داوا ده‌كرێت دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید بگوازرێته‌وه‌ بۆ بەغدا

کوردستان

20/05/2019‌ 877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی ئیسلاح (چاکسازی و بنیاتنان) لە پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکی له‌باره‌ی دۆسیه‌ی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڵاوکردەوە و داوا ده‌كات دۆسیه‌كه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ به‌غدا.

15ی ئه‌م مانگه‌، دادگای سلێمانی بڕیاری ده‌ستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی جێبه‌جێكرد و دوای وه‌رگرتنی وته‌كانی له‌ دادگا ناوبراو ده‌ستگیركرا.

هاوپەیمانی ئیسلاح (چاکسازی و بنیاتنان) لە پەرلەمانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ داوا ده‌كات، "رێزی تەواو بگیرێت لە ڕێوشوێنەکانی دادگەریی و دادپەروەریی و نەزاهەت".

جەختیکردووەتەوە، لە دوورخستنەوەی دۆسیەکە لە هەر دەستوەردانێکی سیاسی بەهۆی هەڵوێستەکانی شاسوار عەبدولواحیدەوە، تایبەت بە هەندێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان.

هاوپەیمانی ئیسلاح داواشی لە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە پارێزگاری بکەن لە دەستکەوتەکانی پڕۆسەی دیموکراسی و بنەماکانی ئازادی ڕادەربڕین.

ده‌ستگیركردنی شاسوار عه‌بدولواحید دوای ئه‌وه‌ی هات كه‌ 10ی ئەم مانگە، دەزگای ئاسایشی هەرێم دانپێدانانی پێنج دەستگیرکراوی نەوەی نوێی بڵاوکردەوە، كە لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەستگیركرابون.

ئەو گەنجانەی کە لە گرتە ڤیدیۆکە ئاسایشدا دەرکەوتن رایانگەیاند، لە ژوری بەڕێوەبەردنی پەیجی فەرمی و نا فەرمی نەوەی نوێ کاردەکەن، کە راستەوخۆ لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکەوە بەڕێوەدەبرێت.