240 بەنداوو 8 ملیار دۆلار ئاسایشی ئاوی عێراق‌و هەرێم دەستەبەر دەكات

عیراق

19/01/2019‌ 1771 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی قسەی ئەكرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان240  بەنداو و 8 ملیار دۆلار ئاسایشی ئاوی عێراق‌و هەرێمی كوردستان بۆ 30 ساڵ دەستەبەر دەكات.

هەر بەقسەی ئەكرەم ئەحمەد، كە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ كردوویەتی، لەهەرێمی كوردستان 17 بەنداو هەن، 3 لەوانە گەورە و 14شیان بەنداوی بچووك و مام ناوەندن و قەیرانی دارایی دروستكردنی چەند بەنداوێكی راگرتووەو رەتیشیكردووەتەوە، مەترسی رووخان لەسەر بەنداوی دەربەندی خان هەبێت.

ئاستی گلدانەوەی ئاوی باران لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان چۆنە و گەیشتووەتە چەند؟ 
ئەكرەم ئەحمەد: بەنداوە بچووكەكان پڕبوون، ساڵی پاریش پڕبوون، بەنداوە بچووكەكان زوو پڕ دەبن، بەڵام ئاستی ئاو لە بەنداوی دۆكان زۆر زیادیكردووە لەئەمساڵدا بەبەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، دەتوانیین بڵێین ئەو بارانەی ئەمساڵ هاتووە لە 30 ساڵی رابردوو رووینەداوە ئەو بارانە زۆرە لەم كاتانەدا باری بێت ، لە بەنداوی دەربەندیخان شتێكی زیاتر ئاو هەیە، ئێمە لە ئاستێكی جێگیردا ئاوەكەمان راگرتووە، چونكە لەبەر بارودۆخی بەنداوەكە نەمانتوانیوە ئاوی زیاتر هەڵبگرین، بەنداوە بچووكەكانیش پڕبوون، ئەمساڵ بارانێكی زۆر باریوە و چەند جاری ساڵانی رابردوو بووە، ساڵی پار لەهەولێر بەنموونە 60 ملیمێك باران باریوە، بەڵام ئەمساڵ نزیكەی 400 ملیمەتر بارانی تێدا باریوە، هەروەها لە شارەكانی دیكەش باریوە. 

ئەوەی كە زیاتر گرنگە بەنداوی دۆكانە زۆر گرنگیی هەیە لە هەڵگرتنی ئاو، لە ئەمساڵدا نزیكی یەك ملیار مەتر سێ جا ئاوی گلدراوەتەوە، لە ئەمساڵدا نزیكەی چوار ملیار مەتر سێ جا ئاو لەو بەنداوە گلدراوەتەوە، بە ئومێدی ئەوەین ئەمساڵ ئاستی زیاتریش تۆمار بكات، كەشوهەواش وا پێشبینی دەكرێت كە بارانی زۆر بەڕێوەبێت. 

لەبومەلەرزەكەی ساڵی 2018 بەنداوی دەربەندیخان زیانی زۆری پێگەیشت، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی كاری نۆژەنكردنەوە و پاراستنی وەكو پێویست بەڕێوەناچێت؟ ئەگەرچی حكوومەتی عێراق بودجەشی بۆ تەرخانكرد، بەنداوی دەربەندیخان سەلامەتە؟ 
ئەكرەم ئەحمەد: بەنداوی دەربەندیخان تەواو سەلامەت نییە، واتە كێشەی هەیە، بەڵام ئەو پارەیەی حكوومەتی عێراق بۆی تەرخانكردبوو سەرەتا بۆ كاری خزمەتگوزاریی راوێژكاری بوو، دەبوو لە كاتێكدا كێشەكە دیاری بكرێت و دواتر پارەكە دەدرێت بە كۆمپانیاكە بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بكرێت، سەرەتا چەند كۆمپانیایەك هەبوون نزیكەی 12 كۆمپانیا بوون و بانگهێشت كران، دواتر یەك كۆمپانیا مایەوە و ئەوانی دیكە وەلانران، پاشان دیار بوو ئەو كۆمپانیایەش پاساوییان هێنایەوە و رێككنەكەوتن، ئێستا دەیانەوێت بە توانای لۆكاڵی خزمەتی راوێژكاریی بكرێت، دوای كێشەكان دیاری بكرێت، بۆیە ئەمساڵ و ساڵی ئایندەش ناتوانرێت وەكو پێویست ئاوی تەواو لە بەنداوەكە هەڵبگیرێت. 

بەنداوەكە چەندین كێشەی هەیە، كێشەی لەشی بەنداوەكەی هەیە، لێكترازان هەیە لەنێوان سەررێژ و سمی بەنداوەكە، لەوێ دابەزینێك هەیە كە دەگاتە 48 سانتیمەتر و رەنگە زیاتریش بێت، درز و كراك هەیە، شتی دیكەشی هەیە تا توێژینەوە تەواونەبێت بەتەواوەتی دەرناكەون. 

مەترسیی رووخانی نییە بەنداوەكە، رووخانی ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵام ئیدی كێشەی هەیە و دەبێت چارەسەر بكرێت، ئومێد دەكەین لە چەند مانگی داهاتوو خزمەتی راوێژكاریی تەواو بێت و دواتر دەست بەچارەسەریی بكرێت. 

لەهەرێمی كوردستان چەند بەنداو هەن؟ پێویستیی بە چەند بەنداوی دیكە هەیە؟ 
ئەكرەم ئەحمەد: لەو 45 هەزار كیلۆمەتر دووجایەی لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندایە 17 بەنداومان هەیە، 3 لەو بەنداوانە بەنداوی گەورەن، 14شیان بەنداوی بچووك و مام ناوەندە، ئێمە توێژینەوەیەكی ستراتیژییمان كردووە و زیاتر لە 240 شوێنمان دیاریكردووە كە گونجاون بۆ دروستكردنی بەنداو، لەوانە 18 بەنداوی گەورەیان لێ دروست دەكرێت، لەو 18 دەستكراوە بەدروستكردنی چوار بەنداوی گەورە كە ئێستا كارەكانییان راوەستاوە، ئێستا ئەگەر بتوانیین ئەو 240 بەنداوە دروست بكەین ئەوا دەتوانرێت ئاسایشی ئاو بۆ هەرێمی كوردستان و عێراقیش دابین بكرێ و بۆ 30 ساڵی داهاتوو پێویستمان بە ئاو نەبێت، دروستكردنی ئەو بەنداوانەش كە كێشەی كەم ئاویی چارەسەر دەكات، بەڵام ئەو بەنداوانە 8 ملیار دۆلارییان دەوێت بۆ ئەوەی دروست بكەین، یان دەبێت قەرزی بۆ بكەین یان وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەوە بێن و كاری لەسەر بكەن، ئەو بەنداوانە چارەسەری كەم ئاویی هەرێم و عێراقیش چارەسەر دەكات.  

ئاژانسی ئانادۆڵو: عێراق گوایە گلەیی لەوە هەیە وەكو پێویست ئاو بەرنادرێتەوە، كێشەی ئاو لەنێوان هەرێم و عێراق هەیە؟ 
ئەكرەم ئەحمەد: ئێمە ئەو گلەییمان گوێ لێ نەبووە، بەڵام ئێمە ئاو بە پلان بەردەدەینەوە، لەوانەیە رەنگە هەندێك جار بەگوێیان نەكەین، چونكە ئێمە بەپێی پلانەكانی خۆمان رەنگە پاساومان هەبووبێت بۆ ئەو كارە، بەڵام بەگشتی تاوەكو ئێستا گوێمان لەگلەیی ئەوان نەبووە. 

هێشتا مەترسی رووخان لەسەر بەنداوی مووسڵ ماوە، یان ئەو مەترسییە لە ئێستادا نییە؟ 
ئەكرەم ئەحمەد: ئەو مەترسییە هەر لەكاتی كە بەنداوەكە دروست كرا هەبووە و كاری تەحشییە هەیە، كاتی خۆشی پسپۆڕانی سویدی رایانساپردوون كە تا دنیا ماوە دەبێت ئەو بەنداوە كاری تەحشییەی تێدابكرێت، كۆمپانیایەكی ئیتاڵی چەند كارێكی تێداكرد و كارەكە بەرەو تەواوبوون دەچێت و بەنداوەكە ئێستا ئاوی زیاتری هەڵگرتووە، بەڵام ناتوانم بڵێم سەلامەتە یان نا، چونكە هێشتا توێژینەوەكان ماون و بەهیواین هیچ كێشەی نەبێت.