شارپرێس ئاماری منداڵە ونبووەکانی هه‌ڵه‌بجه‌ بڵاودەكاته‌وه‌

کوردستان

16/03/2019‌ 1394 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: یاسین نادر
بەرپرسی ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند، لە سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌دا نزیکەی 211 منداڵی ونبووی هەیە و تا ئێستاش بەجددی کار بۆ گەڕانەوەیان نەکراوە.

ماردین مەحمود، بەرپرسی ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ شارپرێس-دا رایگه‌یاند، "ئەمڕۆ لە ڕێگای ئەم پێشانگایەوە دەمانەوێت کەیسی ونبووان چیدی باشتر بجوڵێنرت و داواکاری کەسوکاری ونبوان ئەمڕۆ لە پێشانگاکەمان کە بەدەستنووسی خۆیان لەماڵەکانیاندا ئەوانمان وەرگرتووە، چیدی بەهەند و جددی وەربگیرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمە داواکاری دەستنووسی نزیکەی 32 ماڵمان وەک بەڵگەیەکی داواکاری ئەوان توانیوە لەم پێشانگایە بخەینەڕوو، لەکاتێکدا ژمارەی منداڵە ونبووەکان نزیکەی211 منداڵەو لە پێشتردا ژمارەکان 190 منداڵ ڕاگەیەندراوە".

بەرپرسی ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە رونیشیدەکاتەوە، "کەسوکاری منداڵە ونبووەکان ڕۆژانە پەیوەندی بەئێمەوە دەکەن و ئەگەری زیادبوونی ئەم ژمارانەش هەر لە ئارادایە، کە ئەو هۆکاری پەیوەندی نەکردنی کەسوکاری منداڵە ونبووەکان بە ڕێکخراوەکەیانەوە، تا ئێستا بەو هۆکارە لەیەک دەداتەوە، کە زۆربەی خێزانەکان منداڵەکانیان لە هەندێک بەڵگەنامەی شارەکەدا پاش ونبوونیان وەک شەهید مامەڵەیان لەگەڵ کردووە و لە ڕیزی شەهیداندا دانراون، بۆیە خەمخۆرێکیان بۆ ئەم کەیسە کە ئەوان بە جددی بجوڵێنێت نەبینیوەتەوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، کەمتەرخەمییەک لەلایەن حکومەتەوە لەم کەیسەدا دەبینرێت، چونکە ئەمە هەڵەکارییە کە هەرڕۆژەو کەسێک لەم ونبوانە بەشێوازی جۆراوجۆر دێتەوە بۆ نێو شارەکە، کە پێویستە چیدی کەیسی ئەم ونبوانە بەهەند وەربگیرێت و ئێمەش هەنگاوەکانمان وەک بەرپرسانی ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە کە خۆشمان لەوانین، زیاتر دەکەین.

لەبارەی هاوکاریکردنی حکومەت لە یارمەتیدانی ڕێکخراوەکەیان بەرپرسی ڕێکخراوی ونبوانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، "لێرە هەر لە پارێزگار و بەڕێوبەرایەتی شەهیدان وتەندروستی و لە دادگای کەسێتی شارەکەو و یەکە ئیداریەکانیتر هاوکارو پاڵپشتییەکی باشی ئێمە لە دۆسیەی ونبواندان و هیواموایە ڕۆژانە بتوانین بەهاوکاری حکومەت ئەم منداڵە ونبوانە ۆ شارەکە بگەڕێنینەوە".