توركیا زەیتونە دزراوەكەی عفرین لەئەوروپا دەفرۆشێت

کوردستان

21/01/2019‌ 3454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
ڕۆژنامەی El publica  ی ئیسپانی باسی لەوە كردووە ‌ توركیا بەهاوكاری لایەنەكانی سوپای سوریای ئازاد، زەیتی زەیتونی شاری عفرین لەباكووری سوریا هەناردەی دەرەوە دەكات‌و لەزۆرێك لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئیسپانیا دەیفرۆشێت.

سوپای توركیا و لایەنەكانی سوپای سوریای ئازاد لەناوەڕاستی مانگی مارسی 2018 و لە كردەیەكی سەربازیدا بەناوی "لقی زەیتون" دەستیان بەسەر عفریندا گرت، كە كانتۆنێكی رۆژئاوای كوردستان بوو، لەژێر كۆنتڕۆڵی شەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل بوو.

عفرین بەوە بەناوبانگە، ژمارەیەكی زۆر داری زەیتوونی هەیە، كە رێژەكەی بە پێنج ملیۆن دار خەمڵێنراوەو  بەتاڵانبردنی زەیتی زەیتوونی عفرین-یش لە لایەن توركیاوە هەریەك لە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ و ڕێكخراوی Bwrnhard Guhl سویسری ب هێناوەتە سەر هێڵ‌و باسیان لەو پرسە كردووە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: "هەزارەها كۆگای زەیتی زەیتون لەعفرینەوە لە لایەن چەكدارانی سەر بە كردەی لقی زەیتونەوە بە تاڵانبراون و لەبازاڕە جۆراوجۆرەكاندا فرۆشراون".

هەروەها رێكخراوی Bernhard Guhl سویسریش دەڵێت: "باخەكانی زەیتونی عفرین لە لایەن هێزەكانی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئەنقەرەوە تاڵان كراون، زەیتی زەیتونە دزراوەكەی عەفرین – یش لە ئیسپانیا دەفرۆشرێت، ئەوان بەردەوامیشن لەسەر فرۆشتنی ئەو بەرهەمی زەیتونە".

ڕۆژنامەكە ‌ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، كە ئیسپانیا وێستگەی كۆتایی ئەو كردەی دزی‌و فزییەیە و دەڵێت: "ئەو بڕەی هەناردەی دەرەوە دەكرێت ئێجگار گەورەیە و لەتوانای فەرمانبەرانی گومرگدا نییە بیپشكنن".

هاوكات سەرچاوە ناوخۆییەكانی ڕۆژنامەكە ئاماژە بەوە دەدەن ، كە توركیا لە دەرئەنجامی فرۆشتنی 5 هەزار تەنی بەرهەمی زەیتوونەوە بڕی 80 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لەبەتاڵانبردنی زەیتی زەیتوونی عەفرینەوە دەستكەوتووە.

ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەدەن ئێستا توركی پلەی سێیەمی گرتووە لەهەناردەكردنی زەیتی زەیتووندا بۆ دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا، تونس لەپلەی دووەم و مەغربیش لە پلەی یەكەمدایە.

سەرچاوەكان دەشڵێن ، گە گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا زەیتی زەیتونەكە دەگوازنەوە بۆ سنوری توركیا و پسولەیەكی پێدەخەن‌و لەسەری دەنووسن "زەیتی زەتوونی توركیا"، ئینجا بەدەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپای دەفرۆشن، ئەوەشی روونكردووەتەوە، كە ڕێككەوتنە بازرگانییەكانی نێوان توركیا و یەكیەتی ئەوروپا ئەو كارەیان ئاسانكردووە.

لای خۆشیەوە بەكیر باكدمیرڵی وەزیری كشتوكاڵ و ماددە خۆراكییەكانی توركیا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە، كە ساڵی پار زەیتی زەیتونی عەفرینی باكوری سوریا گەیشتۆتە توركیا و رایگەیاند "نامانەوێت پارتی كرێكارانی كوردستان سەرچاوەی داهاتی هەبێت، دەمانەوێت داهاتی عفرین بۆ ئێمە بێت".