چیتر "سەری رەش" دوا فلتەری دیاریكردنی كاراكتەرە كوردەكان بۆ پۆستە باڵاكانی عێراق نییە

عیراق

18/10/2018‌ 18122 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
راپۆرتی شیكاری
ئەو ئێشەی بەر پارتی دیموكرات‌و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە كەوت لەهەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆماری عێراق پەیوەندی راستەوخۆی بەوەوە هەیە، كە كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بە رێگای پیرمامدا تێپەڕ نەبوو، چونكە چیتر سەری رەش دوا فلتەری دیاریكردنی كاراكتەرە كوردەكان بۆ پۆستە باڵاكانی عێراق نییە، بۆیە هەر ئەوەشە وایكردوە پارتی وەك بریندارێك بەدوای كاردانەوەو تۆڵەكردنەوەدا بگەڕێت.

پارتی بەرگەی ئازاری یەكەم شكستی‌و دۆڕاندنی خۆی نەگرت، كە نەك هەر پیرۆزبایی لەسەرۆك كۆماری نوێی عێراق نەكرد، بەڵكو رایگەیاند، لەهیچ بۆنەیەكدا پێشوازی لەسەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو نەكەن‌و رازینابن پێ بخاتە هەولێرەوە، هەموو ئەمانەش لەكاتێكدایە، كە پارتی زۆر جار بەرهەم ساڵحی وەك سیاسییەكی میانڕەو بەدۆستی خۆی زانیوە.

بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، رۆژی 2ی ئەم مانگە لەپەرلەانەوە هەڵبژێرا، كە ركابەرەكەی فوئاد حوسێن كاندیدی پارتی بوو.

زۆرجار بەشێك لەنووسەران‌و رۆژنامەنووسان تەنانەت بەشێك لەكەسایەتییە سیاسییەكانی خودی یەكێتی و حیزبەكانی تر لە نووسین و موناسەباتی جیاجیادا باسیان لەوە دەكرد ، بەرهەم ساڵح بە ئەندازەیەك لە پارتی نزیكە بەگومانەوە لەو نزیكایەتییانە دەڕوانی تا ئاستی پارتی بوونیش تۆمەتباریان دەكرد، بەڵام پارتی بەو دژایەتییەی بەرانبەر بەرهەم ساڵح نەك ئەو گومان و تۆمەتانەی بەتاڵكردەوە خەریكە وەك پاڵەوانی ململانێیەتی جەنگی ئارام دەیناسێنێت.

ئەوەی تائێستا وەك گومان ماوەتەوە ئەوەیە كەس نەیزانی ئەو هەموو دژایەتییەی پارتی بەرانبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن بەرهەم ساڵح لەپای چی؟ چونكە دواجار پارتی ئامادەیی نیشاندا هەركەسێكی تر دادەنرێت كێشەی نییە تەنیا ئەو نەبێـت، ئەم ئۆفەرە ئەوانەشی دەگرتەوە، كە پێشتر زۆر پێیان قەڵس بوو.

پارتی، كە شكستی هێنا لە دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار ماكینییەكی راگەیاندنی لە دژی سەرۆك كۆمار خستەگەڕ بەمیدیا سێبەرەكانیشەوە هانیدان راستەوخۆ ئەو گوتارو بۆچوونانە بگوێزنەوە، كە پڕ بوون لەدژایەتی بۆ كاندیدەكەی یەكێتی، كاتێكیش پۆستەكە درا بە بەرهەم ساڵح لەسەر ئاستی باڵای پارتی نیچیرڤان بارزانی بەراستەوخۆ هێرشی توندی كردە سەر بەرهەم ساڵح‌و بەكەسێكی "بێ وەفا"ی دایە قەڵەم و پۆستی سەرۆك كۆماریشی بە "بێقیمەت" وەسفكرد.

پارتی لەم جەنگەی هەرچی توانای سیاسی‌و دبلۆماسییەی لەدەرەوەو ناوەوە هەیەتی لەبەغدا خستیەیگەر لەدژی بەرهەم ساڵح، جگە لەوەش لەرێگەی كەسە نزیكەكانی خۆی لەناو یەكێتی هەوڵیدا بەرەیەك لەدژی بەرهەم ساڵح دروستبكات، بۆ ئەوەش داوای لەو كەسانە كرد بەناوی یەكێتییەوە نامە بۆ بەرپرسانی شیعەو سوننە بنرێن، كە بەرهەم ساڵح كاندیدی هەموو یەكێتی نییەو نیوەی پەرلەمانتارەكانیشیان دەنگی پێنادەن، بەڵام پارتی لەمەشیاندا شكستیخوارد، كاتێك هەموو رێگەكان بەڕووی پارتیدا داخران، ئینجا ناچار بوو پەنا بۆ گروپێكی ناو یەكێتی بەرێت ، كە ئەو بە "خیانەتكاری 16"ی ئۆكتۆبەریان دەزانێت و ئامادە بوو لەگەڵیاندا رێكبكەوێت، ئەو تەنازولەش تەنیا بۆ ئەوە بوو یەكێـی كاندیدەكەیان بگۆڕن بەكەسێكی تر، یان پاشەكشەی پێبكەن.

ئێستا چەند پرسیارێك لەلای ناوەندی سیاسی‌و رۆشنبیری و ناو شەقامی كوردیشدا بێوەڵام ماوەتەوە، كە ئەوانیش ئەوەیە پارتی بۆچی ئەو هەموو دژایەتییەی بەرهەم ساڵحی كرد، تا پۆستی سەرۆك كۆمار وەرنەگرێت؟ ئایا چ هۆكارێك بوو وایكرد، پارتی هەموو هێزی سیاسی و دارایی خۆی بەكاربهێنێت تا ئەو نەچێتە سەر كورسی سەرۆك كۆمار؟ ئەی ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار لای پارتی "قیمەت"ی نییە، وەك ئەوەی نێچیرڤان بارزانی دەیڵێت، كەواتە ئەو هەموو شەڕەی لەبەرچی، ئەگەر لەبەر پۆستەكە نەبوو كەواتە لەبەر چی تا ئاستی تێكدانی دۆخی سیاسی لەهەرێم و عێراق هەرەشەی كرد.

كەركوك شەڕی دووەمی پارتی‌و یەكێتی
ئێستا پارتی بەكاتی تۆڵەكردنەوەی دەزانێت و دەیەوێت لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا، تۆڵە لەیەكێتی ئەو سەركردانەی ناو یەكێـتی بكاتەوە ، كە هاوكاری بوون لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماردا، هەندێك ناو بڵوك لیست كراون‌و وابریارە رێگەیان پێنەدرێت بەشداری كابینەی تازە بكەن، بەڵام هەرچی یەكێتییە، پێەوانەی رابرودوی نزیكیان، ئێستا گوێی بەو نیگەرانی و هەڕەشانەی پارتی نادەن‌و خەریكی خۆشكردنی گێمێكی تری بەریەككەوتن لە بەغدادو كەركوك..

یەكێتی دوای جەولەیەكی سیاسی‌و دیبلۆماسی لە بەغدا، كە توانی كاندیدەكەی خۆی لەناو هاوكێشەیەكی ئاڵۆزی سیاسیدا لەناو پەرلەماندا دەرچوێنێت، ئێستا سەرقاڵی یەكلاییكردنەوەی پۆستێكی دیكەیە، كە رەنگە هیچی وای كەمتر نەبێت لە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ ئەو حیزبە، ئەویش پۆستی پارێزگاری كەركوكە، بەڵام دیسان لەو پڕۆسەیەشدا پارتی لەبەردەمیدا وەستاوە، كە بۆ یەكلایكردنەوەی پێویستی بەراكێشانی دەنگی نەیارەكانیان دەبێت لەئەنجووومەنی پارێزگای كەركوك.

رۆژنامەنووسێكی نزیك لەپارتی، كە رۆڵی نێوەندیگری گێڕاوە توڕەیی بارزانی لەوكاتانەدا ئاشكرادەكات، كە یەكێتی بەبێ‌ فلتەری پیرمام كاندیدەكەی داناوە، ئەو رۆژنامەنووسە لەمیدیاكانەوە ئاشكرایكردووەو دەڵێت، بارزانی ئامادەیی نیشانداوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك تا ڕادەی دوو ئیدارەیی لەگەڵ یەكێتیدا بڕوات، ئێستا پارتی دەیەوێت شكستەكەی بەغدای بەپۆستی پارێزگاری كەركوك قەربوو بكاتەوە، كە یەكێتی-یش پێداگری بەكردەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەش نیشانداوە.

پێدەچێت ئەمجارە پارتی بۆ شەڕی پۆستی پارێزگاری كەركوك باشتر خۆی ئامادەكردبێت بەو پێیەی رۆژانە بەرپرسانی پارتی دەستیان بەهەڵمەتێكی  لێدوان و دژایەتی یەكێتی كردووەو میدیاكانی ئەو حیزبەشیان بۆ خستووەتەگەڕ،  بەتایبەتی پرسی 16ی ئۆكتۆبەر بەگەرمی دەوروژێنرێت‌و زمانی شەری ناوخۆ خەریكە زیندوودەبێتەوە، ئەوەش بەهانەیەكی باشە، كە لە ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەردا پارتی تیرەكانی خۆی بەئاراستەی یەكێتی بهاویژێت. 

بەشێك لەم هەڵمەتە دیارە بەشێكی بۆ ئەوەیە كەركوكییەكان بخاتە سەر ئەو بڕوایەی، كە یەكێتی خیانەتی كردووەو چیتر ناتوانت پارێزگاریتان لێبكات، بەشەكەی تریشی پەرچەكرداری سەرنەكەوتنیەتی لە پۆستی سەرۆككۆمار لە بەغداد.

پێشتر لەسەر ئەو پۆستانەو پێكەوە بوونی كورد لەبەغدا، چەندین دانیشتن‌و گفتوگۆی جیاجیا لەنێوان بەرپرسانی ئێران و ئەمریكا و پارتی و یەكێتی كراوە، بەڵام هەموو نێوەندگیرییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە لەنێوان یەكیتی و پارتی سەركەوتوو نەبووبن.

پارتی توڕەیەو یەكیتیش بێ باكە
هەندێك لەچاودێرانی سیاسی پێیانوابوو پارتی، تا دوا هەناسە لەسەر توڕەییەكەی خۆی بەردەم دەبێت، بەڵام لەناو پارتیدا كەسانێك هەن ئێستا لەهەوڵی خاوكردننەوەی دۆخەكەن و لەمەترسیەكانی ئەم ئاڵۆزیە تێدەگەن، ئەم خاوبوونەوەیەی پارتی بەشێكی پەیوەستە بەوەی كە دەزانێت، ناتوانێت تاسەر خۆی لە بازنەی عێراق دوربخاتەوە، هەر بۆیە زوو لەو بریارەی پاشگەز بووە كە بەشداری عەمەلییەی سیاسی ناكات لەعێراق، لەلایەكی تریشەوە تازە پۆستی سەرۆككۆمار بوەتە ئەمری واقیع، ئەمە جگەلەوەی دەزانێت لە هەرێمی كوردستانیش بەبێ یەكێتی ناتوانێت بەتەنیا حكومەت پێكبهێَنیت، ئەگەر هەر سەد كورسیەكەی پەرلەمانیشی هەبێت، حوكمی حكومەتەكەی تا ئەو دیو دێگەڵە دەبێت.

ئەو واقیعە ناشرین و تاڵەی ئێستا لە هەرێمدا هەیە، پارتی و یەكیتی خۆیان دروستیان كردوە، ماڵۆچكەی حوكمرانی دوو قاچی سەرەكی هەیە كە ئەویش پارتی و یەكێتین،  هەر ئەم رێككەوتن و بێ‌ باكییەش بوو وایكرد لە كابینەی پێشوو لەكاتێكی هەستیاری وەك شەری داعش، پەرلەمان بۆماوەیەكی دیار پەكبخرێت و وەزیرەكانی گۆران بنێرێتەوە ماڵەوە كە وەزیری پێشمەرگەش لەگۆران بوو، ئەوان باش لەو واقیعە تێگەیشتوون، بێ یەكتری حكومەتێك بوونی نابێت، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لەئێستاشدا ئەم واقیعە تۆختر بووەتەوە، كە دابەش بوون و لاواز بوونی لایەنەكانی تری دەرەوەی دەسەڵات هێزی زیاتری بەوان بەخشیوە، ئەوان تەنها ئەتوانن برخویەك بن لەمەكینە گەورەكەی پارتی و یەكێتی، بۆیە پەتی تورەییەكانی پارتی كورت دەبێت، بێ‌ باكی یەكێتیش درێژ دەبێتەوە بۆ ئەو بەرپرسیارێتیەی كە بارزانی خستویەتیە سەرشانی خۆیی و بانگەشەی سەربەخۆیی و سەركردایەتی هەموو كورد دەكات، بۆیە ناكرێ لەئێستادا بارزانی كە قسەی یەكەم و كۆتایی پارتی لای ئەوە، بەوە رازی بێـت لەدواین قۆناغی ژیانی سیاسی خۆی بەوە رازی بێت ئەم هەرێمەش لەسەر دەستی خۆی هەڵبوەشێنێتەوەو دوولەتی بكات.

مەترسیەكانی دوو ئیدارەیی
 پێش ساڵانی 2003 لە سەردەمی حوكمڕانی رژێمی بەعسدا دوو حكومەت و ئیدارە لە هەرێمی كوردستاندا هەبوو، رۆژنامەكانی بەعس بەوێنەكانی سەددامەوە رێگە پێدراوبوون لە سلێمانی و هەولێر بەئاشكرا لەسەر شەقامەكان دابنرێن و بفرۆشرێن، بەڵام كوردستانی نوێی و لەهەولێرو خەبات لەسلێمانی وەك دوو زمانحاڵی ئەو دوو  حزبە قاچاخ كرابوون.
 
دوو گومرگ لەنێوان هەولێرو سلێمانی، خاڵی جیاكەرەوەی هەموو شتێك بوون لەم هەرێمدا بەجۆرێك چوونی ئەندامان و خێزانی كادرە حزبیەكان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی وەكو چوونی كۆچبەرانی لێهاتبوو لە توركیاوە بۆ یۆنان كە زۆر جار وەك نوكتە لەسەر زاری خەڵك باس دەكرا، بەڵام سەرباری ئەو هەموو جیاكارییەش بریارێكی نیۆدەوڵەتی هەبوو بۆ نەبەزاندنی ئەو سنورانەی لەلایەن دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی ئەوكاتەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەردوولا بەنهێنی و ئاشكرا پەیوەنیان بە بەغدادەوە هەبوو تاڕادەی وەرگرتنی چەك و هاوكاری تر. 

بەڵام ئێستا بەپێچەوانەی ئەو كاتە، ئەگەر دوو ئیدارەیی لە هەرێمدا دروست بێتەوە، جگە لەوەی هیچ یاسایەك نییە رێگری لە هێزەكانی عێراق بكات بگەڕێنەوە شارەكانی هەرێم و ئەوانیش وەك كەركوك واقیعیكی سیاسی تازەی بەسەردا ناسەپێنرێت، هاوكات هەردولایان شەڕی پەلكیش كردنی دۆستە ئەقلیمیەكانیشیان ئەكەن، بۆیە هێنانی هیزەكانی عێراق لەئاوا حاڵێكدا نەك نابێتە خیانەت بەڵكو دەبێتە نیشتمان پەروەریش. 

جاران شەری یەكتری شەرعیەتی لە داهاتی گومرگەكانەوە وەردەگرت، بەڵام شەڕی ئەمجارەی نێوان پارتی و یەكێتی  لەبری شەڕی كڵاو قاسم شەڕی بیرە نەوتەكان دەبێت و سەدان هۆكاری ئابوری هەیە بۆ ئەوەی شەرێكی خەستر بەرێوە بەرن، ئەمەش دیارە زیانێكی گەورە بەو ئابورییە ئەگەیەنێت كە تا ئێستا هەردوولا شەریكن و لەسەری دەژین.

بۆیە پارتی دواجار وەك براوەی گەمەكانی رابردوو ناچارە واقیعە تاڵەكە وەك خۆی قبوڵ بكات و مامەڵەی لەگەڵ یەكێتی خۆ بەمەغدورزان بكات نەبا ئەوەی بەم 27 ساڵەی حوكمڕانی كۆیان كردۆتەوە لەگەمەیەكی تری وەك 16ی ئۆكتۆبەر بیدۆرێنن.