كۆتایی حكومەتی بنكەفراوان
پارتی بەپەیوەندی تەلەفۆنی نیوەی رێگاكەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بڕیوە

کوردستان

12/11/2018‌ 3982 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەریەكە لەیەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی چاوەڕێی پارتی دیموكرات دەكەن بەفەرمی لە دەرگایان بدات بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت، مە پارتی بەپەیوەندی تەلەفۆنی نیوەی رێگاكەی بڕیوە و نایەوێت وەك كابینەكانی پێشوو كاتی زۆر بەدانوستاندنەوە بكوژێت.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە تەئكیددەكاتەوە، كە لەرێگای تەلەفۆنەوە قسەیان لەگەڵ كراوە بۆ بەشداری لە حكومەت، ئەوەش لەكاتێكدایە لە سێ هەفتەی رابردوودا، خەڵك و حیزبەكانیش بەردەوام یەك پرسیار دووبارە دەكەنەوە: "بۆچی پارتی سەردانی لایەنەكان ناكات بۆ دانوستاندنی پێكهێنانی حكومەت؟". 

هەرچەندە ئەم وەڵامە بە دروستی لە پیرمامە، بەڵام بەرپرسێكی پارتی ئەوە بۆ هەفتەنامەی (رووداو) ئاشكرایكردووەو دەڵێت: "نامانەوێت خەڵك بە هاتن و چوونەوە سەرقاڵ بكەین و كات لەگفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتدا درێژبكەینەوە".

ئەو حیزبانەش، كە دەڵێن چاوەڕێی شاندی پارتی دەكەین، ئاگادارن پەیوەندی تەلەفۆنی بەردەوام هەیە و قسەی زۆر كراوەو ئێستا بەرچاو روونی دروستبووە، كە حكومەت چۆن دروستبكرێت.

بەرپرسەكەی وتیشی: "پەیوەندی تەلەفۆنی بەردەوام لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش هەیە و دەمانەوێت كاتێك شاندی دانوستاندنكار دەستبەكاردەبێت، زەمینەی رێككەوتن و پێكهاتن لەبار بووبێت".

حكومەتێكی چۆن؟ 
عارف تەیفوور، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەو خاڵانە رووندەكاتەوە، كە پێش دەستپێكردنی گفتوگۆی فەرمی بە لایەنەكانیان وتووەو رایگەیاندووە "نامانەوێت بنكەفراوان بێت و هەروا نامانەوێت تەنیا لە نێوان دوو لایەنیش بێت، وتووشمانە بەشداری لە حكومەت بە مانای ئەوە دێت بەراستی لەناو حكومەت بن و تاوەكو كۆتایی تەمەنی كابینەكە لەگەڵی بمێننەوە".

وەك ئەو بەرپرسەی پارتی باسی دەكات، هەر حیزبێك كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابێت پارتی سەردانی دەكات و قسەی لەگەڵ دەكات، "بەڵام مەرج نییە هەموویان بەشداری بكەن".

رۆژی شەشی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی بەسەرۆكایەتی بە تەمەنترین ئەندام ساز كرد، بەڵام دانیشتنەكە بەكراوەیی مایەوە و دەستەی سەرۆكایەتی تێدا هەڵنەبژێردرا. 

ئەو بەرپرسەی پارتی لەوبارەیەوە زانیاریی زۆرتر بۆ (رووداو) ئاشكراكردو دەڵێت: "پارتی وەك دواهەمین ئەگەر، پەنا بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی دەبات بەدەنگی زۆرینە، چونكە دەمانەوێت بە رێككەوتن بێت، ئەگەر یەكێتی رازی بوو بەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ گۆڕان بێت، ئەوا دەستەی سەرۆكایەتی دیاری دەكرێت، هەرچەندە پۆستەكانی دیكەی حكومەتیش وەك یەك پاكێج لەگەڵ پۆستەكانی پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بەڵام هێشتا ئەوە یەكلایینەبووەتەوە".

یەكێتی نیشتمان، هەرچەندە دەڵێت: خوازیاری بەشداری زۆرترین لایەنە لە نێو حكومەتدا، بەڵام لە گفتوگۆیەكانی لەگەڵ پارتی داوایكردووە بە هاوبەشی حكومەت دروستبكەن، كەچی پارتی دەیەوێت بزووتنەوەی گۆڕانیش لایەنی سێیەمی پێكهێنەری حكومەت بێت.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: پاكێجێكیان بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت هەیە و ئەو پاكێجە نادەنە هیچ لایەنێك و تەنیا بۆ خۆیان نووسیویانە، بەڵام "ئێمە بە پارتیمان وتووە دەبێت بەشداریی راستەقینە هەبێت و وەزیرەكان دەسەڵاتی تەواوی بڕیاردانیان هەبێت، داواكاری لەپێشینەمان لە پۆستەكاندا جێگری سەرۆكی حكومەتە، دواتر بە مافی خۆمانی دەزانین سەرۆكی پەرلەمانیش وەربگرین لەگەڵ ئەو وەزارەتانەی بەر ئێمە دەكەون".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی پێیوایە ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوە رێكبكەون لەسەر پێكهێنانی حكومەت، ئەوا بەكردەوە بەشداریكردنی گۆڕان وای لێدێت، كە قسە لەسەر وەرگرتنی وەزارەت بكات، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە حكومەتی نوێ دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هێزە چەكدارەكاندا هەبێت، ئەگەر وانەبێت هەندێك هەڵەی رابردوو دووبارە دەبنەوە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەهەڵبژاردنی 30 ئەیلولدا 21 كورس هێناوە. لەو كابینەیەدا جێگری سەرۆكوەزیران، وەزارەتەكانی تەندروستی و ئاوەدانكردنەوە و شەهیدان و رۆشنبیری و خوێندنی باڵای هەبووە، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە، سەرۆكی پەرلەمان و وەزارەتەكانی دارایی و پێشمەرگە و ئەوقافی بەدەستەوە بوو، لەگەڵ سەرۆكایەتی دەستەی وەبەرهێنان.

هەر لەوبارەوە ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان وتی، كە بزووتنەوەكە "لەڕێی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانییەوە بڕیار دەدات و زۆرینەی دەنگەكانی نێو جڤات لەگەڵ ئەوەن ببینە ئۆپۆزیسیۆن". 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وتیشی: "لە دۆخێكدا ئەگەر بەشداریی بكەین بیر لە وەرگرتنی سەرۆكی پەرلەمان ناكەینەوە، یەكێتیش بۆ ئەوەی گۆڕان بەشداریی نەكات، پێداگیری لەسەر وەرگرتنی جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات".

بەپێی زانیارییەكان، ئەگەر گۆڕان بەشداری لە حكومەت بكات، پێداگیری لەسەر وەرگرتنی سێ‌ وەزارەت دەكات‌و وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی-یش، دەڵێت" ئەوان بە تەواوی ئامادەن بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بكەن و چاوەڕوانی هاتنی شاندی پارتی دەكەن، ئێستا هەردوولا بۆ كۆبوونەوە ئامادەین و وەك یەكێتی چاوەڕێی پارتی دەكەین و پارتیش یەكێتی ئاگاداركردووەتەوە، كە لیژنەیەكیان بۆ سەردان و گفتوگۆ ئامادە كردووە". 

سەعدی ئەحمەد پیرە، رەتیكردەوە ئەوان هێڵی سووریان لەسەر هیچ لایەنێك هەبێت كە بیەوێ بەشداری حكومەت بكات.

هـ ـ ح