شارپرێس:
شارەزای بواری سەربازی كۆستانتین سیفكۆف سەرۆكی ئەكادیمیای روسی بۆ زانستە موشەكیی و تۆپهاوێژییەكان ، بە رۆژنامەی " فزگلیاد"ی روسی راگەیاندووە، ئەگەر وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بیەوێت بەڕێگای سەربازی دۆسیەی ئێران یەكلاییبكاتەوە ئەوە تەنیا ١٢٠ هەزار سەرباز بەس نییە .
سیفكۆف پێیوایە، كە سێ سیناریۆی پێشبینیكراو هەیە بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی ئێران، كە وردەكارییەكەی لەو لێدوانە خستووەتەڕوو.
ئەو شارەزا سەربازییە رووسییە دەڵێت: سیناریۆی یەكەم خۆی لە هێرشێكی ئاسمانی و موشەكی لە چاورچێوەیەكی دیاریكراودا دەبینێتەوە بەئامانجی وێرانكردنی دامەزراوە ناوەكییەكانی ئێران ، سیفكۆف پێیوایە بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیناریۆیە ١٢٠ هەزار سەرباز بەش دەكات.
سیناریۆی دووەم بەپێی بۆچوونی سیفكۆف خۆی لەهەڵمەتێكی فراوانی ئاسمانی دەبینیتەوە بەئامانجی وێرانكردنی ژێرخانی ئابووری ئێران ، هاوشێوەی سیناریۆی یوگوسلاڤیا، لەم دۆخەدا پێویستە بەدەر لەو ١٢٠ هەزار سەربازە ، هێزی سەربازی تر بهێنرێت ، ئەم هێزە تەنیا بەشی دەستپیكردنی هێرشە ئاسمانییەكان دەكات.
سیفكۆف بەدووری نازانێت شەڕێكی ماوەدرێژیش لەگەڵ ئێران بەرپا بكرێت و خاكەكەی داگیربكرێت ، لەبەر ئەوە سیناریۆی سێیەم بریتییە لەهێرشێكی فراوان ، ئەویش لەڕێگای بەشداریكردنی هێزی وشكانی و چوونە ناو خاكی ئێران ، وەك چۆن لە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق روویدا.
بەبۆچوونی ئەو بەهیچ جۆرێك ١٢٠ هەزار سەرباز بۆ پرۆسەیەكی سەربازی لەو جۆرە بەس نییە ، بەڵكو دەبێت هێزەكە هەشت هێندە زیاد بكرێت .
ئەو شارەزا سەربازییە پێشیوایە، كە هێرشكردنە سەر چوار كەشتی گواستنەوەی نەوتهەڵگر لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی و ئیسرائیلی، یان سعودی پێیهەستاون ، ئامانج لێی پاساوهێنانەوە بووە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران .
سیفكۆف هەروەها پێیوایە، كە ئەو وڵاتانە لەو پلانەیاندا سەركەوتوو نەبوون ، بەڵام ئەوە بیانووی ئەوەی پێداون تا هێزێكی زیاتری سەربازی رەوانەی ناوچەكە بكەن .
رۆژی ٩ی مایس پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمەریكا بە وەكالەت پلانێكی پێشكەشی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد بۆ رەوانەكردنی ١٢٠ هەزار سەرباز بۆ ناوچەی كەنداوی فارسی ، ئەگەر هات و ئێران پەلاماری هێزەكانی ئەمەریكایدا یان پەرەی بە چەكی ناوەكیدا .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
