شارپرێس:
بەگوێرەی هەمواری یاسای زیندانیانی سیاسی عێراق، مافو ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی بەغدای لێدێت، بهڕێوهبهرى زیندانیانی سیاسییش زانیاریى گرنگ ئاشكرادهكات.
لەیاسای ژمارە 4ی ساڵی 2006ی پەرلەمانی عێراقدا، بەگشتیی باس لەئیمتیازاتو مافی زیندانییە سیاسییەکان کراوە، دواتر لەساڵی 2013 لەیاسای ژمارە 34، هەموارکراوتەوەو دواجار ساڵی 2025 لەچەند ڕۆژی ڕابردودا جارێکی دیکە هەموارکرایەوەو کۆمەڵێک مافو ئیمتیازات، بۆ زیندانیانی سیاسی عێراقو هەرێم دەستەبەرکرا.
ئەحمەد مام ڕەسوڵ بەڕێوەبەری زیندانیانی سیاسییو کەسوکاری شەهیدان لەوەزارەتی شەهیدانو ئەنفالکراوانی هەرێم ڕایگەیاند، "دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالکراوان لەگەڵ لیژنەی شەهیدانو زیندانییە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق، دواجار ئەو بڕیارە درا".
ئەحمەد مام ڕەسول دهڵێت:"لەکوردستان بهگوێرهى یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011، مافو ئیمتییازاتمان دەدا بەزیندانییانی سیاسی، کە لەگەڵ یاسای عێراقی لەڕوی دەرماڵەی مانگانەوە جیاوازییەکی زۆری هەبوو، کە لەکوردستان زۆرترین بڕی 500 هەزار دینارە، بەڵام لەپارێزگاکانی دیکەی عێراق یەک ملیۆنو 200 هەزار دینارە".
وتیشی، "لەڕوی ئیمتییازاتی ناو یاساکەش، ئیمتیازاتێکی زۆر دراوە بەزیندانیانی سیاسیی بەغدا بەبەراورد هەرێمی کوردستان".
بەڕێوەبەری زیندانیانی سیاسی هەرێم باسی لەوەشکرد، "بەوپێیەی کە مادەی 15ی یاسا هەموارکراوەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی هەرێم مافو ئیمتیازاتەکانی بەغدایان دەبێت، کە ئەمەش بەهەنگاوێکی ئەرێنی دادەندرێت".
هەروەها ئەحمەد مام ڕەسوڵ ئهوهشى وت، "ئەوەی کە دەمێنێت کارکردنی وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالکراوانی حکومەتی ههرێمه بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانیشتنێک ئەنجامبدەین بۆ تاووتوێکردنی هەموو وردەکارییەکان بۆ ئەم مەبەستەش میوانداریمان کردون".
ڕاشیگەیاند، "هەرکەسێک بەڵگەی فەرمی گیرانی هەبوو، بهگوێرهى یاساکە بەزیندانی سیاسی دادەندرێت، بهگوێرهى بڕیارێکی دادگای فیدراڵیش، نابێت کەسێک لەدوو یاسای هاوشێوە لەکوردستانو حکومەتی عێراق سودمەندبێت، چونکە ئەستۆپاکیمان ئامادەکردوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بەشەی ماویانە لەقەرەبوەکە لەحکومەتی عێراق وەریبگرن".
سەبارەت بەئاوارەکانی هەڵەبجە بۆ ئێران کە بەڵگەیان هەیە، ئەحمەد مام ڕەسول وتی، "دەبوو سودمەندبان، بەڵام حکومەتی فیدراڵی کەمتەرخەم بوە، ئێمە دەتوانین لەڕێگەی لایەنی پەیوەندیدار مافەکانیان بەدەستبهێنینەوە بەهەمانشێوەی ئاوارەکانی عێراق لەڕەفحا، کە ئەوانیش سودمەندبون".
زیاتر لهوبارهیهوه ڕونیكردهوه، "هەوڵێکی زۆرمانداوە لەڕێگەی گفتوگۆکانمانەوە لەگەڵ دهزگاى شەهیدانى عێراق كه کەمئەندامانی سەنگەریش مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوەو بەڵێنی ئەوەشمان وەرگرتوە کە ئەمڕۆ بخرێته دەنگدانهوه".
هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەو پڕۆژەیاساکانی دیکەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کاریگەریی ئەرێنی دەبێتو لەمەودوا هیچ جیاوازییەک لەمافەکانی نێوانیاندا نامێنێت.
