لێكۆڵینەوەیەك پەیوەندی نێوان خواردنی هێلكە و كۆلیسترۆڵ ئاشكرادەكات

تەندروستی

27/05/2019‌ 2077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەیەكی نوێی فینلەندی ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە هیچ پەیوەندییەك نییە لەنێوان خواردنی هێلكە سەرچاوەی سەرەكی كۆلیسترۆڵە و مەترسی ڕوودانی وەستانی مێشك لای پیاوان .

زاناكانی زانكۆیەكی فینلەندی داتا ی تەندرووستی ١٩٥٠ پیاویان كۆكردۆتەوە  كە تەمەنیان لەنێوان ٤٢ بۆ ٦٠ ساڵیدا بووە و بۆماوەی ٢١ ساڵ چاودێری تەندرووستیان كردوون ، دەركەوتووە كە لەو ماوەیەدا ٢١٧ حاڵەتی مێشك وەستان لەناویاندا ڕوویداوە .

ئەو كەسانە بەتێكرایی هەفتانە چوار هێلكە و نیویان خواردووە و رۆژانە  ٤٠٨ میلیگرامیان كۆلیسترۆڵ وەرگرتووە .

زاناكان سەرنجیانداوە، كە هیچ جیاوازییەك نەبووە لەنێوان ئەوانەی بەتێكڕایی هەفتانە دوو هێلكەیان خواردووە لەگەڵ ئەوانەی هەفتانە شەش هێلكەیان خواردووە ، هەروەك ئەوانەی رۆژانە ٣٣٣ میلیگرام كۆلیسترۆڵیان وەرگرتووە لەگەڵ ئەوانەی رۆژانە ٤٥٩ میلیگرامیان وەرگرتووە.

جیركی فیرتانین پرۆفیسۆری یاریدەدەر  لە زانكۆی رۆژهەڵاتی فینلەندا كە سەرپەرشتی توێژینەوەكەی كردووە دەڵێت " ئامۆژگاری كەس ناكەین كە هێلكە زۆر بخۆن كە سەرجاوەیەكی سەرەكییە بۆ كۆلیسترۆڵ ، بەڵام ئەو كەسانەی هیچ گرفتێكی نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن و و نەخۆشیی شەكرەیان نییە هیج گرفتێك نییە ئەگەر رۆژانە هێلكەیەك بخۆن .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی