بازیان... بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کەسێک دەکوژرێت و کەسێکی دیکش بریندار دەکرێت

کوردستان

15/05/2019‌ 1333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: رێژەن جەلال

کاتژمێری 6 ی دوێنێ ئێوارە بەرواری 14 / 5 / 2019 لە قەزای بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی کەسێک دەکوژرێت.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: ئەو کەسەی کوژراوە ناوی ( ڕەوا بەهادین باقی )یە پاش ئەوەی تەقەی لێدەکرێت ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتی شار دەکرێت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەستدات، لەهەمان کاتیشدا لە بەردەم مەڵبەندی تەندروستی بازیان کەسێکی تر بریندار بووە کە هیچ پەیوەندی بە ڕوداوەکەوە نیە، بەڵام برینەکەی سوکە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.

لە لایەکی ترەوە نەوزاد نوری بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ئاشکرایکرد: ڕوداوەکەوەی دوێنێ  ئێوارە لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی نێوان دوو خێزانە لەساڵی 2018 دا کە پێشتر کەسێک کوژراوە بەناوی ( سەردار تۆفیق احمد ) ، بەوتەی کەسوکاری بکوژەکەی ئەمڕۆ وەک تۆڵە لەبەرامبەر ڕووداوەکەی ساڵی پاردا ئەوەیان کردووە.
ئەوەشی خستە ڕوو کوژراوەکەی دوێنێ ئێوارە  گەنجێکە لە عەشرەتی جاف و باوکی یەکێکە لە ڕیش سپی و پیاو ماقولانی عەشرەتی جاف لە ناوچەکەیا. 
بەڕێوەبەرەکەی ناحیەی بازیان دەشڵێت: بکوژەکە لەلایەن خانەوادەی ( سەردار تۆفیق احمد ) کە ساڵی پار کوژراوە تۆمەتبارە و سەرباری ئەوەی لەلایەن دادگاشەوە بڕیاری دەستگیرکردنی دەرچووە، بەڵام تا ئێستا خۆی ڕادەستنەکردووە.

شایانی باسە ( دەڤەر نەوزاد احمد) کوڕی بکوژەکەی ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە بەڕێوەبەری ناحیەی بازیانی ڕاگەیاندووە کە باوکی ئەو لە تۆڵەی برازایەکەیدا هەستاوە بە کوشتنی ( ڕەوا بەهادین باقی).

س.هـ