شارپرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای سلێمانی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بۆ 2ی ئەیلولی 2025 دواخستو بڕیاریدا هەر لەدەستبەسەریدا بمێنێتەوە تاوەکو ڕۆژی دادگاییکردنەکەی.
ئەمڕۆ پێنجشەممەو دوای زیاتر لەدوو هەفتە لەدەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بڕیاربوو ئەمڕۆ دوهم دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید لەدادگای سلێمانی بەڕێوەبچێت، بهڵام دادگای سلێمانی دادگاییکردنهكهى بۆ 2ی ئەیلولی 2025 دواخستو بڕیاریدا هەر لەدەستبەسەریدا بمێنێتەوە تاوەکو ڕۆژی دادگاییکردنەکەی.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایدهگهیهنێت، "بەهۆی نەبونی بەڵگەی تەواوەتی لەسەر کەیسی شادی نەوزاد لەلایەن خودی سکاڵاکارو پارێزەرەکانیەوە کە سکاڵایان لەشاسوار کردوە، دادوەر بڕیاری دواخستنی دادبینیەکەیدا".
وتوشیهتى، "دیارنییە دادگا لە2ى 9ى 2025 دانیشتنەکە دەکات یاخود جارێکی دیکە دوای دەخاتەوە".
دوێنێ چوارشەممە، سەرچاوەیەک لەدادگای سلێمانی ڕایگهیاندبوو، ئهمڕۆ پێنجشەممە دوەمین دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەسەر سکاڵایەکی شادی نهوزاد، پەرلەمانتاری پێشوی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.
دانیشتنی یەکەمی دادگاییكردنى سهرۆكى نهوهى نوێ لە21ی ئابى ئهمساڵ بەڕێوەچوو، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمەتەکانی ڕەتکردوەتەوەو داوایکردوە شایەتحاڵەکانی بانگهێشتبکرێن بۆ سەلماندنی بێتاوانیی خۆی.
شاسوار عەبدولواحید ماوەی 16ڕۆژە، لەشەوی 12ی ئابی 2025، لەسەر سکاڵایەکی پەرلەمانتارێکی پێشوی کوردستان بەتۆمەتی "ناوزڕاندنو هەڕەشەکردن" دەستگیرکراوە. کەیسەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021، دادگای سلێمانیش ڕایگەیاندوە، چەندینجار ناوبراو بانگهێشتکراوە؛ بەڵام ئامادەنەبوە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوە.
