چۆن كێشەكانی ناو نەوەی نوێ‌ تەقییەوە؟
وردەكاری هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە سێكسییەكان

کوردستان

25/04/2019‌ 9827 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "لەرێگەی نامەیەكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی‌و دەستكاریكراویان لێكراوە"، ئەوە سەرەتایەك بوو بۆ تەقینەوەی ئەو كێشانەیە ماوەیەكە لەناو جوڵانەوەكە هەیە.

مێژووی كێشەكانی ناو نەوەی نوێ‌، بۆ شەش مانگ زیاتر پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەوەش دوای دانانی سوروە عەبدولواحید بە بەرپرسی پەیوەندییەكانی نەوەی نوێ‌ لەبەغدا لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەكە.

دانانی سوروە لەلایەن شاسوارو نەگەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی باڵاو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق‌و كوردستان، كێشەو ئاڵۆزی دروستكردووە، كە لەماوەی ئەو شەش مانگە چەندین گفتوگۆو هەوڵ هەبووە بۆ چارەسەری كێشەو ئاڵۆزییەكان، بەڵام لەجیاتی ئەوەی كێشەكان چارەسەربن، رۆژ بەرۆژ بەرەو تەقینەوە چوون.

سەرەتای تەقینەوەی كێشەكان بۆ راگەیەنراوێكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەبەغداو ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەكە لە 21ی ئەم مانگە گەڕایەوە، كە لەراگەیەنراوەكەدا باس لەوە كراوە جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بەرەو حیزبی بنەماڵەیی دەچێت، كە بەشێوەیەك بازرگانی خێزانی‌و سیاسەت وا تێكەڵكراوە ناتوانرێت لێكجیاكردنەوەیان ئەستەمە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارو نزیكی ناو نەوەی نوێ‌ دراوە بەشارپرێس، رۆژی 20 مانگ پێش بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكە، بڕیاربووە فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەپەرلەمانی كوردستان لەدەركردنی بەیاننامەكە هاوهەڵوێست، بەڵام دواتر بەهۆی چەند هەڕەشەیەكەوە ئەوان بۆ ماوەیەك بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رۆژی چوار شەممە لەو بارەوە رایگەیاند "پێش ئەوەی بەیاننامەیە لەسەر شاسوار عەبدولواحید و باندەكەی بڵاوبكەینەوە، كە دەیانەوێت جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرەو ئاقارێكی دیكەدا بەرن‌و بەرەو بنەماڵەیی بیبەن، هەڕەشەمان لێكرا، بەشێوەیەك، كە تووشی شۆك بوین".

هەر بەپێی زانیارییەكان، هەڕەشەكان بەشێوەیەك بوون، كە گرتە ڤیدیۆیی‌و تۆماری دەنگی‌و وێنەیان بڵاودەكرێتەوە، كە بەشێكی زۆر لەوێنەو گرتە ڤیدیۆییەكان بێ‌ ئاگایانەو لەشوێنی تایبەت‌و مانەوەی ئەو كەسانە گیراون، كە هەڕەشەیان لێكراوە.

لەدوای ئەو هەڕەشانەش، ناڕازاییەكانی ناو نەوەی نوێ‌ زیاتر بوون، بۆیە تەنیا پەرلەمانتارانی عێراق‌و بەشێك لەئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ‌ بەیاننامەكەیان دەركردووە، كە دوای ئەو بەیاننامەیە فشارو هەڕەشەكان زیاتر بوون.

لەگەڵ زیادبوونی فشارو هەڕەشەكان، پەرلەمانتارانی كوردستانی نەوەی نوێش هاتوونەتە سەر هێڵ‌و جەختیانكردووەتەوە، كە نابێت ئەو فشارو هەڕەشانە قبووڵ بكەن، بۆیە ئەوانیش دوو رۆژ دوای بەیاننامەی یەكەم بەیاننامەیەكیان دەركردووە.

هاوكات شادی نەوزاد لەپەرلەمانی كوردستان ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەو رایگەیاندووە، ئەگەر بشبێتە قوربانی ئەو قسانە دەكات، لەپێناوی ئەوەی چیتر هەڕەشە لەئەندامانی نەوەی نوێ‌ نەكرێت، بەڵام بەو مەرجەی پەرلەمانتارەكانی تر پشتگیری نەكەن.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، زۆرینەی پەرلەمانتارەكان پشتگیریان كردووەو دوو لەپەرلەمانتارەكانیش بەهۆی ترسیان لەهەڕەشەكان نەیانوێراوە هەڵوێست رابگەیەنن، بەڵام بەڵێنی ئەوەیان داوە، كە دژایەتی نەكەن‌و بە بێ‌ دەنگ بمێننەوە.

بەقسەی  ئەو پەرلەمانتارە، پێشتر كۆمەڵێك كەس لە دەرەوەی وڵات و لە شارەكانی دیەكەدا هاتوونەتە سلێمانی بۆ بەشداریكردن لە ۆرك شۆپ و كۆبوونەوە حیزبی و سیاسییەكانی جوڵانەوەكەدا، ئەو كەسانەی كە هاتوون لە شوقەكانی گوندی ئەڵمانی و كابینەكانی چاڤی لاند ماونەتەوە، بەڵام ئێستا هەڕەشەی ئەوە لەئەندامە بەرێزەكان دەكرێت لەگەڵ ئەو كەسانەی بەیاننامەیان دەركردووە، كە كامێرای شاراوەیان لەو كابینانە بۆ دانراون"، روونیشیكردەوە، پێش بڵاوكردنەوەی بەیاننامە ناڕازییەكە دژی شاسوار عەبدولواحید هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سێكسی دەستكاری كراوی بە دەنگ و دانانی هەندێك وێنەم بۆ من و پەرلەمانتارانی دیكەش هاتوە و تێیدا نوسراوە، چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی فیلمی روتی خۆشت بە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، قسەی ئەو پەرلەمانتارە كاردانەوەی زۆری لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌‌و تەنانەت كەناڵی ئێن ئارتی سەر بەجوڵانەوەكەش دروست كردووەو بووەتە هۆی دروستبوونی گومانی زۆرو زۆربەی ئەو كەسانەی لەبیناكانی گوندی ئەڵمانی ماونەتەوە، دەستیان كردووە بەپشكنین بۆ ئەوەی بزانن كامێرایان بۆ دانراوە یان نا.

هاوكات دوای سكاڵای ئەندام پەرلەمانەكانی نەوەی نوێ دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی دەركرد بۆ چەند كەسێكی نزیك لەشاسوار عەبدولواحید، كە یەكێكیان سكرتێری شەخسییەتی.
 
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئەمنی‌و ئاگادار بۆ شارپرێس، شەوی رابردوو بەفەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە ئەو كەسە دەستگیركراوە و دەستگیراوە بەسەر كۆمپیوتەر و مۆبایل و ئەو كەلوپەلانەی، كە گومان دەكرێت بەكارهێنرابن بۆ هەڕەشە كردن لەپەرلەمانتارەكانی نەوەی نوێ و تۆماركردنی وێنە و دەنگ لە كات و شوێنی نەشیاودا.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، ئێستا ئەو تۆمەتبارە و كەرەستە گومانلێكراوەكان، لەبەردەستی ئاسایشدان، كە سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید ناوی ر . ش‌و دوای لێكۆڵینەوە چەند زانیارییەكی ئاشكراكردووەو ناوی چەند كەسێكی تریشی هێناوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكە لێكۆڵینەوە لەسكاڵاكان و كەیسی حیزبی نەوەی نوێ، جیابوونەوەی باڵەكانی ناو نەوەی نوێ و هەڕەشەكردنی نەوەی نوێ لە ئازادیی و سەربەخۆیی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانتارەكانی، لەژێر پرۆسەیەكی وردی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دایە.

هەر بەگوێرەی سەرچاوەكە، لەناو ئەو كۆمپیتەرو مۆبایل‌و ئامێرانەی دەستی بەسەردا گیراوە، چەندین تۆماری ڤیدیۆیی سێكسی‌و دەنگی‌و وێنە هەبوون، كە بەشێكی زۆر لەو گرتەو تۆمارانە بێ‌ ئاگایانە گیراون، یان بەشێكیان دروستكراون بۆ هەڕەشە بەكارهێنراون.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە دوای ناوهێنانی چەند كەسێك هێزە ئەمنییەكان بەفەرمانی دادوەر دەستیان بەلێكۆڵنەوەی ورد كردووە، بۆ ئەوەی ئەو كەسانەش دەستنیشانبكرێن‌و دەستگیربكرێت، هەروەها لێكۆڵینەوە لەوەش دەكرێت، كە ئەو تۆمارە دەنگی‌و ڤیدیۆییانە چۆن تۆماركراون.