شارپرێس:
پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە لەبارەی گرژییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند "ئێمە بە نیگەرانییەكی گەورەوە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە مەترسیدارانە دەكەین، كە لە دوێنێوە لە كۆبانێ ڕوو دەدەن. كاروانێكی هێزەكانی ئاسایشی گشتی لە دەرەوە هاتوونەتە ناو شارەكەوە و لە كۆڵانەكانیدا گەڕاون، بە شێوەیەكی هەرەمەكی هەندێك كەسی مەدەنییان دەستگیركردووە، هاوكات كردەوەی ترساندنیان ئەنجامداوە و وتەی خراپ و ڕەگەزپەرستانەیان دژی دانیشتووان و ناسنامەكەیان بەكارهێناوە. لەلایەن ئەندامانی ئەو هێزانەوە درووشمی ئاژاوەگێڕانە بەرزكراونەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی تووڕەیی و پەرچەكرداری جەماوەر".
پەیەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت " ژمارەیەك لە زیندانییان لە بەرامبەر هەوڵی ئەندامانی هێزەكانی ئاسایشی گشتی بۆ گواستنەوەی زۆرەملێیان بۆ دەرەوەی شار، ئاگریان لە هۆڵەكانی زیندانەكە بەرداوە. لە ئەنجامدا ژمارەیەك زیندانی شەهید بوون و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون. دەبێت لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر سەبارەت بەم ڕووداوە مەترسیدارانە دەستپێبكرێت، بەرپرسان دەستنیشان بكرێن و بەپێی یاسا لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانە بكرێت، كە پێشێلكارییان بەرامبەر كەسانی مەدەنیی و زیندانییان ئەنجامداوە".
پەیەدە هەروەها دەڵێت "بانگەواز لە گەلەكەمان دەكەین، كە بە لێشاو بەشداری لە مەراسیمی بەڕێكردنی شەهیداندا بكەن. ئەم ڕووداوە لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەدا ڕوویدا، كە لە ڕۆژانی دواییدا لە ناوچەكە ڕوویان داوە، لە سەروویانەوە تاوانی شەهیدكردنی سیپان حوزنی، هەروەها خۆپیشاندانی ئاشتییانەی جەماوەر بە داوای مافی پەروەردە بە زمانی كوردی و پاراستنی ناسنامەی كلتوری و زمانی و تەواوی مافە ڕەواكان. هاوكاتبوون و زیادبوونی ئەم ڕووداوانە، نیگەرانیی جدی سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و پشێوی و ئامانجگرتنی بزووتنەوەی دیموكراتیكی گەلەكەمان دەخاتە ڕوو".
لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەی پەیەدەدا هاتووە "ئێمە بە توندی ئەو ڕووداوە ڕەت دەكەینەوە، كە وەك پێكدادانێكی عەشایەری یان كۆمەڵایەتی پێناسە دەكرێت؛ گەلی ناوچەكە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە ژێر سێبەری خۆبەڕێوەبەریدا بێكەوە ژیاون و قوربانیی گەورەیان لە دژی تیرۆر و جەنگ داوە. هەر هەوڵێك بۆ درووستكردنی ناكۆكی و ئاژاوە لە نێوان پێكهاتەكاندا، خزمەت بە پڕۆژەكانی لاوازكردنی كۆمەڵگە و تێكدانی سەقامگیرییەكەی دەكات، ئێمە حكومەت بە تەواوی بە بەرپرسیاری ئەم ڕووداوانە دەزانین. هۆشیاری دەدەین لە بوونی دەستی شاراوە و نیازی خراپ، كە ئامانجیان بردنەپێشەوەی ناوچەكەیە بەرەو پشێوی و جەنگ. داوای لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە، گشتگیر و ڕوون لە تاوانی شەهیدكردنی سیپان حوزنی و ڕووداوی سوتانی زیندانی كۆبانێ دەكەین، دەبێت بەرپرسان بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و ڕێگە نەدرێت ئەم ڕووداوانە بۆ تێكدانی ئاشتیی ناوخۆیی و ژیانی دیموكراتیك بەكاربهێنرێن".
