شارپرێس زانیاری لەسەر دانیشتنی دادگاییكردنی شاسوار عەبدولواحید بڵاودەكاتەوە

کوردستان

26/05/2019‌ 3402 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌‌و ئەندامانی جوڵانەوەكە لەبەردەم دادوەر ئامادەبوون، ئەوەش لەسەر سكاڵای چەند رۆژنامەنووسێك، كە لەسەریان تۆماركراوە.

دانیشتنی دادگایی دوای نیوەڕۆی رۆژی یەك شەممە بەرێوەچووە، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، سەرەڕای ئەوەی چەند تۆمەتبارێك لەدانیشتنەكە دانیان بەزۆربەی ئەو تۆمەتانە ناوە، كە ئاراستەیان كراوە، بەڵام خودی شاسوار عەبدولواحید سەرجەم تۆمەتەكانی رەتكردووەتەوە.

لەو بارەوە نیاز سەعید یەكێك لەو كەسانەی سكاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماركردووەو لەدانیشتنەكەی دادگا وەك سكاڵاكار ئامادەبووە، بۆ شارپرێس دەڵێت: سكاڵاكەی ئێمە بەشێوەیەكە لەسەر كاك شاسوار عەبدولواحید، كە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانە، بەڵام "ئێمە پێمانوایە ناوەڕۆكی ئەو جۆرە ناوهێنان‌و تۆمەتانەی ئاراستەی ئێمە كراوە، چەندین مادەی یاسایی تریش دەگرێتەوە".

نیاز سەعید نووسەرو سیاسی دەشڵێت: ئێمە داوا دەكەین ، كە ئەو كەیسە هەر لەچوارچێوەی خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان نەمێنێتەوە، چونكە راستە لایەنی بەرانبەر ئەو شتانەی بڵاوكردووەتەوە، ئامێرەكانی پەیوەندی خراپ بەكارهێناوە، بەڵام كە بەخراپ بەكارهێناوە، تۆمەت‌و بوختانی زۆری بەرانبەر ئێمە بەكارهێناوە، كە جۆری ئەو بوختان‌و تۆمەتانە چەندین بڕگەی یاسایی تریش دەگرێتەوە.

هەروەها دەڵێت: لەئێستادا ئێمە چاوەڕێن بزانین ئاراستەی لێكۆڵینەوەو دادگایی بەرەو كوێ‌ دەڕوات، لەقۆناغەكانی داهاتووتردا پارێزەر دەگرین‌و داوای ئەوە دەكەین، بەهەموو ئەو ماددانەی سكاڵاكانمان دەگرێتەوە، تۆمەتبار دادگایی بكرێت.

لەبارەی هەڵوێستی ئەو كەسەی سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، نیاز سەعید وتی: من سكاڵام لەسەر ئەو كەسە تۆماركردووە، كە ماڵپەڕی رۆژنامەی دروست كردووەو بەڵگەی پێویستم خستووەتە بەردەم بەرێز دادوەری لێكۆڵینەوە، كە تۆمەتبار نەیتوانی رەتیبكاتەوەو دانی بەوەدا نا، كە ئەو كەسە یەكێكە لەسكرتێرەكانی كاك شاسوار، دانی بەوەشدا نا هەموو دۆكۆمێنتەكان راستەو 600 دۆلاری بۆ دروستكردنی ماڵپەڕەكە خەرجكردووەو ئەو بڕە پارەشی لەبەشی ژمێریاری كۆمپانیای نالیا خەرجكردووەو باسی لەوەش كردووە، هەڵبژاردنی ناوی ماڵپەڕی رۆژنامە لەسەر بڕیاری كاك شاسوار بووە، كە چەند ناوێكیان لەبەردەست بووەو كاك شاسوار ئەو ناوەی هەڵبژاردووە، كە بەشێوازێكی نهێنی‌و بندیوار دەیكەنەوە، 

هەروەها ئاشكرایكرد، لەسەر ئەو تۆمەتەی ئاراستەی من كراوە، كە گوایە سەر بە پاراستنی پارتیم‌و سیخوڕی دەكەم، تۆمەتبار دانی بەوەدانا، "كاك شاسوار خۆی بەنامەی واتس ئاپ ناردوویەتی‌و وتوویەی ئەمە لەسەر نیاز سەعید بڵاوبكەنەوە، ئەوەش بەگوێرەی دانپێدانانی یەكێك لەدوو سكرتێرەكەی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، لەبەردەم بەرێز دادوەرو خودی كاك شاسواریش".

لەبارەی هەڵوێستی شاسوار عەبدولواحید لەسەر ئەو دانپێدانانە، ئەو نووسەرە وتی: كاك شاسوار بەكۆی گشتی‌و بەرانبەر ئەو سكاڵایانەی ئاراستەی كراوە، هەر ئەوەندە بەدێڕێك وتی: "من هەموو ئەوانە رەتدەكەمەوە، من باوەڕم بەم كەیسە نییە".

چەند رۆژێكە شاسوار عەبدولواحیدو چەند ئەندامێكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەستگیركراون، كە میدیای نەوەی نوێ‌ وا بڵاویدەكەنەوە، كە ناوبراو لەژووری تاكەكەسییەو مانی لەخواردن گرتووە، بەڵام سەرچاوەكەی شارپرێس هەموو ئەوانەی رەتكردەوەو وتی: شاسوار عەبدولواحید زۆر باش بووەو تەندروستیشی هیچ خراپ نەبووە، تەنانەت زۆر بەئاگا بووەو جلوبەرگی رێك‌و پێك بووە.

هاوكات هەر ئەمڕۆ ئەندامێكی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بەناوی بەسمە محەمەد، ئاشكرایكرد، سەردانی شاسوار عەبدولواحیدو ئەندامانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەزیندان كردووەو دۆخیان زۆر باشەو شاسواریش خۆی داوای ژووری تاكەكەسی كردووە.

هەروەها لەدوای دانیشتمی دادگا ئەو كەسانەی سكاڵایان لەسەر شاسوار تۆماركردووە، راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
(راگەیەندراوی رۆژنامەوانیی)
دادگا ، سكاڵاكەرانی رۆژنامەنووس و نووسەرانی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحیدو گرووپی  سۆشیال میدیای نەوەی نوێ رووبەروو كردەوە
ئەمڕۆ یەكشەممە (26ی 5ی 2019) دادگای سلێمانی دانیشتنێكی رووبەروبونەوەی دادگاییكردنی بە ئامادەبوونی پێنج رۆژنامەنووس و نووسەری سكاڵاكەر ، لەبەرامبەر ئامادەبوونی (10) ئەدمینی پەیجەكانی (فایلی نهێنی و داهاتویەكی نوێ‌ و رۆژگوڵ و پەیج و ماڵپەری رۆژنامەو....)و شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی نوێ‌ و (2) سكرتێری سەرۆكی جووڵانەوەكەو (2) پارێزەری ناوبراوان  رێكخست.

لەرووبەروبونەوەكەدا هەردوو سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید؛ لەبەردەم رۆژنامەنووس و نووسەران و دادوەری بەرێزدا ؛ دانیان بەوەدا نا ، كە فرمان و رێنماییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە وەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوە جۆراوجۆرانەی كە بۆ ناوزڕاندنی ئێمەو ئەوانی تریش  لەماڵپەڕی (ڕۆژنامە)و پەیجە بندیوارو نهێنییەكانی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)دا بڵاویان كردۆتەوەو ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی دەقی بووختان داتاشین و تۆمەت هەڵبەستنەكانی داڕشتووەو بۆی ناردوون بۆ بڵاوكردنەوەو بەڤیزا كارتی ناوبراو ؛ ئەو ماڵپەڕو پەیجانە سپۆنسەر كراون و بەرێوەبراون ، ئەو كارانەش لەرێگەی گرووپ چاتێكەوە كراوە كە سكرتێرەكانی شاسوار عەبدولواحیدو لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) سەرپەرشتییانكردووە. 

ئێمە گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە بەشێك لەو (10) كەسەی ئێستا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید دەستگیركراون ، كوڕی هەژارن و بوونەتە قووربانیی و  لەرێگەی هەندێك گووشارو فشارەوە ؛ ئیستیغلالكراون و بەكارهێنراون بۆ بەرێوەبردنی ئەوماڵپەڕو پەیجانە.

ئێمە لەیەكەم دانیشتنی رووبەرووبونەوە دادگاییەكەدا رایدەگەیەنین كە: یەك: پرۆسەی رووبەرووبونەوە دادگاییەكە زۆر شەفاف و ئازاد بوو ،ئەدمینەكان ئەو راستییەیان دەخستە روو كە شاسوار عەبدولواحید چۆن ئەوانی بەكارھێناوە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەرێگەی دوو سكرتێرەكەی و لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)وە  ؛ بۆ ناوزڕاندن و بڵاوكردنەوەی بووختان و تۆمەت و پەلاماردانی ئێمەو خەلكی تریش..

دوو: راستە ئێمە بەشێكین لەقووربانییەكان ، لەھەمانكاتدا داواكارین ئەم كەیسە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە یەكلا بكرێتەوەو ئێمە سوورین لەسەر سكاڵاكەمان و وەرگرتنی مافی خۆمان..

لەگەڵ رێزماندا...
كەمال رەئوف: سەرنووسەری ماڵپەری شارپرێس
نیاز سەعید: نووسەرو سیاسیی
تاریق فاتیح: سەرنووسەرو خاوەنی ئیمتیازی ڕۆژنامەی هاوڵاتی
محەمەد ئاوات: رۆژنامەنووس
سیروان رەشید: رۆژنامەنووس