كورد لەهەوڵی سەربەخۆیی بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی

کوردستان

16/10/2018‌ 64099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
راپۆرت: هونەر حەمەڕەشید
بەشێكی زۆر لەسەركردایەتی كورد ساڵی رابردوو ئەم كاتانە خەونی راگەیاندنی سەربەخۆیی-یان دەبینی، دوای ئەوەی لە 25ی ئەیلوولی 2017 پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان‌و جیابوونەوەیان لەعێراق بەسەركەوتوویی ئەنجامدا.

دوای ساڵێك لەوادەی خەوبینین بەسەربەخۆیی هەرێمی كوردستان‌و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، ئێستا كورد لەدۆخێكدایە، ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت، ئەو دۆخە هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی، ئەوەش بەهۆی ململانێی حیزبییەكان لەسەر ئەو پۆستانەی پشكی كوردن لەعێراق، بەتایبەتی ململانێكانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی.

سەردەمی دوو ئیدارەیی لەهەرێمی كوردستان، كە ئیدارەی سلێمانی‌و هەولێر هەبوو، بەهۆی ئەو ململانێیانە دروست بوو لەهەرێمی كوردستان، كە لەنێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەسەر دەسەڵاتەكان لەنەوەدەكانی سەدەی رابردوو هەیانبوو، كە چەند ساڵێك بەردەوامی هەبوو، تەنانەت شەڕی ناوخۆشی لێكەوتەوە.

ململانێی ئەم دواییەی پارتی‌و یەكێتی بەتایبەتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دروست بووەو ئێستاش كاردانەوەكانی بەردەوامە، كە بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە لەئاستی باڵاو كەسی یەكەمیان "بێ‌ باكی" خۆیان راگەیاندووە لەگەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی‌و بەئاشكرا ئەو هەڕەشەیان لەیەكتری كردووە.

رێبوار كەریم وەلی ، یەكێك لەرۆژنامەنووسەكانی هەرێم، كە نزیكە لەسەركردایەتی پارتی، بەم دوایانە لەگەڵ عارف قوربانی رۆژنامەنووس سەردانی مەسعود بارزانی-یان كردووەو مەترسی گەڕانەوەی هەرێمی كوردستان-یان بۆ دوو ئیدارەیی پێگەیاندووە.

ڕێبوار كەریم وەلی لەو بارەوە دەڵێت: لەسەردانەكەمان بۆ لای مەسعود بارزانی، "وتمان كاك مەسعود ئەم لێكترازانەی پارتی‌و یەكێتی دوو ئیدارەیی لێدەكەوێتەوە، ئەو وتی با ببێت".

هەروەها دەڵێت، قسەیەكی بارزانی لەسەر ئەگەری بوونی كاندیدەكەی یەكێتی بە سەرۆك كۆماری عێراق ئەوە بووە، "ئەگەر بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆكی عێراق، ڕێگەی پێنادات پێبنێتە هەولێرەوە".  

ئەو رۆژنامەنووسەی سەر بەپارتی سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت، لەوەی مەسعود بارزانی‌و تەنانەت پارتی-یش پێشتر هیچ خواستێك-یان بۆ وەرگرتنی پۆست لەعێراق، بەتایبەتی پۆستی سەرۆك كۆمار نەبووە، بەڵام لەناكاو ئەو خواستە پێچەوانە بووەتەوەو بارزانی سووربووە لەوەی دەبێت لەم خولە ئەو پۆستە بۆ كاندیدەكەی حیزبەكەی بێت.

ململانێی پۆستی سەرۆك كۆمار رۆژی 2ی ئەم مانگە لەپەرلەمانی عێراق یەكلابووەوە، كە ئەنجامەكەی بەشێوەیەك بوو، كاندیدەكەی یەكێتی (بەرهەم ساڵح) لەكاندیدەكەی پارتی (فوئاد حوسێن)ی بردەوەو ئێستا ئەوەی یەكەم سەرۆك كۆمارە.

شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەوەی زانیوە، پارتی‌و خودی مەسعود بارزانی-یش دوای ئەوە خواست-یان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دروستبووە، كە یەكێتی نیشتمانی بەفەرمی بەرهەم ساڵح-ی بۆ پۆستەكە كاندید كردووە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، بارزانی لەئاستی ناوخۆیی هەرێم‌و تەنانەت ئاستی عێراق‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی هەموو هەوڵێكی داوە، بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح نەبێتە سەرۆك كۆماری داهاتوو، بەڵام لەهەوڵەكانی سەركەوتوو نەبووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە بەسەرنەكەوتنی مەسعود بارزانی لەمانۆڕەكەی سیاسییەكەی لەدژی بەرهەم ساڵح، ناوبراو زۆر نیگەران بووەو نیگەرانییەكانیشی بەردەوامە، هەر بەو هۆیەشەوە هەڕەشەی ئەوەی كردووە، مامەڵە لەگەڵ سەرۆك كۆماری نوێی عێراق ناكەن‌و رێگەی پێنادەن بچێتە شاری هەولێر.

ئێستا ململانێكەی پارتی‌و یەكێتی تەنیا لەچوارچێوەی پۆستی سەرۆك كۆمار نەماوەو كەوتوونەتە ململانێیەكی تر بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، كە هەردوو حیزب چاو-یان لەوەیە كاندید بۆ ئەو پۆستە لەئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك پێشكەش بكەن.

پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی كوردەو پێشتر لەلای نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، بەڵام بەهۆی كاردانەوەكانی ریفراندۆم‌و لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو لەپۆستەكەی دوورخرایەوە.

یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە پشكی خۆیەتی، بەو پێیەی هێزی یەكەمە لەپارێزگاكە، لەبەرانبەردا پارتی ئەوە رەتدەكاتەوەو بەنیازە پۆستەكە وەربگرێت، كە رەنگە ململانێی ئەو پۆستە پەیوەندییەكانی هەردوو حیزب بەرێتە قۆناغێكی ئاڵۆزترو كارایەكی تری یاریدەربێت، هەڕەشەكانی گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی ببێتە ئەمری واقیع.