شارپرێس:
وەزیرانی دەرەوەی سوریا و توركیا ڕۆژی یەكشەممە دووپاتیان كردەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان دیمەشق و ئەنكەرە شایەتی پێشكەوتنی خێران.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیمەشق ڕایگەیاند، گفتوگۆكان لەسەر كاراكردنی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بووە، پەیوەندییەكانی سوریا و توركیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پێشكەوتنی بێ وێنەی بەدەستهێناوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دیمەشق ئاواتەخوازە قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئەنكەرە بۆ نزیكەی ١٠ ملیار دۆلار ساڵانە زیاد بكات.
وەزیری دەرەوەی سوریا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بەشێوەیەكی جێگیر بەرەو بنیاتنانی سوپایەكی یەكگرتووی نیشتمانی و كۆنترۆڵی چەك لەژێر كۆنترۆڵی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا دەڕوات.
ئیسرائیلیشی تۆمەتبار كرد بە بەردەوامی لە پێشێلكردنی سەروەری سوریا، جەختی لەسەر پێویستی كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل لە خاكی سوریا و پابەندبوونی تەواو بە هێڵی ئاگربەست كردەوە.
لای خۆیەوە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بەوەی هەوڵی تێكدانی سەقامگیری سوریا و ئاستەنگكردنی پێشهاتە ئەرێنییەكانی ئەو وڵاتە دەدات.
فیدان وتیشی: لە كاتێكدا كە سوریا ئیلهامبەخشی ئومێدێكی گەورە بۆ ناوچەكە و جیهانە، لەناكاو لایەنێك سەرهەڵدەدات كە هەوڵی تێكدانی سەقامگیری وڵات دەدات، و دەزانن ئەمە كێیە ئیسرائیلە.
فیدان ڕاشیگەیاند كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بەم زووانە سەردانی دیمەشق دەكات.
