لەدزیی ملیۆن دۆلارییەوە بۆ پۆستێکی کارتۆنی؛ ساڵح حەمەوی سندوقی ڕەشی شه‌رع دەکاتەوە

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ساڵح حەمەوی یەکێک لەدامەزرێنەرانی سەرەکیی (به‌ره‌ى نوسرە)و هاوڕێی نزیکی پێشوی ئه‌حمه‌د شه‌رع، لەزنجیرە بڵاوکراوەیەکدا پەردەی لەسەر گەورەترین دۆسێی گەندەڵی لەمێژوی شۆڕشی سوریادا لادا، حەمەوی نەک هەر وردەکاریی دزینی ملیۆنان دۆلاری ڕۆژانەی ئاشکراکردوە، بەڵکو نەخشەی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی ڕەهای شه‌رع-یشى کێشاوە کە بەستراوەتەوە بەگۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو جەنگی ئێرانەوە.

دزیی خەیاڵی؛ ڕۆژانە 16 ملیۆن دۆلار بۆ کۆشک به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی حەمەوی دەسەڵاتی شه‌رع (کە بەئەحمەد حسێن شەرع ناسراوە)، سیستمێکی داڕشتوە کە ڕۆژانە بڕێکی زەبەلاح پارەی کاش کۆدەکاتەوە بێئەوەی بچێتە هیچ تۆمارێکی فەرمییەوە، به‌شێوه‌یه‌ك ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی قورس بەکۆمپانیای "Vitol" دەفرۆشرێت‌و بڕی نۆ ملیۆن دۆلار بەکاش لەڕێگەی نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە دەگاتە دەستی شه‌رع.

ده‌شڵێت، داهاتی خاڵە سنورییەکان ڕۆژانە دەگاتە حه‌وت ملیۆن دۆلارو ئەویش بەهەمانشێوەی نەختینە دەبرێت بۆ کۆشکی شه‌رع. حەمەوی ئاشکرایدەکات، بازرگانە نزیکەکانی شه‌رع، مادەی (ئەسیتۆن) تێکەڵی نەوتی خراپ دەکەن‌و وەک بەنزین بە 25٪ قازانج بەخەڵکی دەفرۆشنەوە، ئەمەش بوەتە هۆی تێکچونی دەیان هەزار ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان.

سەردەمی شه‌رع بەرەو کۆتایی؛ پۆستێکی "فەخری" بێ دەسەڵات حەمەوی لەبەشێکی دیكه‌ى زانیارییەکانیدا باس لەپاكێجێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ گۆڕینی ڕوکاری حوکمڕانی لەسوریا، ئەو دەڵێت، "گۆڕانکاریی ڕاستەقینە تەنها گۆڕینی دەموچاوەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی سیستمەکەیە کە بڕیارە دوای یەکلابونەوەی جەنگی ئێران جێبەجێبکرێت".

به‌وته‌ى حه‌مه‌وى، دواى ئه‌و ڕوداوانه‌، شه‌رع دەکرێتە سەرۆکێکی کارتۆنی‌و ته‌شریفى کە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر وەزارەتە سیادییەکان‌و دارایی‌و ئەمنیدا نامێنێت، وەزارەتەکان لەژێر دەستی هەیئەی تەحریری شام دەردەهێنرێن‌و دەدرێنە دەست کەسانی پسپۆڕو شەفاف، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چیتر متمانەی بەشه‌رع نییەو تەنها دوای ئەو گۆڕانکارییانە ته‌واوى پارەکان دەکرێتەوەو پشتگیرییە ئابورییەکان 20 هێندە زیاد دەکەن.

ساڵح حەمەوی ئێستا لە کوێیە؟ ساڵح حەمەوی کە بەناوی خوازراوی (أُس الصراع) لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناسراوە، یەکێکبوو لەهەرە کاریگەرترین سەرکردە دامەزرێنەرەکانی به‌ره‌ى نوسرە، بەڵام لەساڵی 2015دا بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ شه‌رع لەڕیزەکانی ئەو گروپە دەرکرا.

لەئێستادا، ساڵح حەمەوی لەتورکیا نیشتەجێیە، ئەو وەک چاودێرێکی سەربەخۆو ئاگادار لەنهێنییەکان خۆی دەناسێنێت. بەهۆی ئەو تۆڕە فراوانەی پەیوەندیی‌و زانیارییانەی کە هێشتا لەناو سوریادا هەیەتی، بڵاوکراوەکانی لەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریاو میدیا عەرەبییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەیە و وەک "سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی ناوخۆیی" بۆ ئاشکراکردنی نهێنییەکانی هەیئەی تەحریری شام سەیر دەکرێت.

پەیامەکەی حەمەوی بۆ لایەنگرانی شه‌رع ڕونەو پێیانده‌ڵێت، "کەی بەئاگا دێن؟"، ئەو دەشڵێت، "ئەو سەرکردانەی پێشتر تەنها 25 هەزار دۆلاریان هەبوو، ئێستا خاوەنی 20 ملیۆن دۆلارن، لەکاتێکدا گەلی سوریا لەهەژاریدا دەژیی".

حەمەوی جەختدەکاتەوە، چارەنوسی شه‌رع لەدەرەوەی وڵات بڕیاری لەسەر دراوەو تەنها جەنگی ئێران وەک کاتژمێرێکی ژماردنی پێچەوانە کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە.