دەم پارتی لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە هۆشداری توند دەداتە ئەنقەرە

کوردستان

20 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 840 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

گولجان کاچماز پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، یەکێتی نیشتمانی و دیالۆگ لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد و بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی گرنگە.

گولجان کاچماز ڕایگەیاند، پێویستە تورکیا و دەوڵەتانی ناوچەکە ڕۆڵی بنیاتنەر لە سوریا بگێڕن.

هەروەها گوڵجان کاچماز جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتەکانی دژ بە کورد سوودی بۆ کۆمەڵگا نییە.

 پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، پەرەسەندنەکانی سوریای هەڵسەنگاند و ڕەخنەی لە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا و ئەو گوشارانەی حکومەتی دیمەشق دژی هێزەکانی هەسەدە گرت و وتی، "ئەمڕۆ هەڕەشەی ئەمنی جددی لەسەر گەلانی دیکەش بە تایبەت عەلەوییەکان هەیە. ڕژێمی ئەسەد نەماوە، بەڵام بەداخەوە هێشتا ڕۆحی لە دیمەشقدایە.

لەبارەی لێدوانەکانی هاکان فیدان وتی، هەڵوێستی هاکان فیدان وەزیری دەرەوە دەربارەی سوریا کە کورد لەبەرچاو ناگرێت، لەگەڵ سیاسەتی ڕاستەقینەدا ناگونجێت؛ لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هیچ وەڵامێکی نییە. بۆیە بانگەوازەکەمان ڕوونە: قسە لەگەڵ کورد بکەن و بگەنە ڕێککەوتن، چونکە سیاسەت دژی کورد سوودی بۆ هیچ کەسێک نابێت. دەوڵەتانی جیهان و زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەش ئاگاداری ئەمەن. سەرکردەکانی تورکیاش هەروەها نابێت چیتر چاویان لەمە بپۆشن”.

گولجان کاچماز ڕاشیگەیاند، لەکاتێکدا کە پڕۆسەی ئاشتی پەرەدەستێنێت، پێویستە تورکیا بەگوێرەی بەرژەوەندی کورد لە سوریا مامەڵە بکات، نەک دژی ئەوان.

 کاچماز وتیشی: ئێمە گۆڕانی ستراتیژیمان دەوێت بۆ کورد، هەروەک چۆن پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بووە، دەبێت پەیوەندی باش لەگەڵ ڕۆژئاواشدا دروست بکرێت، بەمەش پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بەهێزتر دەبێت.
ئ.ه

بەپەلە