شارپرێس: راپۆرتە میدیاییەكان باس لەوە دەكەن، كە رەفعەت ئەسەدی مامی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا لەنێوان ٩ بۆ ١٨ی كانوونی یەكەم لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا لەسەر تۆمەتەكانی بردنی ماڵی گشتی و سپیكردنەوەی پارە دادگایی دەكرێت . دوای ٥ ساڵ لە لێكۆڵینەوە ، دادوەری فەرەنسی ڕینۆ ڤان رۆیمبكی فەرمانی كرد بەوەی لە ١٥ ی ئەپریل ڕەفعەت ئەسەد دادگایی بكرێت ، تاوەكو دەربكەوێت ئایا ناوبراو دەستی هەبوو لە خواردنی ماڵی گشتی و سپییكردنەوەی پارەی سوری ، ئەوە جگە لەبەنایاسایی هێنانی خزمەتگوزاری ماڵان و كارپێكردنیان لەماڵەكەی خۆی و دانی پارەكەیان بە نەختی . رەفعەت ئەسەدی تەمە (٨١ ساڵ) لەناوەراستی هەشتاكانەوە لەئەوروپا دەژی، لەساڵی ٢٠١٦ شەوە لەوكاتەوەی لەپاریس تۆمەتی ئاراستە كراوە جموجۆڵە نێودەوڵەتییەكانی لەژێر چاودێری دادوەریدایە . ڕەفعەت ئەسەد پێشتر یەكێك بوو لە پایەكانی رژێمی سوریا بەسەرۆكایەتی حافز ئەسەدی برای ، فەرماندەی یەكەكانی بەرگری نیشتمانی بوو، كە رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە سەركوتكردنی ئۆپۆزیسیۆن لە شاری حەما لەساڵی ١٩٨٢ . لەساڵی ١٩٨٤ دوای ئەوەی بەشداری لە یاخیبوونێك كرد لە دژی حافز ئەسەدی برای ناچاركرا سوریا بەجێبهێلێت . لەماوەی مانەوەی لەئەوروپا لەگەڵ چوار ژنەكەی و دەستوپێوەندێك، كە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ كەس دەبن ، موڵك و ماڵ و خانووبەرەیەكی زۆری بەیەكەوەنا بەجۆرێك گومانی درووست كرد بەوەی ئەو موڵكانە بەشێوەیەكی ڕەوا كۆكرابێتەوە . لەساڵی ٢٠١٤ و دوای ئەوەی رێكخراوی ناحكوومی شیربا، كە دژی گەندەڵی دەجەنگێت داوایەكی یاسایی لەسەر تۆماركرد ، دەستكرا بە لێكۆڵینەوە كردن لەگەڵی لەسەر ئەوەی چۆن ئەو ئیمپراتۆرییەتە خانوبەرەییەی بەیەكەوەناوە . لە فەرەنسا دەستگیراوە بەسەر هەموو ئەو خانوبەرەیەی هەیەتی ، لەدیارترینیان دوو هۆتێل و نزیكەی ٤٠ شوقە لە گەڕەكە كەشخەكانی پاریس ، لەكاتێكدا لە ئیسپانیا زیاتر لە ٥٠٠ خانوبەرەی هەیە كە نرخەكانیان بە زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەملێنرێت . وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی