سلێمانی لەبەیروتە.. پلانەكانی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكاو ئێران جیاوازن

جیهان

15/05/2019‌ 4087 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی باسی لەوە كردووە، كە پلانەكانی تاران و واشنتۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەربازی لێكجیاوازن، كە ڕۆژنامەكە ئاماژەی بە چاوپێكەوتنی سەرۆكی فەیلەقی قودسی ئیرانی و زیاد نەخالەی سەركردەی جوڵانەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی كردووە.

لەوتارێكی "ڕیتشارد سبنسەر"دا، كە باس لە پلانەكانی ئەمریكا دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە، رۆژنامەی تایمز پێیوایە ئەو پلانەی واشنتۆن بۆ ئەم مەبەستە پەیڕەووی لێدەكات، تەواو جیاوازە لە پلانەكەی ئێران، دەزگا ئەمنییەكانی هەردوو وڵاتیش پەی بەو جیاوازییە دەبەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەزگا ئەمنی و سیاسییەكاینان جیاوازن لە بیركردنەوەدا، مەترسیەكەش لێرەدایە.

بەپێی ڕۆژنامەكە، ئەمریكا باوەڕی بە هێزی سەربازی تێكشكێنەر هەیە، ئەمەش لە هێنان و بڵاوەپێكردنی فڕۆكە هەڵگرەكانییەوە دەردەكەوێت كە لە جیهاندا بڵاویكردنەوە، بەڵام ئامادەباشییە سەربازییەكانی ئێران لەوەی واشنتۆن جیاوازن.

هەر لەو بارەوە ڕۆژنامەی تایمز پەردەی لەسەر كۆبوونەوەیەكی گرنگی نێوان قاسم سلیمانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی سەر بە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی و زیاد نەخالەی سەركردەی جوڵانەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی كردووە، كە لەم دواییانەدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەرێوەچووە.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە‌ ئێران ڕاستەوخۆ ناتوانێت هێرش بكاتە سەر ئامانجە ئەمریكییەكان، بەڵام دەتوانێت ئیسڕائیل قەڵس و تەنگەتاو بكات و پەلكێشی نێو ئەو ڕووداوانەی بكات كە لە كۆنتڕۆل دەردەچن، وەك ئەوەی لە غەزە دژ بە سوپای ئیسڕائیل ڕوویدا.

نووسەری ڕاپۆرتەكە پێی وایە بڵاوەپێكردنی فڕۆكەهەڵگرەكان و موشەكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، چاوەڕێی ئەوەی لێ ناكرێت بەرپاكردنی جەنگی لێ بكەوێتەوە، بەڵام دۆخێكی ورژێنەر دروست دەكات كە سیاسییەكان لێی حاڵی نابن و دەشبێتە هۆی لەدەستدەرچوونی ڕووداوەكان.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە تڕمپ ووتوویەتی نایەوێت جەنگ لەگەڵ ئێراندا بەرپاكات و گەرەكیەتی لەگەڵ تاراندا ڕێككەوێت، ئەمەش هەمان دیدی حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێرانە.

سەرچاوە: RT
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر