دەبابەکانی سلێمانی و کرۆکی کێشە!

توێژینەوە و شیکاریی

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

عەبدوڵای مەلا نوری

 یەکێتی بە هەموو هێزی خۆی دەیەوێت بڕوامان لادروست بکات، کە ئەوەی کردویانە سەپاندنی یاسابووە، پیلانگێڕی هەبووە بۆ کوشتنی (سەرۆک).
ئێستاش دەیانەوێ باوەڕمان پێبهێنن کە سلێمانی ئارامە…
ئەگەر من لە چرکەساتێکدا، بە دیدو ویژدانی ئەوان بیر بکەمەوە، ئەوا واگریمانە دەکەم ئەم دێڕانەی مێدیاو وتەبێژی دەزگاکانی (یەکێتی) ڕاستن.
بەڵام هێشتا گرفتەکە قوڵترە…
ئیمیل دۆرکهایم لە پرسی تاواندا باسی ویژدانی دەستەجەمعی دەکات.
ئەو پێی وایە: هەرشتێک ئازاری ویژدانی کۆمەڵگەیدا ئەوە تاوانە.
سەرنج بدەن؛
من کە لە قوڵایی کێشەکان دەڕوانم، ئیدی قسەی ئێستای یەکێتی بە فلسێک ناکڕم، تەنانەت ئەو یەکێتیانەش کە ویژدان و عەقڵیان هەیە بە فلسێک نایکڕن.
دەبابەکانی لالەزار خودی گرفتەکە نین، بەڵکو یەکێکن لە لێکەوتەکانی دەردێکی بونیادی لە جەستەی ئەم سیستمەدا، کە ویژدانی دەستەجەمعی دەگۆڕێ بۆ ویژدانی گروپێک.
ئیدی لێرەوە ئەوە ویژدانی گروپەکەیە دیاری دەکات، چی تاوانە و چی تاوان نییە؟
تاوان خۆی چیەو لێکەوتەکانی چین؟
بۆ نمونە لای من تاوان ئەوەیە پرۆژەیەکی ستراتیجی وەک بەنداوی بێخەمە بدزیت و میللەتێک تینو بکەی.
بەڵام ویژدانی سیستمەکەی ئەوان ئەوەیە بەنداوی بێخەمە بگۆڕن بە کۆمەڵێک پۆندی بچوکی گلدانەوەی ئاو.
لای من ویژدانی دەستەجەمعی ئەوەیە سیستمێکی ئابوری دادپەروەر کار بکات و هەموان لە خێرو بێری وڵات بەهرەمەندببن.
لای ئەوان ویژدانی دەستەجەمعی ئەوەیە کەمینەیەکی سەر بە هەردوبنەماڵەکە دەوڵەمەندبن و زۆرینەیەک هەژاربن.
مرۆڤی باڵاو کارەئەکتەری ناو سیستمی ویژدانی دەستەجەمعی لای من، هەموو هاووڵاتیانە، بەڵام لای ئەوان، کەسایەتی ناو شێخەکانی تاڵەبانییەکان و بارزانییەکانە.
دەی ئیدی لێرەوە ویژدانی دەستەجەمعی ئەوان ئیشی بە خێڵ و خێڵچێتییە، ویژدانی دەستەجەمعی منیش کوژراوی دەستی خێڵ و خێڵچێتییە.
ئا لێرەوە ماڵجیایی و گوتارجیایی نێوان ئێمەو ئەوان دەردەکەوێ، ئەوان لە جوغزی مەلایی و جەلالیدا هەن بۆیە ڕوو لە خێڵن، ئێمەش لە جوغزی گەل و هاووڵاتیدا هەین بۆیە دژە خێڵین.
ئیدی لێرەوە کێشەی بونیادی ئەوەیە، ئێمە و دەسەڵات هەر لە ڕیشەوە پێناسەمان بۆ ویژدان و بەرژەوەندی گشتی جیاوازە.
لە هەمان کاتدا لێرەوە دەردە بونیادییەکەو لێکەوتەکانی دەردەکەون.
دەردە بونیادییەکە لای من ئەوەیە ئێوەی جەلالیی و مەلایی خۆتان بونیادێکی دەردەدارتان هەیە، ڕوداوەکانی سلێمانیش لێکەوتەی ئەو دەردەن.
بۆ زیاتر ڕونکردنەوەی ئەم پرسە دەمەوێ نمونەیەکی گریمانەیی باس بکەم.
سەرنج بدەن، لە وڵاتێکدا کە سوپایەکی یاسایی یەکگرتوو هەیە، ئەوا چاوەڕوانکراوە ئەفسەرێکی باڵا بتوانێت ئینقالابێک بکات و کۆی سیستمەکە بگۆڕێت.
بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا تەنانەت نێچیرڤان بارزانی، کە بە یاسا سەرۆکی باڵای کۆی هێزە چەکدارەکانە، ناتوانێت جگە لە هێزەکانی خۆی بڕیاری جوڵاندن بۆ هیچ هێزێکی تر دەربکات.
واتە نێچیرڤان بارزانی خۆشی ناتوانێ ئینقلاب بە سەر ئەو سیستمەدا بکات، کە خۆی کەسی یەکەمە تێیدا.
دەی ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ویژدانی دەستەجەمعی ئێوە بیمارە، بیمارە بە دەردی خێڵەکی بوون و ناوچەیی بوون!
دەردی خێڵەکی بوون بێخەمەیەکی زەبەلاحت بۆ دەکات بە کۆمەڵێک وردە پۆندی فاشل.
دەردی خێڵەکی بوون، سوپای یەکگرتوی نیشتیمانیت بۆ دەکات بە کۆمەڵێک گروپیی چەکداری میلیشیایی سەر بە شێخەکانی تاڵەبانییەکان و بارزانییەکان.
دەی هەر ئەم سیستمە خێڵەکییە لەسەر کاغەز نێچیرڤانت بۆ دەکات بە سەرۆکی کۆی هێزەکان، کەچی لە واقیعدا هیچ نییە جگە لە سەرۆکی حیمایەکانی خۆی!
هەر بۆیە لێکەوتەی ئەم سیستمە خێڵەکییە ئەوەیە، پێناسەشیان بۆ کێشەکان جیاوازە.
مەسەلەن ناڵێن خۆمان دزین بۆیە کێشە بۆ موچە دروست دەبێت، بەڵکو دەڵێن: عێراق موچە نانێرێت ئێوەش داوای موچە مەکەن.
واتە ئەم سیستمە خێڵەکییە لە دەستنیشانکردنی کێشەدا، هەمیشە لێکەوتەی کێشەکان بە سەنتەر وەردەگرێت، بەڵام هۆکار و سەرچاوەی کێشەکان دەشارێتەوە.
هەر لەم سۆنگەیەوە بە دوری مەزانن بە ناوی قەرزاربوونی شاسوارەوە چاڤیلاند بفرۆشن بە کۆمپانیایەکی شێخێکی بارزانی یان تاڵەبانی.
ئاخر وەک لە سەرەوە باسمان کرد ویژدانی دەستەجەمعی ئەوان مافی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند وەک بەشێک لە ڕیشەی کێشەکە نابینی، بەڵکو تەنها ئەوە دەبینێ چۆن لەناو ئەم فەوزا خەلاقەی خۆیاندا، بە ناوی قەرزی حکومەتەوە دەستبەسەر چاڤیلاندا بگرن و بەرژەوەندییەکی گەورە بۆ کۆمپانیایەکی خۆیان دەستەبەر بکەن.
ئا لێرەوە ئیدی دەمەوێ بە وتەبێژی دادگا و ئاسایش و مێدیاکارانی ماڵی مام بڵێم:
بەڕێزینە چیمان بۆ باس دەکەن، دەتانەوێ قەناعەت بە کێ بکەن؟
ئاخر ئێوە خۆ دادوەر و وتەبێژ و مێدیاکاری سەر بە ویژدانی دەستەجەمعی نین، وەک ئەوەی ئیمیل دۆرکهایم گوتویەتی.
بەڵکو ئەوە ویژدانی شێخەکانی تاڵەبانی و بارزانییەکان بەکرێ ئێوە تەوزیف دەکەن.
هەر بۆیە ئێوە خۆتان بەدبەختن، داماو و قوڕبەسەرن، خۆتان لێکەوتەی کێشەن.
واتە وەک چۆن لە دیدی ئێوەوە لالەزار خانەیەکی شێرپەنجەیی بو لە جەستەی سلێمانیدا، ئەوا لە دیدی ئێمەشەوە ئێوە و سەرۆکەکەتان، حکومەتەکەتان، هەم دیس خانەی شێرپەنجەیین.
کەواتە با شاسوار و لاهوریش تاوانباربن، بەڵام لەناو سیستمێکدا، کە کێشەی بونیادی هەیە، تۆ هەرچەند ئیدیعای دادپەروەری بکەی سودی نییە.
چونکو سەرچاوەکانی دەردە ئەسڵەکە، وەک خۆیان دەمێننەوە.
ئیدی تۆی وتەبێژی دەزگا حزبیە-ئەمنیەکان هەزار و یەک شێرو ڕێویم بۆ بکەن سودی نییە، هەزارو یەک بەڵگەم لەسەر تۆمەتباران بۆ باس بکەن سودی نییە.
چونکە قسەی تۆ لەسەر توێکڵ و ڕوکارە، بەڵام من قوڵایی و مێژو و ناخی دەرد و کێشەکە دەبینم.
تەنانەت تێگەشتنم بۆ ئەو ئەرکە هەیە کە بە تۆ سپێردراوە، درۆ بکە درۆ بکە تا بڕوات پێدەکەن.
زۆر جار برادەرانی پارتی دەپرسن بۆ هەرکە باسی یەکێتی دەکەن باسی پارتیش دەکەن؟
بەڕێزینە وەڵامەکە ڕوونە، چوونکو یەکێتی بۆیە هەیە تا پارتی هەبێ، پارتی بۆیە هەیە تا یەکێتی هەبێ، هەردوکیان هەن، تا کورد هیچ نەبێ! هەردوکیان هەن تا داگیرکەر لە پاسیڤی مرۆڤی کورد دڵنیابێت!
دەبابەکانی سلێمانی، شەڕی سیستم و یاساسەروەری نییە، بەڵکو دیوی دوومی سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتووە لە بادینان.
سەرئەنجام؛ پێمخۆشە بە قسەکەرەکانی یەکێتی بڵێم: نەک هەر سلێمانی، بەڵکو کوردستان ئارام نییە، تەنانەت ئێوە و منداڵەکانیشتان لە مەترسیدان، چونکو سیستمەکەتان دەردە لە جەستەی کۆمەڵگەدا، وەک دومەڵ وان، هەر جارەو لە شوێنێکی جەستەی ئەم گەلەدا سەر دەردەهێنن.
هەموو جارێک بە تەقینی دومەڵێکتان، بەشێک لە جەستەی ئەم گەلە داغان دەکەن.
جا هەر لەبەر ئەوەی بونیادی ئێوەی دەسەڵاتخوازی خێڵەکی کێشەدارە، تەنها کاتێک دەگەین بە قۆناغی سفر کێشە کە ئێوە نەمێنن، یان موعجیزەیەک ڕوبدات و خۆتان لە ئەخلاق و عەقڵیەتی ئێستاتان بتەکێنن.
راستیتان دەوێ ئەوەی من نیگەران دەکات دۆخی سەرکەوتن و شکستی سەرانی کێشەکان نین، بەڵکو ئەو گەنجە داماوانەن کە ڕوتکرانەوەو سوتان و کوژران، ئەو گەنجە داماوانەن کە ئەشێ بەشەق لەسەر شاشەکانەوە بدوێنرێن.
بەڵام سەرئەنجام ئەوە کێشە بونیادییەکەیە دەیانکات بە قوربانی و خۆشیان پێی نازانن.