ساڵح موسلم: تائێستا هیچ هێزێكی ئەمریكا لەسوریا نەكشاوەتەوە

کوردستان

10/01/2019‌ 2257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە رایگەیاند، كە لەدوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە تا ئێستا هیچ كشانەوەیەكی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا نەبووە.

ساڵح موسلیم بۆ دەنگی ئەمریكا راشیگەیاند، جموجۆڵێكی "نۆرماڵ" هەیە لەهاتوچۆكردن ‌و تا ئێستا ئەو هێزانە لە شوێنەكانی خۆیان لەگەڵ هەزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەجێگاكانی خۆیان ماونەتەوە.

دەربارەی ئەوەی ئایا وەك كوردەكان هیچ گفتوگۆیەكتان لەگەڵ ئەمریكیەیكان كردووە لەبارەی بڕیاری كشانەوەیان لە سوریا، بەتایبەت باكوری سوریا؟ ساڵح موسلیم  رایگەیاند "بەڵێ ئێستا دانوستان هەیە لە نێوان ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات (مەسەدە)و هاوپەیمانان، بەگشتی كارەكان مەسەدە پێی هەڵدەستێت وردەكاری زیاتر نازانم چییە؟ بەڵام هاتوچۆ و پەیوندی لەنێوان ئەوان و (مەسەدە)دا هەیە".

سەبارەت بە مەترسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بەگشتی بەتایبەت بۆ كوردەكان چییە؟  ساڵح موسلیم  رایگەیاند "كوردەكان هەر لەسەرەتاوە پشتیان بەهێزی خۆیان بەستووە بێ ئەوەی پشت بەهێزێكی بیانی ببەستن، هەتا كاتی هاتنی هێزەكانی هاوپەیمانان ئەوان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان هاوكاریان كردین، بەڵام ئێمە كاری خۆمان دەكەین پشت بەهێزی خۆمان دەبەستین خۆ ئەگەر هێزی بیانیش بەردەوام بێت ئەوا باشترە بەڵام ئێمە لەكاری خۆمان بەردەوامین و پشت بەگەلی خۆمان دەبەستین."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پاش بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا (ئەگەرچی لەوەڵامی یەكەم وتت ئێستا نەكشاونەتەوە) ئایا هەست بەهیچ جموجۆڵێكی هێزەكانی توركیا دەكرێت لەناوچەكە؟ ساڵح موسلیم  رایگەیاند "بەڵێ كاریگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر هەموو لایەك دەبێت بەكورد و هەرێمەكەشەوە بەگشتی، هەر لەسەرەتاوە توركیا دەیویست شەڕی ناوخۆی سوریا تەشەنە بسەنێت تا داگیری وڵاتەكە( سوریا) بكات، وە توركیا نایەوێت هێزی ئەمریكی لەهەرێمەكە بێت تا گرژییەكان زیاتر بن."

لەبەشێكی تری قسەكانیدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پەیەدە) لەبارەی مەترسی هەندێك لەچاودێرانی كورد، كە ئەگەر ئەمریكا لەسوریا بكشێتەوە توركیا "جینۆسایدی" كوردەكان دەكات، ڕایگەیاند "لەعەفرین ئەزموونمان هەیە، كاتێك توركیا هاتە شارەكە جگە لەڕێگەگرتن لە ئاڵا و زمان، هاوكات زمانی توركی و پەروەردەی توركی هێنایە عەفرین، توركیا بە ئومێدی داگیركردنی سوریا و خۆ فەرزكردنە، جگەلەوەی بەهیچ شێوەیەكیش كورد قبوڵ ناكات."

ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا جۆن بۆڵتن ڕۆژی یەكشەممە مەرجێكی نوێی دانا بۆ كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا و وتی دەبێت توركیا ڕازی بێت لەسەر پاراستنی كوردەكان كە هاوپەیمانی ئەمەرییەكان."

ساڵح موسلیم لەو بارەوە دەڵێت: تا ئێستا بۆ ئێمەش ڕوون نییە ئەو ڕێكەوتنە ئەگەر كراوە لەنێوان ئەمریكا و توركیا چۆنە؟ ئەوە بەپەلە ناكرێت بە پلان دەكرێت، بەڵام توركیا بۆ هەموو كورد لەهەرشوێنێك یەك تڕوانینی هەیە لەهەر شوێنێك كورد هەبێت توركیا دژایەتی دەكات، دوای ئەوە بابەتی پاراستنی كوردەكان لە ئەستۆی هێزەكانی سوریای دیموكراتە، قبوڵ ناكرێت هیچ هێزێكی تر بێتە ناوچەكە، توركیا خۆی گروپە چەكدارەكانی دروست كردووە و هاوكارییان دەكات تا دۆخەكە بەو ئاڵۆزییە بمێنێت بۆیە بڕواناكەم ڕێكەوتنی وا لەگەڵ توركیا سەركەوتوبێت.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لەپاش بڕیاری كشانەوەكە هاوكاری ئەمریكا بۆ كوردەكان هەر بەردەوامە؟ ساڵح موسلیم وتی: "بەڵێ هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هێزكانی سوریای دیموكرات بەردەوامە كە كوردەكان لەچوارچێوەی ئەو هێزەن."

لەبەشێكی تری قسەكانی ساڵح موسلیم ئاماژەی بە گفتوگۆكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ ڕژێمی سوریا كرد، بەتایبەت دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا؟ ساڵح موسلیم وتی: "بەڵێ گفتوگۆكان لە مێژە لەگەڵ حكومەتی سوریا هەیە، چونكە ئێمە بەشێكین لەسوریا، لەسەرەتاوە بڕیاری ئێمە گۆڕانكاریە لەسوریا جا ئەمریكا لەسوریا بمێنێتەوە یاخود نا ئێمە هەر دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی سوریا دەكەین."

ئەو ڕەتیشیكردەوە، هیچ ڕێكەوتنێك لە ئەنجامی ئەو دانوستانانە لەگەڵ حكومەتی سوریا كرابێت و وتی: تا ئێستا دانوستان هەر بەردەوامە و هەر هەیە هیچ ڕێكەوتنێك نەكراوە، چونكە چەند داواكاری و مەرجێك هەیە دەبێت جێ بەجێ بكرێن."

هەروەها لەبارەی ڕۆڵی ڕوسیا وتی: "گفتوگۆشمان لەگەڵ ڕوسیا لەڕێگەی ڕۆیشتنی شاندێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتەوە(مەسەدە) هەیە، گفوتوگۆكان ئەوان پێی هەڵدەستن كەزیاتر بەمەستی ئەوەیە ڕوسیا رۆڵی نێوانگیری لەنێوان ئێمە و حكومەتی سوریادا ببینێت."

ساڵح موسلیم ئاماژەی بەخواستی كوردانی سوریا كرد بۆ دروستكردنی ناوچەی دژە فڕین لەباكوری سوریا كرد و وتی: "خواستی ئێمە ئەوەبوو كە هەرێمی دژە فڕین هەبێت لەباكوری سوریا چونكە ئێمە له ڕووی هێزی زەمینیەوە بەهێزین چونكە ئێمە پێویستمان بەوەیە كە پاراستنی ئاسمانی بمێنێت بەڵێ داخوازی و ئومێدمان ئێستا ئەوەیە."

موسلیم پێشبینی كرد پاش دەسپێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بەڵام بەشێك لەو هێزانە لە ناو هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بمێنێت، لەو ڕووەوە وتی: "ئەمریكییەكان لەناو ئەو هاوپەیمانین كە هێزی زیاتر لە شەست دەوڵەتی تری تێدایە، وە ئەوان لەبەر ئێمە نەهاتوون لەبەر بەرژەوەندی خۆیان هاتوون كە شەڕی داعشە، بەرژەوەندی ئێمەش شەڕ و نەمانی داعشە، بۆیە ئەوان لەوێ بن یاخود نا ئێمە بەردەوامین لەشەڕی تیرۆر."

دوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە، بەشێك لە بەرپرسانی كوردی سوریا ڕوسیایان بە خیانەتكار دژی كوردانی باكوری سوریا ناودەبرد، ئایا ئێستاش بەهەمان شێوە وەسفی ئەو بڕیارەی ئەمریكا دەكەن؟ ساڵح موسلیم بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە و وتی "ڕوسیا و ئەمریكا بە ڕەزامەندی خۆیان هاتون ناتوانین بڵێین خیانەتیان كرد، بەڵام كارێكی نادروست و ناڕێك و پێش وەختە بوو، پێش هەفتەیەك وتیان دەكشێینەوە، وە لەسەرەتای شەڕی داعش ئێمە بەتەمای ئەمریكا نەبوین كەشەڕی داعش و تیرۆرمان دەست پێكرد، لەبەر ئەوە ئەمریكای لێبێت یاخود نا ئێمە شەڕی تیرۆر دەكەین لەهەر جێگایەك بێت."

لەبارەی ئەوەی ئایا كشانەوەی ئەمریكا كاریگەری دەبێت لەسەر سەرهەڵدانەوە و بەهێزبونی داعش لەسریا؟ ساڵح موسلیم وتی" بەڵێ كاتێك توركیا لەسوریا بێت ئەو مەترسیە هەیە، چونكە ئەوەی لەسەرەتاوە هاوكاری داعشی كرد هەر توركیا بوو، وە ئەوەی بەرەی نوسرەی دروست كرد هەر توركیا بوو، بەڵام ئەوەی شەڕی داعش و تیرۆری كرد لەسەرەتاوە هەر ئێمە بوین."

ئایا پێشبینی دەكەی ئەمریكا هێزەكانی بكشێنێتەوە یا وەك هەندێك بۆچوون لەناو بەشێك لەكوردەكان هەیە، كە ئەمە جۆرێكە لەكارتی فشار و یاری دژ بەڕوسیا و توركیا لەلایەن ئەمریكاوە؟ ساڵح موسلیم وتی: "ئەوەیا نازانم ، دەكەوێتە سەر سیاسەتی ئەمریكا خۆی با چاوەڕێ بكەین بزانین چی دەبێت؟".

هـ ـ ح

بەپەلە