بەرهەم ساڵح لەرۆژی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەهەولێر ئامادە دەبێت

عیراق

06/05/2019‌ 2985 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مشتومڕی پێكهێنانی حكومەتی لەشاری سلێمانی بڕاندەوە و لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی، رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانیان واژووكرد، ئیدی لەمەودوا ئەركەكە كەوتووەتە دەست حیزبە بەشداربووەكانی حكومەت، كە بەربژێرەكانیان ئامادە بكەن.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: "ئێستا ئێمە سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری رۆشنبیری‌و وەزیری پلاندانانمان دیارە"، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش پێشبینی دەكات مەسرور بارزانی پێویستی بە كەمتر لە مانگێك بێت بۆ راگەیاندنی كابینەكەی "چونكە ئێمە و یەكێتی و پارتیش، نیوەی بەربژێرەكانمان یەكلابوونەتەوە"، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی رووداو.

شاندی پارتی، رۆژی 5/5/2019 سەرەتا چوونە گردی زەرگەتە‌و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (رووداو) كەوتوون، شاندی گۆڕان گلەییان لە نێچیرڤان بارزانی كردووە كە نەدەبوو جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێت، بەڵام گوتووشیانە كە ئاگاداری گوشار و پێداگریی یەكێتی بوونە: "هەر بۆیە گۆڕان رازی بووە لەوە زۆرتر پێكهێنانی حكومەت دوانەكەوێ، بەڵام ئەوەی گۆڕان بە جددی داوایان لە نێچیرڤان بارزانی كردووە، چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بووە". ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئەگەر چاكسازی نەكرێت، بەشداریی ئێمە لە حكومەت بێبەرهەم دەبێ".

هەر لەوبارەوە ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ: "پارتی دڵنیایی بە گۆڕان داوە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوانیان. هەر بۆیە گۆڕان بەڵێنی داوە لە ماوەی دوو هەفتەدا ناوی سەرجەم بەربژێرەكانی ئامادە بكات". 

هەروەها شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، لەدوای كۆبوونەوەكەی پارتی و گۆڕان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا وتی: "پێمانوایە لەو هەلومەرجەی كە كوردستان و ناوچەكە پێیدا دەڕوا، تا زووتر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست ببێت، لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، لە بەرژەوەندی بازاڕە، هی فەرمانبەر و موچەخۆران و هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشە".

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دوای واژۆكردنی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی، دانوستاندنەكانی بە "سەخت" ناوبرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە لەگەڵ یەكێتی گەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكومەت. چونكە هێشتا سەعاتێك لەسەر گەیشتنیان بە گردی زەرگەتە لە سلێمانی تێنەپەڕیبوو، چەند داواكارییەكی نوێی یەكێتی، خەریك بوو شاندەكەی پارتی لە واژۆكردنی رێككەوتنەكە نائومێد بكات.

هاوكات سەرچاوەیەكی بەرپرس لەیەكێتی، كە ئاگاداری زیادكردنی داواكارییە نوێیەكان بووە، بەڵام ئەو بە داواكاریی نوێ ناوی نەبرد، دەڵێ :"بۆ ئەوەی وەزیرەكانمان دەسەڵاتی تەواویان هەبێت و بتوانن كاری خۆیان بە باشی راپەڕێنن، ویستمان لەگەڵ پارتی ئەوە یەكلایی بكەینەوە كە ئەو وەزارەتانەی بەر یەكێتی دەكەون، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتەكانیش یەكێتی بن، لەگەڵ داواكردنی چەند بریكارێكی وەزارەتەكان، لەوانە بریكاری وەزارەتی پەروەردە و شەهیدان و ناوخۆ".

ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی یەكێتی، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت: "بەرهەم ساڵح لە رۆژی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دێتە هەولێر و بەشداری لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەت دەكات، ئەوەش بە مانای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و بەرهەم ساڵح دێت".

كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی رێككەوتنەكەی بە "مێژوویی" ناوبرد و گوتی: "رێككەوتنەكە مێژووییە، چونكە گەلی كورد پێشتر هەمیشە دژی یەكدی بووە و ناتەبا بوە، بەڵام هیوادارین ئەم رێككەوتنە كە بەهیمەتی هەمووان واژۆ كراوە، جێبەجێ بكرێت".

لە ئێستاوە هەوڵە نێوخۆییەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان، بۆ ئامادەكردنی بەربژێرەكانیان چڕتر دەبێتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی (رووداو) لە ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەستیكەوتوون، هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی لە ماڵباتی تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت، رێواس فایەق، لە پشكی كۆسرەت رەسوڵ بۆ سەرۆكی پەرلەمان، حەمەی حەمە سەعید لە پشكی بەرهەم ساڵح، بۆ وەزیری رۆشنبیری و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە پشكی كۆسرەت رەسوڵ بۆ وەزیری پلاندانان، یەكلایی بوونەتەوە. بەرپرسەكەی یەكێتی گوتیشی: "ئاسۆس عەلی، لە پشكی لاهور تاڵەبانی بۆ وەزیری كشتوكاڵ بەربژێرێكی بەهێزە و سەعدی ئەحمەد پیرە لە پشكی ماڵباتی تاڵەبانی بۆ وەزیری رێكخەری نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا تاڕاددەیەك یەكلایی بووەتەوە، بەڵام وەزارەتەكانی پێشمەرگە و خوێندنی باڵا، هێشتا كێبڕكێی زۆریان لەسەرە".

بۆ جاری دووەم، عومەر سەید عەلی، بەشداركردنی كۆمەڵی ئیسلامیی لە حكومەت خستەوە بەردەم نێچیرڤان بارزانی، هەرچەندە شاندەكەی پارتی گوتوویانە كە ئەوان كۆمەڵیان بانگهێشت كردووە بۆ نێو حكومەت بەڵام خۆیان ساخ نەبوونەتەوە، بەڵام هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی دەڵێ: "لەناو پارتی ئەوە یەكلایی نەبووەتەوە كە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی حكومەت دەكات یان نا، ئەگەر بەشداریش بكات دەبێت گۆڕان و یەكێتی لە پشكەكانی خۆیان وەزارەتی بدەنێ، چونكە پارتی خەریكە خۆی بە 45 كورسییەوە دەبێتە كەمینە لەناو حكومەت".

وەك هێڤیدار باسی دەكات، ئەنجوومەنی وەزیران لە 24 پۆست پێكدێت، 19 وەزارەتی فیعلی و 3 وەزیری هەرێم، 11 وەزارەت بۆ یەكێتی و گۆڕان رۆیشتووە، ئەوەی بۆ پارتی ماوەتەوە، دەبێ وەزارەتی لێ بداتە كریستیانەكان و سۆشیالیست، ئێستا زۆنی سەوز بە 33 كورسی پەرلەمان 45.8%ی پۆستەكانی بردووە و پارتی بە 45 كورسی 41%ی پۆستەكانی بۆ ماوەتەوە.

هێڤیدار ئەحمەد، باسی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكات و دەڵێ: "دەبێت پێش 48 كاژێر پەرلەمانتاران لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاگادار بكرێنەوە بۆ كۆبوونەوە، هەمواری یاسای سەرۆكایەتی ئامادەیە و لەو دانیشتنە تەنیا دەنگی پێدەدرێ و دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە بۆ بەربژێرەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆیە لەو دانیشتنەی پەرلەمانەوە، نێچیرڤان بارزانی ماوەی 14 رۆژی پێویستە وەك سەرۆكی هەرێم دەستبەكار ببێ".

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێ: "ئیدی دەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوەیە بۆ ئەوەی دەست بە رێكارە یاساییەكانی پێكهێنانی حكومەت بكات". جەلال محەممەد، لە فراكسیۆنی گۆڕان گوتیشی: "رۆژی چوارشەممە پەرلەمان كۆدەبێتەوە و بەو پێیەی حیزبەكان نیوەی بەربژێرەكانیان ئامادە كردووە، مەسروور بارزانی پێویستی بە مانگێك نابێت بۆ راگەیاندنی كابینەكەی، پێشبینی دەكەم بە 15 رۆژ هەموو شتێك تەواو ببێ".

هـ ـ ح