نوێترین هاوپەیمانە متمانەپێنەكراوەكەی ترامپ لەسوریا

جیهان

13/01/2019‌ 3333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
پلانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، بۆ كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا،  واشنتۆن ناچار دەكات دەسەڵاتی زیاتر بداتە توركیا، كە لەبەرانبەر ئەو جوڵە سیاسیانەی سەرۆكی ئەمریكا لە سوریا پیادەیان دەكات، ئەنقەرە لەو نێوەندەدا خاوەن ڕۆڵێكی جێگیرە.

كاتێك ترامپ لە مانگی ڕابردوو لە دەرئەنجامی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا كێشانەوەی 2000 سەربازی ئەمریكی لە سوریا ڕاگەیاند، ئەم پلان‌و جوڵەیەی ترامپ سیاسەتەكانی پێشووی بەرپرسانی ئەمریكای سەرەوژێر كرد، كە دەركەوت ئەو بڕیارەی ترامپ تا ئەو ئەندازەیە دراماتیكی نەبوو، كە ئێمە پێمان وابوو، ئەمەش دوای ئەوەی "جۆن بۆڵتۆن" ی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لەشاری قودس بە ڕۆژنامەنووسەكانی وت: ئەو كشانەوەیە مەرجدارە، وەك پاراستنی كوردەكان‌و تێكشكاندنی داعش، بۆیە ئەو پڕۆسەی كشانەوە لەوانەیە چەند مانگێك یان زیاتر لە ساڵێك بخایەنێت.

هەروەها ژەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆڕد سوپاسالاری دەستەی ئەركان هاوبەش گفتوگۆكانی سەبارەت بەپاراستنی جەنگاوەرە كوردەكان لەگەڵ ئەردۆغان و حكومەتەكەی دەستپێدەكات، هەروەك مایك پۆمپیو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەفتەی پێشوو رایگەیاند، كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نیازی هەیە دوای كشانەوەشی پەیوەندی باش لەگەڵ ئەو جەنگاوەرە كوردانە گرێبدا.

هەموو ئەو پەرەسەندنانە هەواڵێكی باشی دڵخۆشكەرن، چونكە كشانەوەیەكی لەناكاوی خێرای بێپلان لە سوریا بۆشایەكی گەورە دروست دەكات و هاندەریش دەبێت بۆ ئێرا،ن كە دەستتێوەردانی زیاتر بكات لە ناوچەكە، هاوپەیمانەكانی ئەمریكاشی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شپرەزەو تەنگەتاو دەكات. 

ئێستا و لەم هەفتەیە هەلی ئەوە لەبەردەم بۆڵتۆن و پۆمپیو دا‌نفۆڕد دا هەیە ئەو بارگرژیە خاوبكەنەوە، كە دروست بووە، كە سەرباری ئەوەی باسكرا، هێشتا پرسەكە ئاڵۆزە، چونكە سیاسەتی تازەی سوریا ئەمریكا پابەندی ئەوە دەكات لەهاوپەیمانێكی متمانەپێنەكراوی وەك ئەردۆغان نزیك بێتەوە، كە پێویستە ئەوەشمان بیرنەچێت حكومەتەكەی ئەردۆغان تا ئێستاش "سێركان غولج" ی دەستگیركردووە و ئازادی نەكردووە، كە فیزیاناسێكی ئەمركییە، چەندەها هاووڵاتی توركی دیكەشی دەستگیر كردوون، كە لە كونسوڵخانەكانی ئەمریكا كاریان كردووە.

ساڵی پار دڵنەوایی تەواوی ئەوە هەبوو، كە ڕوسیا سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-400" دەداتە توركیا، كەچی ئێستا دۆخەكە كەمێك گۆڕاوە، چونكە پنتاگۆن مانگی ڕابردوو ئەوەی ڕاگەیاند ڕۆكێتی پاتریۆت بەتوركیا دەفرۆشێت. 

بەپێی بەرپرسە ئەمریكییەكان ئەو كارە بەشێكە لە پلانی ئەمریكا بۆ ناچاركردنی ئەردۆغان بە هەڵوەشاندنەوەی سەودا و مامەڵەی سیستەمی ئێس 400 ی ڕوسیا. 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئارەزووی توركیا بۆ بەردەوامبوون لە سەوداو مامەڵەكەی لەگەڵ ڕوسیای نەیاری سەرەكی ناتۆ ئەو پرسیارە لای زۆرێك لەكەسان دروست دەكات ، كە ئاخۆ ئەردۆغان چۆن لە چەمكی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكادا دەڕوانێت.

لێرەدا پرسیارێكی دیكەش خۆی قوت دەكاتەوە، كە ئاخۆ توركەكان لە كوێی دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو گوندانەن، كە داعش وێرانیكردوون، ئایا هیچ هۆكارێك هەیە باوەڕمان پێبێنێت، كە عەرەبەكانی سوریا متمانە بە توركەكان دەكەن، كە فەرمانڕەوایەكی بێلایەنبن؟

لە كۆتایشدا ئەو پرسە خۆی قوت دەكاتەوە، كە ئاخۆ ئەردۆغان چۆن مامەڵە لەگەڵ كەمینە كوردییەكەی توركیا دەكات؟ زۆریش گرنگە ئەمریكا هەژموونی دبلۆماسی خۆی دژ بەتوركیا بخاتەكار لە پێناو پاراستنی كوردەكانی سوریا، لە هەمان كاتیشدا نابێت ئەمریكا گڵۆپی سەوز بۆ توركیا هەڵكات بۆ بەردەوامیدانی ئەنقەرە بەسیاسەتی پاكتاوكردنی كوردەكانی توركیا، كە ئەردۆغان لە سەرەتای هەڵمەتە گاڵتەجاڕیەكەی سەرۆكایەتییەكەی خۆیدا ئەو كەلێنەی دابەدەستەوه.

لەو لاشەوە "فرید فیڵدڤ"ی گەورە فەرمانبەری پێشووی ستافەكەی جۆن بۆڵتۆن وتی: "زۆر بژاردەی خراپمان لەبەر دەستن، سەرۆكیش ئەوانە هەڵدەبژێرێت، كە كەمترین زیانیان هەیە، كاتێكیش دەكشێینەوە لە سوریا هەموومان دڵتەنگ دەبین".

بێگومان ئەوەی سەرەوە‌ ڕاستە، بۆیە دەبێت ترامپ سەبارەت بەكشانەوە لە سوریا چاو و گوێچكەی خۆی باش باش بكاتەوە، ڕەنگە سەرۆكی ئەمریكا پێی وابێت دەتوانی هەژموونی خۆی لەگەڵ ئەندامێكی ناتۆدا (توركیا) بە باشی بەكاربێنێت بۆ چوونەدەرەوە لە سوریا، بەڵام بەو هەنگاوەی دەسەڵات و هەژمونێكی سیاسی زیاتر بە هاوڕێیەكی خراپ دەبەخشێت كە ئەویش دژ بە هەژموونی سیاسی ئەمریكا لە ناوچەكە بەكاری دێنێت.

بەپەلە