لاریجانی دانپێدانانێكی مەترسیداری سعودییە لەسەر سەدام ئاشكرادەكات

عیراق

29/04/2019‌ 2896 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئێرانی وتی دەستتێوەردانی ئەمریكا لەناوچەكە ئەوپەری لووتبەرزانەیەو هاوكات دانپێدانانێكی سعودییەی لەسەر سەدام حوسێن سەرۆكی پێشووتری عێراق ئاشكراكرد.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی، لاریجانی دووپاتیكردووەتەوە‌ جوڵەكانی ئەمریكا بە هاوشانی هەندێك لە دەوڵەتانی ناوچەكە،‌ هۆكارن بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆر، كە پرسێكە ڕووبەڕووی جیهانی ئیسلامی بووەتەوە.

لاریجانی لەوتەیەكیدا لە دیداری نێودەوڵەتی "ئایندەی جیهانی ئیسلامی"  لەزانكۆی تاران، ئەوەشی وت: بواری ئاسایش بنچینە سەرەكییەكەی پەرەپێدانی دەوڵەتانە، ئاماژەی بەوەشدا كە ئەمریكا و هاوئاوازەكانی، بە بڵاوكردنەوەی ناسەقامگیری ئەمنی لەدەوڵەتە ئیسلامییەكاندا، ڕێگرن لە پەرەپێدانی جیهانی ئیسلامی.

هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش‌ كردەوە، كە پرسی ئاسایش لەجیهانی ئیسلامی گرنگییەكی گەورەی هەیە، لە هەمان كاتیشدا ئاماژەی بۆ پرسی دەستتێوەردانی ئەمریكا كرد لەپرسەكانی ناوچەكە، كە بەرەبەرە لە فراوانبووندان و بەوەش‌ وەسفی كرد، ئەوپەڕی لووتبەرزانە و خۆبەزلزانانەیە.

وتیشی: پرسی تیرۆر لە ناوچەكە پرسێكی گەورەیە و بەتەواوی هەندێك دەوڵەتی سەرقاڵ كردووەو زیانێكی گەورەشی بە ئابوورییەكەیان گەیاندووە.

لاریجانی پێشیوابوو فراوانكردنی جوغزی ململانێ هەرێمییەكان لەلایەن هەندێك دەوڵەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرلێشێواویان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەو دەوڵەتانە پەی بە ڕاستی و دروستی گەورەیی ئەو گرفت و كارەساتانە نابەن، كە لە دەستتێوەردانی دەوڵەتە گەورەكان دەكەوێتەوە لە ناوچەكە.

لاریجانی ئەو پرسیارەشی وورژاند، كە ئاخۆ سوود و كەڵكی ئەو دەستتێوەردانە دەرەكییانە چی بووە بۆ هەندێك لەدەوڵەتانی ناوچەكە، كە كەوتوونە ژێرباری فشارە ئەمریكییەكانەوە لەماوەی شەڕی 8 ساڵەی سەپێنراو بەسەر ئێراندا، ئەوان خۆشیان و ئێرانیشیان تێوەگلاندو بەمەش دەرامەتەكانیان بەفیڕۆچوو.

لاریجانی ئاماژەی بە دانپێدانانی بەرپرسێكی ئەمنی باڵای سعودیە كرد، كە لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرسەكانی عێراق و لوبنان دەریبڕیووە بەوەی وتوویەتی: "ئێمە دوو هەڵەمان كردن سەبارەت بە ئێران و ناوچەكە"، یەكەمیان دامەزراندنی تاڵیبان و پشتیوانیكردنی بوو، دووەمیشیان یارمەتیدانی عێراق بوو بە بڕی 40 ملیار دۆلار تاكو لێدانێكی كوشندە لە ئێران بدات. 

پێگەی ئەلەكترۆن: SPUTNIK
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر