دیاردەی فرۆشتنی "گون" لەهەرێمی كوردستان پەرەدەسەنێت

کوردستان

13/04/2019‌ 8767 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەكە دیاردەی دەرهێنانی "گون" و فرۆشتنی بەكەسێكی تر، كە تووشی نەزۆكی بووە پەرەی سەندووە ، بەجۆرێك پاڵی بەلایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ناوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو بكەن .

یەكێك لەئەندامەكانی ئەو لیژنەیە بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە، لە لێدوانێكدا باسی لەوە كردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستاندایە پرۆسەكە لەنەخۆشخانە تایبەتەكاندا بەڕێوەدەچێت ، بەجۆرێك پشكنینی پزیشكی بۆ كەسی فرۆشیار دەكرێت‌و دواتر لەسەر نرخەكەی ڕێكدەكەون .

هەر لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لەو كەسانەی، كە "گون"ی خۆی فرۆشتووە دەڵێت: "دیاریكردنی نرخ و رادەی گونجاوی دوای پشكنینە پزیشكییەكان دەبێت ، پارەكەش یان پێش نەشتەرگەرییەكە یان لەكاتی چوون بۆ ژووری نەشتەرگەری رادەستدەكرێت ، خۆشم دوای نەشتەرگەرییەكە بۆ ماوەی دوو رۆژ لەژێر چاودێری تیمێكی پزیشكی پسپۆر لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی ئێران مامەوە".

ئەو كەسە باسی لەوەش كردووە، كە ئەو نرخەی ئەوان لەسەر ڕێككەوتوون ٧٠ هەزار دۆلار بووە بۆ یەك تاكە "گون"، ئاشكراشیكردووە، دوای نەشتەرگەرییەكە تووشی هەندێك لێكەوتەی خراپ بووە ، لەبەر ئەوەی توانای سێكسی لاواز بووەو كێشەی خێزانی بۆ درووست كردووە ، بۆیە بارودۆخێكی دەروونی خراپی بەسەردا هاتووە .

لای خۆشییەوە شێخ سەید محەمەد پێنجوێنی، كە زانایەكی ئاینی دیاری كوردستانە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە شەرع لەهەموو بارودۆخێكدا ئەو جۆرە پرۆسەیەی رەتكردووەتەوە و ڕێگەی پێنادات .

هەرچی پەیوەندی بە لایەنی پزیشكییەوە هەیە دكتۆر بەهزاد كۆیی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی دەڵێت: "ئەو كەسەی یەكێك لە گونەكانی دەبەخشێت تووشی نەزۆكی نابێت لەگەڵ بوونی ئەگەرێكی كەم ، بەڵام دەبێت هەموومان ئەوەمان لەبەر چاو بێت، كە ئەو منداڵانەی لە كەسی وەرگر درووست دەبن پەنجەمۆرو تۆوی خانەی كەسە بەخشەرەكە وەردەگرن نەوەك ئەوەی وەریگرتووە، كە ئەوەش شتێكی تەندرووست و شەعی نییە".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی