کەنداڵ
جودی ـ شارپرێس:
ڕوکسن
محەمەد وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە
دیدارێکی تایبەتی شارپرێسدا ئاشکرایکرد کە لە کۆبونەوەکەی
دیمەشقدا پێشنیازکراوە یەپەژە ببێتە
بەشێک لەوەزارەتی ناوخۆ، بەڵام هەتا ئێستا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی ئەوانن و وتی:
"ژمارەی شەڕڤانانی یەپەژە زیاتر
لە 1500 شەڕڤانە و ئامانجی سەرەکییان پاراستنە".
ڕوکسن
محەمەد لە سەرەتای قسەکانیدا ڕونیکردەوە کە بابەتی یەپەژە زۆر
گرنگە، نەک تەنها بۆ ژنانی کورد، بەڵکو بۆ هەموو سوریاش، هۆکاری ئەمەش تەنها بەهۆی
ئەو هەنگاوە سەربازییانە نییە کە یەپەژە هەڵیگرتون.
تێکەڵبونی یەپەژە لەناو
سوپادا قبوڵ نەکرا
ڕوکسن
محەمەد ئاماژەی بەوەکرد کە سوپای سوریا بە سیستەم و ڕێکخستنی ئێستای خۆی ئامادە
نییەیەپەژە وەک هێزێکی ژنان قبوڵ بکات و تێکەڵ بە
دامەزراوەکانی وەزارەتی بەرگرییان بکات، ئەمەش نیشانی دەدات کە بونی ژنان لە هەموو
بوارەکاندا قبوڵ ناکرێت.
وتەبێژی
یەپەژە وتیشی،" ئەو هێزە بە مێژوو و ئەزمونی خۆی لە خەباتی درێژخایەن، ئەگەر ببێتە
بەشێک لە سوپای سوریا، گۆڕانکارییەک دروست دەکات، چونکە هەموو جیهان یەپەژە و
خەباتی ئەوان دەناسێت، بەڵام بەداخەوە تێکەڵبونی YPJ لە ناو
وەزارەتی بەرگری قبوڵ نەکرا و بیانوی دیمەشقیش ئەوە بوو کە نە سوپا و نە حکومەت
ئامادە نییە ژنان ببنە بەشێک لە سوپا".
لەکۆبونەوەی
25ی ئاب لە دیمەشق چی ڕویدا؟
وتەبێژی یەپەژە ئاماژەی بە دوا کۆبوونەوەی 25ی ئاب
کرد کە لە دیمەشق لە نێوان فەرماندەکانی YPJ و
بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق بەڕێوەچوو، لەو نارەیەوە زانیاری گرنگی دایە شارپرێس و
وتی " ئێمە کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی سوریا ئەنجامدا و پێشنیازکرا
کە YPJ ببێتە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ، واتە ببنە بەشێک
لە یەکەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و بونی YPJ لە
ڕۆژئاوای کوردستان بمێنێتەوە، چونکە بەپێی پرۆسەی ئێستا، مانەوەی ئێمە وەک YPJ لە
ڕۆژئاوا بۆ ئێمە گرنگ و سەرەکییە ".
راشیگەیاند،"
لەسەر ئەم بنەمایەش ئێمە چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆین، لە هەمان کاتدا،
وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند کە ژنان لە ناو یەکەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکاندا بونیان
نییە، لەبەر ئەوە داوا کرا کە ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و دواتر وەڵام
بدرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێک لەسەر ئەم پێشنیازە نەدراوەتەوە".
ژمارەی
شەڕڤانانی YPJ چەندە؟
لە
وەڵامی پرسیاری کەنداڵ جودی پەیامنێری شارپرێسدا، کە ئایا ژمارەی شەڕڤانانی YPJ ئێستا
چەندە؟ ڕوکسن محەمەد ئاشکرای کرد کە ژمارەی هێزەکانیان زیاتر لە 1500 شەڕڤانی ژنە.
ڕوکسن
محەمەد ڕونیکردەوە کە گۆڕانکاری لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری هەیە، بەڵام وەک
ناوەڕۆک، YPJ وەک
خۆی دەمێنێتەوە و ئەرکەکەشی
وەک رابردوو هەر بریتی دەبێت لە پاراستنی ناوچە کوردییەکان لە هەر
دەستدرێژییەک کە هەبێت.
وتەبێژی YPJ لە
کۆتایی قسەکانی خۆیدا، جەختیکردەوە کە چۆن لە رابردودا YPJ تاکە
هێزی ژن بوو لە ئاستی جیهان رێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێکشکاند، لەبەر ئەوە ئەگەر YPJ لە ناو
وەزارەتی ناوخۆ قبوڵ بکرێت، ئەزمونەکانی خۆی دەکاتە بەشێک لە بەهێزیی وەزارەت و
شێوازی بەڕێوەبردن و وەرگرتنی پۆستەکانی فەرماندەکانی YPJ لە ناو
وەزارەتی ناوخۆدا، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
