دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك كێشە بۆ رێككەوتنەكەی پارتی‌و یەكێتی دروستدەكات

کوردستان

26/05/2019‌ 1695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ شاری كەركوك كێشەی بۆ رێككەوتنەكەی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی دروستكردووە، كە لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان واژوویان كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، تائێستا پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتوون بەمیكانزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی پارێزگای نوێی كەركوك.

هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی‌و یەكێتی بەهۆی ئەوەوە نەگەیشتوون بەدیاریكردنی میكانیزمێك بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك، كە لەسەر ناوی ئەو كەسانەی هێنراون بۆ پارێزگاری نوێ‌ ناكۆكی هەیە.

شارپرێس ئەوەی زانیوە، پارتی فەرەیدوون عەبدولقادری پێشنیاز كردووە بۆ پارێزگاری كەركوك‌و یەكێتی رەتیكردووەتەوەو جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە رێككەوتنەكەیان وەهایە دەبێت خۆیان كاندید دیاری بكەن بۆ ئەو پۆستە.

پێشتر پارتی‌و یەكێتی لەمیانی گفتوگۆی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ لەسەر ئەوەش رێككەوتن، كە پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك هەڵبژێرن، كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە ئەو پۆستە لەدەست كورد نەماوە.

هـ ـ ح

بەپەلە