شارپرێس:
ڕێکخەری
ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم ڕایدەگەێنێت "بەشێک لە خۆپیشاندەران لە
هەولێر هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندێکی پۆلیس".
ئەمڕۆ سێشەممە دیندار
زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی چەند
ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا ڕایگەیاندوە "دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی
مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران کردووە، بۆئەوەی خۆپیشاندانەکە لە مەبەستی سەرەکی
خۆی دوورنەکەوێتەوە".
دیندار زێباری
ئاماژەی بەوەداوە "لەو خۆپیشاندانەدا چەند لایەنێکی سیاسی هەوڵیانداوە سوود
لە داوا ڕەواکانی خەڵک بە گشتی و بەتایبەتی چینی مامۆستایان وەربگرن و خۆپیشاندانی
مامۆستایان بە لاڕێدا ببەن بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان".
ڕێکخەری
ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم دەبارەی هێرش و پەلاماری هێزە ئەمنییەکانیش وتویەتی
"ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و
دراونەتە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە، خودی
خۆپیشاندانەکەش مۆڵەتی یاسایی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی
حکومەتی هەرێم ئامادەن بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران
ئەنجامدرابێت".
زێباری وتوشیەتی
"لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە کە بە یاسای
(ڕێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (١١)ی ساڵى (٢٠١٠) ناسراوە، بەپێى ئەم یاسایە
خۆپیشاندان مافێکى یاسایى و دەستوورییە، بۆیە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمى کوردستان
ئەنجامبدرێت، پێویستە مۆڵەت وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی".
ئەو وتانەی دیندار
زێباری لە کاتێکدایە، دەیان وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی هێرش و پەلاماری هێزە ئەمنییەکان
و دەستگیرکردنی سەدان خۆپیشاندەر دەردەخەن، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی سێ ڕۆژی
رابردووی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە هەولێر و دهۆک و ئامێدی و سۆران و شیلادزێ
و ئاکرێ.
هـ ـ ر