكردنی جنێو‌و پڕوپاگەندە‌و هەواڵ‌و وێنەی درۆ كە زۆرێك لەعێراقییەكان بەبێ لێكۆڵینەوە لە راستییەكەیان باوەڕەیان پێكردن.

دراو ‌و پاسپۆرتی دەوڵەتی كوردستان
یەكێك لەو پروپاگەندانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە ئەوە بوو كە هەرێمی كوردستان دەستیكردووە بە لەچاپدانی دراوێكی تایبەت بەدەوڵەتی نوێی كوردی، هەواڵەكەش لەگەڵ وێنەی دراوێك بەبەهای 100 دینار بڵاوبووەوە كە رووكاری پێشەوەی وێنەی مەلا مستەفای بارزانی سەركردەی دیاری مێژوویی ناسراو‌و باوكی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستانی لەسەر بوو، بەڵام لە رووكاری پشتەوەی وێنەیەكی قەڵای مێژوویی بەناوبانگی ناوەڕاستی شاری هەولێری تێدابوو.

دەیان پەیج وێنەكانیان گواستەوە بەبێ ئەوەی لە راستییەكەی بكۆڵنەوە‌و وێنەی دراوە نوێیەكە لەماوەی چەند سەعاتێكدا لەنێو عێراقییەكان‌و لەپەیجە تایبەتەكانیان لەگەڵ كۆمێنتی ئیستیفزازی لەدژی كورد‌و هەرێمی كوردستان بڵاوبوونەوە، هەرچی ئەو پەیجە گشتیانەشە كە وێنەكانیان بڵاوكردەوە ئەوا كۆمێنتەكانیان گۆڕا بۆ شەڕەقسەیەك كە جنێو‌و هەڕەشەی تێدا بەكارهات.


لەراستیشدا ئەو وێنانە درۆ بوون، چونكە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە چاپدانی داراوێكی تایبەت بە خۆیان رانەگەیاندووە‌و سەرچاوەی ئەو وێنانەش دەگەڕێتەوە بۆ دە ساڵ لەمەوبەر كاتێك هونەرمەندێكی‌ كورد وێنەی‌ چەند دراوێكی‌ كوردی‌ كێشابوو.

پروپاگەندەیەكی دیكە لەشێوەی دراوەكە گفتوگۆی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی داگیر كرد، چونكە چەند وێنەیەك بڵاوبوونەوە كە گوایە پاسپۆرتی دەوڵەتە كوردییە نوێیەكەن‌و وێنەكانیش لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی وەرگیراون كە كەسێكی تێدا دەردەكەوێت پاسپۆرتەكە پیشاندەدات كە ئارمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رووكاری پێشەوەیەتی.

چەند پەیجێكی عەرەبی‌و كوردی لە فەیسبووك وێنەكان‌و گرتە ڤیدیۆییەكەیان وا بڵاوكردەوە كە راستەقینەیە‌و رایانگەیاند پاسپۆرتەكە لەلایەنە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە.

تەنانەت كەناڵە ناوخۆییەكانی راگەیاندنیش پەنایان بۆ ئەو وێنانەن‌و گرتە ڤیدیۆییەكە برد‌و هەواڵەكەیان وا داڕشت كە ئەوە پاسپۆرتی رەسمییە‌و لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە، بەڵام دواتر دەركەوت ئەو هەواڵانە درۆن، ئەویش دوای ئەوەی چەند بەرپرسێكی كورد رەتیان كردەوە‌و بە هەوڵێك بۆ دروستكردنی كێشە‌و ئاژاوە لە نێوان بەغدا‌و هەولێریان دانا.

لەوبارەیەوە لیوا دلێر ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی رەگەزنامە‌و پاسپۆرت لە هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ كەناڵە ناوخۆییەكانی راگەیاندن ئەوەی رەتكردەوە پاسپۆرتی تایبەت بە هەرێم دەركرابێت، وتیشی: "ئەو وێنانەی لەوبارەیەوە بڵاوكراونەتەوە بۆ دروستكردنی كێشە‌و ئاژاوە بوون لەنێوان بەغدا‌و هەرێمدا".

دواتریش دەركەوت ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوبووەتەوە هی كرێكارێكی گەنجی كوردە كە لە چاپخانەیەكی شاری سلێمانی كاردەكات‌و خۆی نموونەیەكی پاسپۆرتی دەوڵەتی كوردستانی لە شوێنی كارەكەی دیزاین كردووە‌و كەناڵەكانی راگەیاندنی ناوخۆش چەند چاوپێكەوتنێكیان لەگەڵ كردووە‌و دەڵێت ئەو نموونەیەی دیزاین كردووە‌و هیوادارە لە ئایندەدا ببێتە راستەقینە.

باری نائاسایی‌و لەشكركێشی
هەواڵێكی درۆ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە كە باسی لەوە دەكرد حكومەتی عێراق باری نائاسایی لەپارێزگای كەركوك راگەیاندووە‌و حاكمێكی سەربازی بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری شارەكە داناوە ئەویش دوای ئەوەی پەرلەمان بڕیاری لابردنی نەجمەدین كەریمی پارێزگاری لە پۆستەكەی پەسەندكرد.

بەدەیان پەیجی نەناسراو ئەو هەواڵە درۆیەیان بڵاوكردەوە ئەویش دوای شێواندنی ئەو رووداو‌و لێدوانە سیاسیانەی لە هەفتەی رابردوودا وڵات بەخۆوەی بینین.

لە 14ی ئەم مانگەدا (ئەیلول) پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دەنگیدا لەسەر لابردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك لەپۆستەكەی بەهۆی هەڵوێستەكانی سەبارەت بە بەشداریكردنی كەركوك لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا.

دوای دوو رۆژ نیازی ئۆغڵۆ پەرلەمانتاری توركمان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا كۆكردنەوەی ئیمزای لەنێو پەرلەمانتاراندا راگەیاند بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و دانانی حاكمێكی سەربازی بۆ پارێزگاكە، واتە ئەو بابەتە تەنیا پێشنیارێك بوو، بەڵام چەند پەیجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان‌و چەند كەناڵێكی راگەیاندن ئەو رووداوانەیان شێواند‌و وتیان حكومەت بە كردەوە بڕیار سەپاندنی باری نائاسایی‌و دەستنیشانكردنی ناسر غانم لیوا لە سوپای عێراقی داوە وەك حاكمێكی سەربازی.

گەیشتنی هێزی سەربازی سوپای عێراق بۆ سنووری هەرێمی كوردستان لەنێو هەواڵە درۆكانی دیكەدا بوو كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و كەناڵە ناوخۆییەكانی راگەیاندن بڵاوبوونەوە، هەواڵەكەش ئەوەی تێدا هاتبوو كە هێزەكانی سوپای عێراق لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان لە ناوچەی دەشتی نەینەوا بڵاوبوونەتەوە‌و سوپای عێراقیش چووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر پێشهاتێك.

بەڵام بەرپرسە عێراقییەكان لە بەغدا‌و هەولێر ئەو هەواڵەیان رەتكردەوە، هەروەها هیچ راگەیەندرا‌و یاخود لێدوانێكی رەسمی سەبارەت بە جوڵاندنی هێزی سەربازی بۆ ناوچەكە بڵاونەكراوەتەوە، دەریشكەوت كە هەواڵەكە درۆیە‌و سەرچاوەكەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە.

لە بەرامبەریشدا هەواڵی هاوشێوە سەبارەت بە جووڵەكردنی هێزێكی سەربازی گەورەی پێشمەرگە بەرەو پارێزگای كەركوك بڵاوبووەوە، لەگەڵ هەواڵەكەشدا گرتەیەكی ڤیدیۆیی هێزەكانی پێشمەرگە بڵاوكرایەوە لەگەڵ كۆمێنتێكدا كە دەڵێت: "چەند كاروانێكی بێ كۆتایی پێشمەرگە لە هەولێرەوە بەڕێوەن‌و لە دەوروبەری كەركوك جێگیر دەكرێن كە زیاتر لە 51 هەزار جەنگاوەری پڕچەك بە نوێترین چەكی ئەڵمانی لەخۆدەگرن".

بەڵام دوای پشكنینی گرتە ڤیدیۆییەكە دەركەوت كۆنە‌و مێژووەكەی بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە كاتێك هێزی سەربازی پێشمەرگە بەرەو قەزای شنگال لە خۆرئاوای موسڵ بەڕێكەوت.
https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=878707835569893&id=333432230097459

رق‌و كینە نوكتەیان لێدەكەوێتەوە
زۆرجار عێراقییەكان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوكتە‌و وێنەی كاریكاتێری بەكاردەهێنن بۆ رەخنەگرتن لە قەیرانە سیاسی یاخود ئەمنی‌و كۆمەڵایەتییەكان، تەنانەت پێش ئەوەی ئینتەرنێتیش بگاتە عێراق‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەیدا ببن، عێراقییەكان نوكتەی سیاسییان بەكاردەهێنا‌و زۆر جاریش وەرز‌و جۆری ئەو نوكتانە گرێدراون بە رووداوە سیاسییەكانەوە.

لەهەشتاكانی سەدەی رابردوودا عێراقییەكان نوكتەیان لەسەر كورد دەوت وەك ئەنجامێكی ئەو ململانێ چەكدارییەی لە نێوان سوپای عێراق‌و شۆڕشگێڕانی كورددا لەئارادابوو، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا ئاڕاستەی نوكتەكان گۆڕا بۆ عەشیرەتی دلیم لە ئەنبار، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەو هەوڵی كودەتا شكستخواردووە دەگەڕێتەوە كە لیوا محەمەد مەزڵوم دلێمی لەگەڵ عەشیرەتەكەی رێبەرایەتی كرد لەدژی سەدام حسێن.

دوای ئەوەش كە سەدام حسێن توانی شكست بە كودەتاكە بهێنێت‌و لیوا محەمەد لەسێدارە درا، بەشێوەیەكی بەرفراوان نوكتە لەدژی ئەندامانی عەشیرەتەكە بڵاوبووەوە لەبری كورد، كەسیش نازانێت ئەوە چۆن روویدا‌و كێ ئەو نوكتانەی لەدژیان دادەنا، بەڵام عێراقییەكان دەڵێن ئەو ئەندامانەی موخابەرات كە لەنێوان دانیشتوواندا بڵاوببوونەوە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی دیراسەكراودا لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی باڵا بانگەشیان بۆ نوكتەكان دەكرد تا بڵاوببنەوە.

هەموو ساڵێكیش لە یادی داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە لە ئابی 1991 بەدەیان نوكتە لەدژی كوەیتییەكان بڵاودەبنەوە، ئەو نوكتانە خاڵی نین لە جنێو‌و سوكایەتیپێكردن بە بەرامبەر، لەم قەیرانەی دوایی نێوان بەغدا‌و هەولێرشدا سەرلەنوێ نوكتە لەدژی كورد پەیدابوونەوە.

ئێستاش لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی نێوان بەغدا‌و هەولێر سەبارەت بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی، بەدەیان پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستیان كردووە بە بڵاوكردنەوەی نوكتە لەدژی كورد ئەوەش لە ئەنجامی ئەو رق‌و كینەیەی بەهۆی گفتوگۆی توندی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە نێوان كورد‌و عەرەبدا بڵاوبووەتەوە.