سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران جڵەوی حیزبوڵای كردووە

جیهان

20/05/2019‌ 1613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی ناو حیزبوڵاوە،‌ ئەوەی بڵاوكردەووە توندكردنی سزاكانی سەر ئێران لە لایەن ئیدارەكەی دۆناڵد تڕەمپەوە، بووەتە هۆی كەمكرنەوەیەكی بەرچاوی پارەداركردنی حیزبوڵڵا لەلایەن ئێرانەوە، ئەو حیزبەشی ناچار بەوە كردووە،‌ هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكانی.

ڕۆژنامەكە لەسەر زاری یەكێك لە فەرمانبەرانی دامەزراوە ئیدارییەكانی حیزبوڵاوە ئەوەی گواستووەتەوە، كە هەندێك لە جەنگاوەرانی ئەو حیزبە كۆتایی بە خزمەتیان هێنراوە یان گوازراونەوە بۆ هێزی یەدەگ، ووتیشی زۆرینەیان لە سوریا كێشراونەوە كە ڕۆڵێكی باڵایان لە جەنگەكانی ئەوێدا هەبووە.

سەرچاوەیەكی ناو ئەو حزبەش بۆ ڕۆژنامەكە ووتی كە كەناڵی ئاسمانی مەنار، ناچار بە داخستنی هەندێك لە پرۆگرامەكانی و لابردنی هەندێك لە كارمەندەكانی بووە، خەرجی پرۆگرامەكانیشی كەمكراوەتەوە، ئەو خۆراك و داودەرمانەشیان كەمكردۆتەوە كە مانگانە بە خۆڕایی دەیاندایە جەنگاوەر و كارمەند و  خێزانەكانیان.

سەرچاوەیەكی دیكەی ناو حیزبوڵڵا وتی: ئەو جەنگاوەر و بەرپرسانەی لەناو ڕێزەكانی حزبدا ماونەوه،‌ هێشتا بە تەواوی موچەكانیان وەردەگرن، بەڵام زێدە مافەكانی وەك خۆراك و سوتەمەنی و گواستنەوەیان لێبڕیوون.

خێزانی ئەو جەنگاوەرانەش كە لە جەنگەكانی سوریا یان دژ بە ئیسڕائیل شەڕیان كردوە، هێشتا بە تەواوی قەرەبوو داراییەكانیان وەردەگرن، حزبیش نیازی ئەوەی نییە ئەو پارانە ببڕێت.

بەرپرسێكی پایەبەرزی حیزبوڵا، كە داوای كرد ناوی نەهێندرێت، بۆ ڕۆژنامەكە وتی: سزا ئەمریكییەكان زیانی بە پارەداركردنی ئێرانی بۆ حیزبوڵا گەیاندووە، بەمەش حزبەكە خەرجییەكانی كەمكردوونەوە.

هەروەها وتیشی: بێگومان ئەو سزایانە كاریگەری نەرێنیان هەیە، بەڵام لە كۆتایشدا ئەو سزایانە بەشێكن لە جەنگەكە و دڵگەرمین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان".

بەرپرسەكە ئاماژەی بەوەشدا، كە سزاكانی سەر ئێران زەرەرێكی گەورەتری بە حیزبوڵا گەیاندووە، زیاتر لەو زەرەرەی بەر كۆمپانیا و بانق و ئەو كەسانە كەووتووەكە هاریكاری ڕاستەوخۆی ئەو حزبە دەكەن،  ووتیشی حزبەكەیان سەرچاوەی دارایی دیكەی هەن و لە هەوڵی ئەوەشدایە جۆراوجۆرتریان كات، لەو پێناوەی، ئەو هەڕەشانە بگۆڕن بە هەل و دەرفەت بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی دیكە.

بەرپرسانی ئەو حیزبە دەڵێن، كە ئەو ڕێوشوێنانە كاریگەریان نەبووە بۆ سەر دۆخ و توانستی جەنگی حزبوڵا لە ناوچەكە، هاتنی چەك و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بەردەوامە، هێشتا ئامادەی جەنگانن دژ بە ئیسڕائیل و بینینی ڕۆڵی خۆیان لە سوریا و عێراق.

بەرپرسەكە وتیشی: ئەو سزایانە تاسەر نابن، باوەڕیشی وابوو حزبوڵا لەم جەنگەدا سەردەكەوێت، هەروەك لە ڕووی سەربازییەوە پێشتر لە سوریا و عێراق سەركەوتوو بووە.

بەپێی ڕۆژنامەكە ، حیزبوڵا بۆ پڕكردنەوەی ئەو درز و كەلێنەی تووشی هاتووە، لە ژێر ناونیشانی "بەخششەكان ڕێگە لە ڕوودانی كارەساتەكە دەگرن"، هەڵمەتێكی بەرفراوانی كۆكردنەوەی بەخششەكانی لە هەوادارانییەوە دەست پێكردووە، ئەمەش وەك بەدەنگەوەهاتنی هەوادارانی ئەو حزبە بۆ بەدەنگەوەهاتنی "جیهاد كردن بە ماڵ و سامان" كە لە مارسی ڕابردوودا لەسەر زاری حەسەن نەسروڵای سەرۆكی ئەو حیزبەوە گوێبیستی بووین.

سەرچاوە: RT
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە