پوختە
سەردانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بۆ دیمەشق لە 13 ئەیلول 2026 و ڕاگەیاندنی نزیکبووەوەی سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سوریا، دەبێت وەک هەنگاوێکی چارەنوسساز لە هەوڵی ئەنقەرە بۆ دامەزراندنی نەخشەیەکی نوێی سیاسی، ئەمنی و ئابووری بۆ سوریا هەڵبسەنگێندرێت.
ئەوەی ئەم سەردانە لە سەردانێکی دیپلۆماسی ئاسایی جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە پەیوەندییەکان لە ئاستی دیپلۆماسییەوە بەرەو جێگیرکردنی هاوبەشییەکی چەندلایەنە دەچن؛ لە ئابووری و بازرگانییەوە بۆ هەماهەنگیی ئەمنی و یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیمورکات لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت.
لە هەمان کاتدا، ئەم پرۆسەیە بە تەواوی لە مەترسییەوە بەدوور نییە. گەورەترین پرس لە داهاتووی سوریا بریتییە لە ڕکابەری تورکیا و ئیسرائیل بۆ دیاریکردنی ئاراستەی ستراتیژی سوریا؛ لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕکابەرییە دەتوانێت سوریا بکاتە ناوچەیەکی نوێی پێکدادانی هێزە ناوچەییەکان.
جێگیرکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا ـ سوریا
بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی ٤٠ ڕێککەوتننامە و یادداشتی تێگەیشتن لەنێوان ٢٢ وەزارەت و دامەزراوەی حکومەتی هەردوو وڵات ئامادەکراون. ئەم ژمارەیە لە ڕوانگەی زانیارییەوە گرنگە، چونکە نیشانی دەدات پەیوەندییەکە تەنها پەیوەندییەکی سیاسی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی گرێدراوی سیاسی ـ ئابووری ـ ئەمنی. ئامانجی تورکیا لە دۆخی نوێی سوریا دەتوانرێت لە سێ ئاستدا کورت بکرێتەوە:
1. ئاستی سیاسی: پشتگیری حکومەتی نوێی دیمەشق و کاریگەری دانان لەسەر بڕیارە ستراتیژییەکانی.
2. ئاستی ئەمنی: کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکانی پەیوەست بە YPG و هەسەدە و دانانی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی ئەمنی.
3. ئاستی ئابووری: کردنەوەی بازاڕی سوریا بۆ تورکیا و بەستنەوەی سوریا بە کۆریدۆرە بازرگانییەکانی ناوچەکە.
بەم شێوەیە، تورکیا لە هەوڵی ئەوەدایە کە سوریا تەنها هاوپەیمانێکی سیاسی نەبێت، بەڵکو ببێتە یەکێک لە بەرە سەرەکییەکانی دروستکردنی سیستەمی نوێی گرێدراو بەخۆیەوە لە ناوچەکە.
هەسەدە؛ کرۆکی سەرەکی ململانێ
یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی سەردانەکەی فیدان، چارەنووسی هێزەکانی سوریای دیموکرات/ هەسەدە- بووە. تورکیا بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو هەسەدە و بە تایبەتی YPGی بە بەشێک لە PKK دەزانێت و بوونی هێزێکی چەکداری کوردی لە نزیک سنووری باشووری خۆی بە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئاسایشی نیشتیمانی دادەنێت. بۆیە، ئەگەر پرۆسەی یەکخستنی هەسەدە لە ناو دامەزراوەکانی حکومەتی سوریا بە شێوەیەکی ڕاستەقینە جێبەجێ بکرێت، ئەوا بۆ تورکیا سەرکەوتنێکی ستراتیژی دەبێت؛ بەوپێیەی:
1. پێکهاتەی سەربەخۆی هەسەدە کەم دەکاتەوە؛
2. دەرفەتی دروستبوونی ناوچەیەکی کوردییەکی خۆبەڕێوەبەر لە سنووری تورکیا کەم دەکاتەوە؛
3. دیمەشق دەخاتە شوێنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناوچە کوردییەکان.
4. و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا لە سوریا لە هەندێک بواردا کەم دەکاتەوە.
بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەم پرۆسەیە مەترسییەکی سیاسی بۆ دیمەشق هەیە، چونکە چۆنیەتی یەکخستنی هەسەدە، دابەشکردنی هێز و دەسەڵات و داهاتووی خۆبەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان هێشتا بابەتێکی هەستیارە.
کۆریدۆری ئابووری؛ سوریا وەک خاڵی پەیوەندی
بابەتی کۆریدۆرەکانی هاتوچۆ و بازرگانی پێگەیەکی تایبەتی هەیە. تورکیا دەیەوێت سوریا ببێتە بەشێک لە زنجیرەیەکی گەورەی پەیوەندییە ئابوورییەکان: کەنداو، سعودیە، ئوردن، سوریا، تورکیا، و ئەوروپا . لە هەمان کاتدا، سوریا دەتوانێت لە ڕێگەی عێراقەوە بە بازاڕ و کۆریدۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکەوە پەیوەست بکرێت. ئەگەر ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، سوریا لە وڵاتێکی تەنها پاشکۆوە دەگۆڕێت بۆ گرێیەکی لۆجستیکی و بازرگانی. بۆ تورکیا، ئەمە دەرفەتێکی ستراتیژییە بۆ:
1. زیادکردنی بازرگانی لەگەڵ سوریا.
2. بەدەستهێنانی ڕۆڵی دەروازەی سوریا بۆ ئەوروپا.
3. بەستنی سوریا بە ژێرخانی ئابووری تورکیا.
4. و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کۆریدۆرە دەریاییەکان.
بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ناوچەکە لە ژێر کاریگەریی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی کەنداوی هەرمز و ڕێگا دەریاییەکانی دیکەدایە، گرنگی کۆریدۆرە وەشکانییەکان زیاتر دەبێت.
ئیسرائیل؛ بەربەستی سەرەکی لە بەردەم پرۆژەکانی تورکیا
گرنگترین گۆڕاوەی دەرەکی لە بەرامبەر پرۆژەکانی تورکیا لە سوریا، ئیسرائیلە. تورکیا هەست دەکات هەنگاوەکانی ئیسرائیل لە سوریا تەنها پەیوەندی بە پرسی ئاسایشەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە هەوڵی دیاریکردنی داهاتووی ستراتیژی سوریا. لە بەرامبەر ئەوەدا، ئیسرائیل نیگەرانە لە:
1. زیادبوونی هەژمونی تورکیا لە سوریا.
2. دامەزراندنی بنکە و ژێرخانی سەربازیی تورکیا.
3. بەهێزبوونی حکومەتی دیمەشق.
4. و دروستبوونی هێزێکی ناوچەیی کە بتوانێت هاوسەنگیی هێز لە سوریا بگۆڕێت.
هێرشەکە بۆ بنکەی ئاسمانی ئەبوولزوھور، ئەگەر لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە بخوێندرێتەوە، نیشانەی ئەوەیە کە سوریا دەکرێت ببێتە مەیدانی ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیسرائیل.
هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان
یەکەم: پێکدادانی تورکیا ـ ئیسرائیل: ئەگەر هەردوو لایەن بنکە سەربازییەکان و هێزەکانی خۆیان لە سوریا زیاد بکەن، ئەگەری پێکدادانی ناڕاستەوخۆ یان تەنانەت ڕاستەوخۆ زیاد دەبێت.
دووەم: شکستی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە: ئەگەر هەسەدە و دیمەشق نەگەنە ڕێککەوتنێکی کاریگەر، نیگەرانییەکانی تورکیا زیادتر دەکەن بەوپێیەی کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دادەنێت.
سێیەم: ناکۆکی ناوخۆیی سوریا: هەرچەندە تورکیا پشتگیریی دەوڵەتێکی یەکگرتوو دەکات، بەڵام جیاوازییە ئیتنیکی، مەزهەبی و سیاسییەکان لە سوریا هێشتا توانای دروستکردنی ئاڵۆزیی نوێیان هەیە.
چوارەم: پێشبڕکێی کۆریدۆرەکان: سوریا دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پێشبڕکێی گەورەی کۆریدۆرەکانی ناوچەکە؛ لە نێوان تورکیا، عێراق، سعودیە، ئوردن، ئیسرائیل و هێزە نێودەوڵەتییەکان.
دەرەنجام
سەردانی هاکان فیدان بۆ دیمەشق و سەردانی دواتری ئەردۆغان دەتوانرێت وەک بەشێک لە پرۆژەی درێژخایەنی تورکیا بۆ گۆڕینی سوریا لە ناوچەیەکی پاشکۆوە بۆ ستوونی ژێئۆپۆلیتیکی و ئابووریی هەژمونی تورکیا هەڵسەنگێندرێت. ئەنقەرە هەوڵ دەدات سێ شت لە یەک کاتدا بەدەستبهێنێت: دەسەڵاتی سیاسی لە دیمەشق، کۆنترۆڵی مەترسیی کوردی لەسەر سنوور، و دەستگەیشتن بە کۆریدۆرە ئابوورییەکان.
لەو چوارچێوەیەدا، سوریا دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ململانێی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ململانێیەک کە تەنها لەسەر خاک و دەسەڵات نییە، بەڵکو لەسەر کۆریدۆر، بنکەی سەربازی، ئابووری، ئاسایش و داهاتووی نەخشەی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەکەیە.
ئەگەر سەردانی ئەردۆغان بە ڕاستی جێبەجێ بکرێت و ئەو ٤٠ ڕێککەوتننامەیەش بە کردار بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا دەکرێت ئەم قۆناغە بە دەستپێکی فەرمیی جێگیرکردنی هەژموونی تورکیا لە سوریا دابنرێت، نەک تەنها وەک سەردانێکی دیپلۆماسی.