قوباد تاڵەبانی هەموانی نیگەران كردووە
شارپرێس ناوەڕۆك‌و بڕیارەكانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرادەكات

کوردستان

29/05/2019‌ 18630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی چەند بڕیارێك دراوە، كە تایبەت بووە بەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان، كە بەشێك لەبڕیارەكان توندبوون.

كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی رۆژی چوار شەممە بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ ئەنجامدراوە، كە بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو كۆبوونەوەكە، زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی هاوڕابوون لەسەر هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی بۆ بڕیاری دەنگنەدان بەنێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان.

هەر بەپێی زانیاری سەرچاوەكە، جگە لەهاوڕابوون تەواوی ئەندامانی سەركردایەتی پشتگیری بڕیارەكەشیان كردووەو جەختیان كردووەتەوە هەڵوێستێكی باش بووە، كە لەبەرانبەر پارتی دیموكرات نایان.

پەرلەمانی كوردستان رۆژی سێ‌ شەممە كۆبووەوە، كە كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌و لەكۆبوونەوەكەش نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی بەسەرۆكی هەرێم هەڵبژێرا، كە یەكێتی بەهۆی نیگەرانییەكانی لەپارتی بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكردو فراكسیۆنی ئەو حیزبە دەنگیان بەو كاندیدە نەدا، ئەوەش پارتی نیگەران كرد.

بڕیارەكانی ناو كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی
سەرچاوە تایبەتەكەی شارپرێس بڕیارەكانی ناو كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ شارپرێس ئاشكراكردو رایگەیاند، كە بڕیاردراوە هەر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یان سەركردایەتی، پێچەوانەی ئەو هەڵوێستە قسە بكات، ئەوە تووشی لێپرسینەوە بكرێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، بڕیاری كۆتایی بۆ بەشداریكردن لەحكومەت ئەوە بووە، كە پارتی دیموكرات بەپێی رێككەوتنی واژووكراو پابەندبێت بەیەكلاكردنەوەو دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك‌و رێككەوتن لەسەر پرسەكانی بەغدا.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەگەر پارتی بۆ ئەوە نەیەتە پێشەوە، ئەوە سەركردایەتی یەكێتی پابەندی بڕیارەكانی ئەو سەرۆكایەتییانە نابێت هەڵدەبژێرێن‌و بەشداری حكومەتی هەرێم ناكەن‌و دوای ئەوەش كاردانەوەی تریان دەبێت.

قوباد تاڵەبانی هەموانی نیگەران كردووە.
بەو هەڵوێستەی قوباد تاڵەبانی لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نواندی، كە پیرۆزباییكردن بوو لەنێچیرڤان بارزانی لەمیانی پەیامێك، تەواوی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی نیگەران بوون، ئەوەش بەقسەی سەرچاوەكەی شارپرێس.

هەر بەقسەی ئەو سەرچاوەیە، تەنانەت بافڵ تاڵەبانی نیگەران بووە لەو هەڵوێستەی قوباد تاڵەبانی‌و پشتگیری ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردووە، بەوەی چ رێكارێك لەبەرانبەر براكەی دەگرنە بەر.

هـ ـ ح