بەرزاییەكانی جۆلان.. گرنگی مێژوویی‌و راستی ململانێكان لەسەری

جیهان

24/03/2019‌ 2084 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەم ماوەیەی دوایی بەرزاییەكانی جۆلان لەڕووی میدیاییەوە گرنگییەكی زۆری پێدرا ،ئەویش هەر دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا رایگەیاند كە دەیەوێت دان بنێت بە سەروەری ئیسڕائیل بەسەر ئەو ناوچەیەدا .

یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و سوریا ئەو هەڵویستەی ئەمەریكایان سەبارەت بە بەرزاییەكانی جۆلان رەت كردەوە ، هەرچی پەیوەندی بەناوخۆی ئیسرائیلیشەوە هەیە حزبە ئیسرائیلییەكان پێیان وایە ئەو هەڵوێستەی ترامپ لە بەرژەوەندی ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسرائیل كراوە كە بەتەیبەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە نزیك بۆتەوە.

بەرزاییەكانی جۆلان چییە؟
بەرزاییەكانی جۆلان بەشێكە لە خاكی سوریا لە شەڕی ساڵی ١٩٦٧ی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیرا ، ناوچەیەكی ستراتیژییە بەسەر باكووری فەلەستین و هەندێ ناوچەی ئوردن و لوبنان دەڕوانێت ، ئەوە سەرباری ئەوەی زۆریش لە دیمەشقی پایتەختی سوریاوە دوور نییە.

رووبەری بەرزاییەكانی جۆلان ١٨٠٠ كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت ، سێبەشی ناوچەكە لەژێر دەستی ئیسرائیلدایە.

بەرزاییەكانی جۆلان بەرزاییەكی بەردەڵانییە بەسەر كۆمەڵێك شار و كۆمەڵگەی جوولەكەنشین  لە باكووری رۆژئاوی ئیسرائیلدا دەڕوانێت كە پێشتر لەژێر رەحمەتی چەكی سوپای سوریادابوون .

بەدەستبەسەرداگرتنیشی لەلایەن ئیسرائیلەوە  ئیتر سەرجەم ئەو ناوچانەی دەوروبەری تا نزیك دیمەشق كە تەنیا ٦٠ كیلۆمەتری لێوە دوورە ،ئیسرائیل بەسەریاندا زاڵ بوو .

جۆلان لەرووی كشتوكاڵییەوە زەوییەكی زۆر بەپیتە ، جگە لەوەی سەرچاوەیەكی گرنگی ئاوی ناوچەكەیە كە هەر خۆی لە بنەڕەتدا گرفتی كەمی ئاوی هەیە.

لەشەڕی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل لەگەڵ داگیركردنی كەرتی غەززە و كەناری خۆرئاوا و نیمچەدوورگەی سینا ، ئەوێشی داگیر كرد .

ساڵی ١٩٨١ مناحیم بیگن سەرۆك وەزیری ئەوكاتی ئیسرائیل بەرەسمی رایگەیاند كە جۆلان بەشێكە لە خاكی ئیسرائیل.

لەوكاتەوە هیچ وڵاتێك ئامادە نەبووە دان بنێت بەسەروەری ئیسرائیل بەسەر ئەو بەرزاییانەوە، تائەوكاتی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا لەڕێگای تویتێكەوە گوتی ئیتر كاتی ئەوە هاتووە دان بنێنن بەسەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەكانی جۆلاندا.

هەڵویستی سوریا لەسەر  خستنە پاڵی جۆلان بۆسەر ئیسرائیل چی بووە؟
سوریا ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیری ئەوكاتی ئیسرائیلی رەت كردەوە ، چی بەشەڕ بێت یان بە ئاشتی هەوڵیداوە ئەو ناوچەیە بگەڕێنێتەوە بۆسەر سوریا ، ئەوە بوو لە شەڕی ئۆكتۆبەری ساڵی ١٩٧٣ ئەو هەوڵەیدا ، هەروەك لەكاتی گفتوگۆكانی ئاشتی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو هەمان هەوڵیدا .

دانوستاندنەكانی ئاشتی لەساڵی نەوەدەكان لەسەر بنەمای زەوی بەرانبەر ئاشتی بەڕیوە دەچوون ، بەجۆرێك ئیسرائیل بەرزاییەكانی جۆلان بگێڕێتەوە بۆ سوریا بەرانبەر بەوەی سوریا ڕێكەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل مۆر بكات .

بەڵام گفتوگۆكانی ئاشتی نێوانیان چەند جارێك وەستان و دەستیان پیكردەوە ، تا لەساڵی ٢٠١١ كە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان لەناوخۆی  سوریا دەستیان پێكرد بەیەكجاری گفتوگۆكان پەكیان كەوت.

بەرزاییەكانی جۆلان سەرەڕای فراوانی رووبەرەكەی كە ١٨٠٠ كیلۆمەترە ، بەڵام ژمارەیەكی زۆر كەم خەڵكی لێنیشتەجێیە .

زۆربەی خەڵكە رەسەنەكەی دوای ئەوەی ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل دەستی بەسەر ناوچەكەدا گرت شار و گوند و كێڵگەكانی خۆیان بەجێهێشت ، تەنیا بەشێكی كەم لە خەڵكی رەسەنی ناوچەكە لەسەر زێدی خۆیان مانەوە .

بەگوێرەی ئامارەكانی ئیسرائیل ، لەئێستادا بەرزاییەكانی جۆلان نزیكەی ٤٠ هەزار كەسی تیدا نیشتەجێیە ، كە خەڵكی رەسەنی ناوچەكە و كۆمەڵگە نیشتەجێیە ئیسرائیلییەكانن ، كە نیوەیان عەرەبی سوریایی و نیوەكەی تریان ئەو جولەكانەن كە لەوێ نیشتەجی كراون.

بۆچی ئێستا جۆلان هاتەوە بەر باس ؟
لە ٢١ی ئازاری ئەمساڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێگای تویتێكەوە گوتی " ئیستا كاتی ئەوەیە دان بنێین بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەكانی جۆلاندا".

ئەو تویتەی ترامپ تەنیا دوای رۆژێك لە بانگەوازی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسرائیل هات كە تێیدا داوای لە دەوڵەتانی جیهان كرد دان بنێن بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەكانی جۆلاندا .

ئەو گۆڕانكارییە لەكاتێكدایە ناتانیاهۆ رووبەرووی ململانێیەكی توندی هەڵبژاردن بۆتەوە لەناوخۆی ولاتەكەیدا كە وابڕیارە لە ٩ی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت .

نەیارەكانی سەرۆك وەزیری ئیسرائیل  دەڵێن ئەو تویتەی ترامپ بۆ پاڵپشتی بنیامین ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەكان كراوە .

هەندێكی تر لە چاودێران دەڵێن ئەو هەوڵەی ترامپ بۆ رزگاربوونە لە یەكێك لە ئاستەنگەكانی بەردەم پلانەكەی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست .

بەڵام شرۆڤەكارە خۆرئاواییەكان دەڵێن ترامپ لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی جوولەكەكانی ئەمەریكا بۆخۆی مسۆگەر بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی