فوئاد مەعسوم سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان دەكات
بەغدا پڕۆژەیەكی بۆ جێگرتنەوەی ڕیفراندۆم ئامادەكردووە

عیراق

23/09/2017‌ 3342 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمڕۆ شەممە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، شاندێكی باڵای ھەرێم سەردانی بەغدا دەكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حیزبی‌و حكومی عێراق كۆببێتەوە.

كەناڵی كوردسات نیوزی ئۆرگانی فەرمی یەكێتی نیشتمانی بڵاویكردەوە، كە كۆبوونەوەكانی شاندی كوردی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بەچاودێری فوئاد مەعسوم كۆماری عێراق بەرێوەدەچێت‌و بڕیایشە شاندەكەی ھەرێم لەگەڵ سەرجەم حیزب‌و لایەنە عێراقییەكان كۆببنەوە.

كەناڵەكە بڵاویشیكردەوە، كە پێشتر شاندەكەی ھەرێم پێداگریان كردووە، كە كۆبوونەوەكانی داھاتوو لەبەغدا لەسەر پرسی ریفراندۆم‌و چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێدراوەكانی نێوانیان بەچاودێری ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بێت، بەڵام تا ئیستا لایەنە عێراقییەكان ھیچ كاردانەوەیەكیان نەبووە بۆ ئەو داوایەی ھەرێم.

چوونی شاندەكە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە بەغدا دژی ئەوەیەو داوای هەڵوەشانەوەی پرۆسەكە دەكات.
 
هاوكات عەباس بەیاتی ئەندامی لیستی دەوڵەتی یاسای لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كردووە، سەرەڕای پێداگرییەكەی بەرپرسانی ھەرێم بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە تەنیا چەند رۆژێكی كەمی لەبەرەدەم ماوە، بەڵام ھێشتا جێگەی گفتوگۆیە لەنێوان ھەرێم‌و بەغدا. 

عەباس بەیاتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە ، لە سەردانەكەی پێشووتر شاندەكەی ھەرێم چەند داواكاری و پێشنیارێكیان خستووەتە بەردەم حكومەتی ناوەندیی، حكومەتی ناوەندیش داواكارییەكانی ھەرێمی تاوتوێكردووەو پرۆژەیەكی گەڵاڵە كردووە بۆ گفتوگۆ لەسەر جێبەجێكردنی بەرێككەوتن لەگەڵ ھەولێر.

ئەندامەكەی لیستی دەوڵەتی یاسای لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ، بەدوری نەزانیوە ئەو پرۆژەیەی كە لەلایەن بەغدادەوە دەخرێتە بەردەم بەرپرسانی ھەرێم ببێتە جێگرەوە بۆ دواخستنی راپرسییەكەی ھەرێم بۆ سەربەخۆی كوردستان.

هـ ـ ح