نێرو مێی‌ تێدایە.. گرووپی تاكسی بەسرە دەیەوێت كاری خۆبەشی بژێنێتەوە

عیراق

28/07/2018‌ 870 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەبەسرە گروپێك پێكهاتووە بەشێوەیەكی‌ خۆبەخشانە شەقامەكان چاكدەكەنەوەو رۆشنبیری‌ هاتوچۆ بڵاودەكەنەوەو هاوكاریی ئەو كەسانە دەكەن كە لەرێ‌و بانەكان پەكیان دەكەوێت.

ئۆتۆمبێلەكانیان بەو دروشمە جیاوازەكانیانەوە سەرنجڕاكێشن، هەموو رۆژانێكی هەینی كۆتایی هەفتەش ئەندامانی گرووپی "یەكێتیی تاكسی بەسرە" لە ناوچەی دیاریكراو كۆدەبنەوە بۆ راوێژكردن‌و ناساندنی ئەندامانی نوێ‌و رێككەوتن لەسەر چالاكییە خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەكانیان‌و گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو پێشنیارانەی شیاوی جێبەجێكردنن لە شارەكەیاندا.

گرووپەكە بانگەوازی فریاكەوتنی لەو شۆفێر‌و گەشتیارانەوە پێدەگات كە ئۆتۆمبیلەكانیان لەسەر رێگا دەرەكییەكان پەكیان دەكەوێت‌و ئەمانیش بەهانایانەوە دەچن، وەك ئەو گەشتیارەی لە دووری (40 كم) لە ناوەندی شارەوە ئۆتۆمبێلەكەی پەكی كەوت‌و حەوت ئەندامی گرووپەكە بە ئۆتۆمبێلەكانیانەوە بەهانایەوە چوون‌و لەگەڵ خێزانەكەیدا گواسترایەوە‌و ئۆتۆمبێلەكەشی چاككرا.

حسێن عیدانی (28 ساڵ) لێپرسراوی گرووپەكە باس لەوە دەكات كە یەكێتییەكەیان نزیكەی سێ ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە‌و ئامانجی ژیاندنەوەی گیانی هاوكارییە لەنێو گەنجانی پارێزگاكە‌و ژمارەی ئەندامانیشیان گەیشتووەتە (39) هەزار ئەندام.

وتیشی: "ئێمە لە پەیوەندیداین‌و گفتوگۆ لەبارەی چالاكییەكانمانەوە دەكەین كە بریتین لە دابەشكردنی ئەو بڵاوكراوانەی هانی هاوكاری دەدەن لەگەڵ ئەو بابەتە رۆشنبیریانەی پەیوەندیان بە رەوشت‌و هەڵسوكەوتی چاك‌و یارمەتیدانی كەسانی دیكەوە هەیە".

دووپاتیشی دەكاتەوە "چەند كارێك ئەنجام دەدەین لەوانە پینەكردنی بەشێك لەو شەقامانەی چاڵ‌وچۆڵییان تێدەكەوێت‌و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست دەكەن ئەویش بە بەكارهێنانی قیری بەكارهاتوو یاخود كڕینی كەلوپەلەكان لەسەر حسابی تایبەتی خۆمان، هەروەها دەستمان كردووە بە دابەشكردنی كیسی بچووك بەسەر شۆفێری تاكسی‌و ئۆتۆمبێلەكانی كرێدا تا سەرنشینان هانبدەن زبڵ‌و خاشاكی تێبكەن‌و لە رێگاكاندا فڕێی نەدەن".

موستەفا بارس گەنجێكی تەمەن بیست ساڵانە‌و سەربازی سوپایە‌و سەرپەرشتیاری گرووپەكەیە، ئەو دەڵێت ئەندامانی یەكێتی تاكسی بەسرە بوونەتە خێزانە گەورەكەی‌و شارەزایی تایبەتی هاوڕێكانی شتی زۆری پێ بەخشیوە.

موستەفا بۆ "نیقاش"ی دووپات كردەوە كە گرووپەكە "تایبەت نییە بە توێژێكی دیاریكراوی شۆفێران، چونكە هەموو كەسێك‌و لە هەموو ئاستەكان لەخۆدەگرێت، شۆفێرانی بارهەڵگر‌و تانكەر‌و پاسی گواستنەوەی هاووڵاتیان‌و ئۆتۆمبێلی شارەوانی‌و ئەهلی‌و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی هێڵی دەرەكی‌و ماتۆڕسكیل، هەروەها فیتەری ئۆتۆمبێل‌و خاوەن پیشە‌و ئەندازیار‌و فەرمانبەر‌و پزیشك‌و ئەو كەسانەش لەخۆدەگرێت كە ئەركی راگەیاندنی رووداوەكان دەگرنە ئەستۆ".

بارس بەڕێوەبردنی گرووپەكە بە كارێكی ئاسان نازانێت، بەڵام هەوڵی لێبڕوانە لەوبارەیەوە دەدەن‌و دەڵێت: "هەوڵ دەدەین وا لە ئەندامانی گرووپەكە بكەین پابەندی رێنماییەكان بن كە ئەوەش كارێكی ئاسان نییە، چونكە رەنگە هەندێك لە گەنجان ئەندامێتییان بقۆزنەوە بۆ زیانگەیاندن بە گیانی یەك تیمی، بەڵام ئێمە چاودێری هەڵسوكەوتی هەمووان دەكەین‌و لەو ڕووەوە نەرمی نانوێنین".

بەڵام گرووپەكە هەمیشە لەلایەن هەمووانەوە ستایش ناكرێن، چونكە رێدەكەوێت كەسێك توڕەیی خۆی بەسەریاندا بڕژێنێت، لەوبارەیەشەوە بارس بە پێكەنینەوە دەڵێت: "خەریكی پینەكردنی شەقامێك بووین كە شوفێرێك بەبێ هۆ بە وشەی ناشیرین هێرشی كردە سەرمان تەنیا لەبەرئەوەی پێیوابوو كارەكەمان ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست دەكات. ئەو شۆفێرە زۆر هەڵچووبوو، بەڵام ئێمە لە هەڵچوونەكەی تێگەیشتین‌و بە شێوازیكی جوان وەڵاممان دایەوە. لەبەرئەوە ناكرێت هەمووان رازی بكەین تەنانەت ئەگەر كارەكەشمان بۆ بەرژەوەندی هەمووان بێت".

عەلی یوسف كە خۆبەخشێكی بواری مرۆییە پێیوایە زیاتر لە (45) گرووپ‌و كەمپینی خۆبەخشی لە بەسرەدا هەن، ئەمە جگە لە هەڵمەتی دیكە لە قەزا‌و ناحیەكان كە چالاكییەكانیان لە پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی رانەگەیاندووە.

عەلی لەو بارەیەوە بە "نیقاش"ی وت: "تێبینیمان كردووە بێكاری‌و ماددەی هۆشبەر‌و ئاڕاستەی خراپ لە نێو توێژی گەنجان‌و هەرزەكاراندا تاڕادەیەكی زۆر بەربڵاوە، بۆیە ئەگەر پاڵنەری ئەو  خۆبەخشەی دێتە نێو ئەم گرووپانە شەخسی یان مرۆیی یان ئاینی یان نیشتمانی بێت یاخود بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی بێت، ئەوا كارێكە سەرەتا دەچێتە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتییەوە، هەروەك لە هەڵخلیسكانی بۆ كاری خراپ بەدووری دەكات. مەبەستی چالاكی گەنجان لە كاراكردنی كاری خۆبەخشانەدایە".

هەروەها وتی: "لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەو كەسانە هێشتا كەمە، چونكە ئەو هاوكاریكردن‌و چوونە سەرشەقامەی بەدیدەكرێت هەندێك جار تەنیا ژمارەیەكی كەمی خۆبەخشان دەگرێتەوە، پێموایە كێشەكە لە نەبوونی پشتیوانی دەوڵەتدایە بۆ هەڵمەتەكانی خۆبەخشی. تەنیا گرووپە پشتیوانیكراوەكان نەبن كە سیفەتی رەسمییان هەیە وەكو گرووپی وەزارەتی لاوان‌و وەرزش‌و گرووپەكانی دیكەی سەر بە حزبەكان، بەڵام چوونە نێو ئەو گرووپانە بەپێی گوێڕایەڵی بۆ رێنماییەكانیان دەبێت".

عەلی باقر موسەوی گەنجێكی تەمەن 28 ساڵانە‌و دەرچووی كۆلیجی هونەرە جوانەكانە، ئەو خۆی لە نێو گرووپەكەدا بینیوەتەوە لە چوارچێوەیەك لە هاوكاری‌و خۆشەویستی‌و خواستی یارمەتیدانی كەسانی دیكە، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: "گرووپەكە بۆچوونەكانمی سەبارەت بە یارمەتیدانی خەڵك رێكخستووە، تا هاوبەشی هاوڕێكانم بكەم لە كارێكی بەسووددا‌و ئەوەش لەبیر نەكەم كە یارمەتی كەسانێك بدەم كە نایانناسام، ئەندامێتیم لە گرووپەكەدا دەرفەتێكی نایابە بۆ درككردن بە قەبارەی هاوكاری بەكۆمەڵ‌و كاریگەرییە درەوونییە ئەرێنییە گەورەكەی، هەروەك هەستی خۆشەویستی وڵات‌و شوێنەكەشت پێدەبەخشێت سەرەڕای هەموو بارودۆخێك".

ئەو بە "نیقاش"ی وت: "من شارەزاییم لە چاككردنی هەموو بەشەكانی ئۆتۆمبێلەكەمدا هەیە كە ئەوەش زۆرێك لە شۆفێران نایزانن، بۆیە كاری بێبەرامبەرم پێشكەشی ئەو كەسانە كردووە كە لەو بوارەدا رووبەڕووی كێشە بوونەتەوە".

لەسایەی بارودۆخی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی گرژ‌و ئاڵۆزدا هێشتنەوەی گیانی یەك تیمی كارێكی سەختە، بەڵام باقر دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان زۆر دوورن لەو پەشوبڵاوییە‌و دەڵێت: "هەرگیز پێویستمان بە ناونیشانی تایفی یاخود ئاینی نییە، ئەمەش پابەندبوونێكە لە نێو مەرجەكانی گرووپەكەدا. ئێمە پێمان وایە تایفەگەری‌و حزبایەتی زیانیان بە عێراق گەیاندووە، هەوڵ دەدەین لەو كاریگەریانە بەدووربین ئەویش لەڕێی پێشكەشكردنی كاری بێ بەرامبەرەوە، دەمانەوێت دڵی عێراقی یەكگرتوو بەدەستبهێنینەوە".

یەكێتیی تاكسی بەسرە شۆفێرانی رەگەزی مێش لەخۆدەگرێت وەك حسێن عیدانی سەرۆكی گرووپەكە دووپاتی دەكاتەوە‌و دەڵێت: "هەندێك شۆفێری ژن هاتوونەتە نێو گرووپەكەوە‌و ئۆتۆمبێلەكانیان دروشمی یەكێتییەكەیان بەسەرەوەیە‌و بەشداریشیان لەو رێپێوانانەدا كردووە كە بەبۆنەی ئازادكردنی موسڵ رێكمانخستن هەروەها بەشداری چالاكی دیكەش بوون، هەروەك بەشێك لە ئامانجەكانمان خۆی لە هاندانی شۆفێراندا دەبینێتەوە بۆئەوەی كاری خراپ بەرامبەر شۆفێرە ژنەكان نەكەن‌و لە شەقامەكاندا هەراسانیان نەكەن‌و بە مەردایەتی هەڵسوكەوت بكەن".

چالاكییەكانی گرووپەكە تەنیا لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بێبەرامبەردا چڕ نابنەوە، چونكە لایەنێكی كاتبەسەربردنیشی تێدایە كە خۆی لە رێكخستنی گەشتی پشوودان بۆ ئەندامانی گرووپەكە‌و خێزانەكانیان دەبینێتەوە بۆ ناوچەكانی حوتە‌و جبایش لە ناسریە یان ناوچەی گەشتیاری دیكە.