عەلی حەمەساڵح: هەمووتان دەدەمە دادگا لەسەر ئەو کارەتان

کوردستان

59 خولەک پێش ئێستا‌ 654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

عەلی حەمە ساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی یاسا شكێنییەكی گەورەی بۆ ڕێككەوتنێكی سیاسی كرد، من دژی ڕێككەوتنی نەوەی نوێ و یەكێتی نیم، بەڵام ناكرێت ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی ئەم یاسا شكێنییە بكەن. 

عەلی حەمە ساڵح لەپۆستێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی "ئێوە دوو جار دژ بوون چاڤیلاند بكرێتە پرۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون دەتانوت: یاسا ڕێگا نادات، بەڵام جاری سێیەم لەژێر فشار كردتان، خۆتان وتتان: بەیاسا سەوزایی ناكرێتە پرۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون ئێستا چۆن كرا، بزنسێك بەیاسا شكێنی ٢٤٩ ملیۆن دۆلار قازانج".

هەروەها عەلی حەمەساڵح ئاشكرایكردووە:
یەك: ١٠ تاوەری ٢٢ نهۆمی لە چاڤیلاند، قازانج (٩٢ ملیۆن) دۆلار! 
دوەم: تاوەرێكی بازرگانی لەسەر ڕووبەری (٣٤١٤) مەتر دووجا 
٧٦ دوكان ڕووبەری هەر یەكەیان (٢٠٠ ) مەتر بۆ (٦٩٠) مەتر، قازانج نزیكەی (١٠٦)  ملیۆن دۆلار
سێیەم: سەوزاییەكانی گوندی ئەڵمانی بكرێتە پرۆژەی بازرگانی. 

عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەوەشكردووە "هەر تاوەرێك لە گوندی ئەڵمانی دوو نهۆمی دیكەی لەسەر زیادبكرێت، قازانجی ئەم بەشەش نزیكەی (٥٣ ملیۆن) دۆلارەو كۆی ئەم پرۆژانەش ٥١٪ بە ٤٩٪ لەگەڵ ئیدارەی گشتی یەكێتی دەكرێت، خۆتان دەزانن ئەمە یاسا شكێنییەو منیش هەمووتان دەدەم بەدادگا".

لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لەڕۆژی دووی ئەم مانگە بڕیاری ڕەزامەندی لەسەر چەند نوسراوێكی كۆمپانیای چاڤی داوە لەسەر چەند پڕۆژەیەك.