شارپرێس:
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، "چوار ساڵ بەسەر شەهیدكردنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی «ژینا - ژن، ژیان، ئازادی» تێدەپەڕێت. شەهیدبوونی ژینا بووە خاڵی وەرچەرخانێكی مێژوویی، كە تێیدا كاردانەوەی بێوێنە و بوێرانەی خەڵكی تێكۆشەر و ئازادیخوازی كوردستان و ئێران، بناغەكانی ڕێژیمی سەركوتگەری كۆماری ئیسلامیی هەژاند و دەنگی ئازادیخوازیی نەتەوەكەمان و هەموو ئازادیخوازانی ئێرانی بە جیهان گەیاند".
هاوپەیمانیەتییەكە ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لە كاتێكدا لە ساڵیادی ئەو سەرهەڵدانە سەرتاسەرییە نزیك دەبینەوە كە دۆخی خەڵك و پرسی ئازادییەكانیان لەوپەڕی خراپیدایە؛ بەتایبەت دوای شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل، سەرجەم قەیرانە سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان قووڵ بوونەتەوە. دەسەڵات بۆ شاردنەوەی شكستەكانی لە ئاستی دەرەوە و لاوازییەكانی نێوخۆی، گوشارە ئەمنی و ئابورییەكانی بۆ سەر خەڵكی وەزاڵەهاتووی كورد و ئێرانی چەند هێندە كردووە، بە جۆرێك كە هەژاری، گرانی، بێكاری و نەبوونی ئازادی و ئاسایش تەنگی بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان هەڵچنیوە".
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران بانگەوازی مانگرتن لە خەڵك دەكات و دەڵێت "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، وەك هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران داوا لە سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵك دەكەین، ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان و لە چوارەمین ساڵڕۆژی تاوانی كوشتنی ژینا ئەمینی، مانگرتنێكی سەرتاسەری و گشتی لە بەرامبەر بەردەوامیی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە ببەن. ئەم مانگرتنە جگە لە وەبیرهێنانەوەی یادی سەرجەم شەهیدان و نرخەكانی شۆڕشی «ژینا ژن، ژیان، ئازادی»، تێكۆشانێكی مەدەنی و وەڵامێكی جەماوەرییە دژی قەیرانە ئەمنی و ئابورییەكان و دەبێتە پەیامی زیندووبوونی خەباتی مەدەنی و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان".
هەروەها دەڵێت "داوا لە هەموو خەڵكی تێكۆشەر و ئازادیخواز دەكەین ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان بە داخستنی دووكان و بازاڕەكان و مانەوە لە ماڵەكانیاندا پێوەستی ئەم مانگرتنە گشتییە بن و هەمووان پێكەوە بە هەڵوێستێكی یەكگرتوو دووپاتی بكەینەوە كە گەلەكەمان لە هەر دەرفەتێك بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی خۆی كەڵك وەردەگرێت و هەرگیز تەسلیمی زوڵم نابێت. ئەم مانگرتنە گشتییە، هەنگاوێكی گرنگ و پەیامێكی ڕوونی بەرەنگاربوونەوە دەبێت بۆ چەسپاندنی ئیرادەی سیاسی و نەتەوەییمان. هەر بۆیە داواش لە سەرجەم لایەن و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكان دەكەین پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ئەم مانگرتنە گشتییە بكەن، تاوەكوو بە یەكڕیزی و بە هێزی خەباتی مەدەنیی خۆمان نیشانی بدەین كە سیستەمی سەركوت و سێدارە هەرگیز ناتوانێت پێش بە تێكۆشانە ڕەواكانمان بگرێت".
