خەرجی سەربازی لە جیهاندا بەرزدەبێتەوە
ئەمریكا و چین بڕێكی زەبەلاح پارە لەهێزە سەربازییەكانیان خەرج دەكەن

جیهان

16/06/2019‌ 1073 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:    
جیهان بە خێراییەكی زۆر خۆی پڕچەك دەكات، ئەم ڕاستییە ئەنجامی ڕاپۆرتێكی تازەیە، كە لە لایەن دەزگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی نێودەوڵەتی ستۆكۆڵم (SIPRI) بڵاوكراوەتەوە. 

ئەو دەزگایە رایگەیاندووە، خەرجی سەربازی جیهان ساڵی ڕابردوو بۆ ١.٨ ترلیۆن دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی خەرجییە لەو تۆمارە باوەڕپێكراوانەی، كە بەردەستن، واتە لە ساڵی ١٩٨٨وە. 

هەروەها ئەو ڕێژەیە ٧٦٪ بەرزترە لە خەرجی سەربازی ساڵی ١٩٩٨ ، كە لەو كاتەدا گرژییە نێودەوڵەتییەكان بەرەو كەمبوونەوە چووبوون‌و ئەو بەرزبوونەوەیەش لە كاتێكدایە، كە لە جیهاندا گرژییە جیۆپۆلەتیكییەكان لە گەشەی بەردەوام دان.

فڕینی خەرجییە لەهەر شتێك زیاتر دەرئەنجامی زیادبوونی ناكۆكییەكانی نێوان دوو زلهێزی گەورەی جیهان، ئەمریكا و چینە لەسەر باڵادەستی لە كیشوەری ئاسیادا، كە ئەمریكا لە ساڵی ٢٠١٨، بۆ یەكەمجار لەماوەی حەوت ساڵدا بودجە زەبەلاحە سەربازییەكەی بەرزتر كردەوە. 

ئەو بەرزكردنەوەیە ڕەنگدانەوەی سیاسەتەكانی ئیدارەی ترەمپ بوو، ئەوەی ناسراوە بە ''ململانێی زلهێزەكە'' لەگەڵ ڕووسیا و چیندا، كە ئەمەش پێوستی بە چەكی ئاڵۆزتر و گرانتر هەیە، لە جێگەی ئەو جەنگە گەریلاییە بێ ئەنجامانەی كە لە ٢٠٠١وە دەستی پێكردبوون.

بەپێی لێكدانەوەكانی (SIPRI) خەرجی سەربازی ئەمریكا هاوشێوەی نییە. خەرجی ساڵی ٢٠١٧ كە (٦٤٩) ملیار دۆلار بوو، نزیكەی ئەوەندەی خەرجی هەر هەشت وڵاتی دوای خۆی بوون. تەنانەت ئەمەش حەزەكانی پنتاگۆن تێر ناكات. ئەمساڵ ئەم خەرجییەی بەرز كردەوە بۆ ٧١٦ ملیار دۆلار و ئاواتەخوازیشە لە ٢٠٢٠دا بیگەیەنێتە ٧٥٠ ملیار- ئەمەش بەرزبوونەوەیەكە كە زیاترە لە بودجەی بەرگری هەموو هاوپەیمانەكانی لە ناتۆدا. 
 
چین زۆر لە دواترە، خەرجییەكانی نزیكەی چارەكێك بۆ دوو لەسەر پێنجی خەرجی سەربازیی ئەمریكان (شارەزایان دەڵێن ڕێژەكە بەوردی دیار نییە بەهۆی ئەو ناڕوونیەی لە خەرجییەكانی چیندا هەیە)، بەڵام ڕێژەكە بە بەردەوامی بۆ ماوەی چارەكە سەدەیەكە لە بەرزبوونەوە دایە، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕانی تەواوەتی تەرازووی هێز لە ئاسیادا.

لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٨دا خەرجی سەربازی ئەمریكا بەشێوەیەكی گشتی ١٧٪ كەمی كردووە، لە كاتێكدا هی چین بە ڕێژەی ٨٣٪ زیادی كردووە، ئەمەش لە مێژووی چیندا بێوێنەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی خەرجی سەربازی چین بەراورد بە بودجەكەی هێشتا كەمترە لەو پێنج وڵاتانەی لە پیشەنگ دان. واتە ١،٩٪ بەراورد بە ٣،٢٪ی ئەمریكا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە هێشتا بوار هەیە بودجە سەربازیەكەی چین زیاتر گەشە بكات گەر گرژییە نێودەوڵەتییەكان زیاتر ببن.

لە بەرانبەر ئەوەدا، نەیارە هەرێمییەكانی چینیش گیرفانەكانیان واڵا كردووە. لە ئێستادا بودجەی سەربازی هیندستان زیاترە لەهەر وڵاتێكی ئەورپی. بەرزبوونەوەی ساڵانەی بودجەی سەربازی كۆریا لە ٢٠١٨دا بەرزترین بوو لە ٢٠٠٥وە. یابانیش ئامادەكاری كردووە كە لە پێنج ساڵی داهاتوودا خەرجییەكانی زیاتر بكا و كۆمەڵی چەكی بەرگری گرنگیشی پەرە پێداوە. بە گشتی، خەرجی سەربازی لە ئاسیادا ٢٨٪ خەرجی جیهانی پێك دەهێنێت، ئەمە لە كاتێكدا لە ١٩٨٨ تەنیا ٩٪ بوو.

لە هەمان كاتدا، وڵاتە ئەوروپییەكان، كە لە دوای جەنگی ساردەوە هێزە سەربازییەكانیان بە بەرچاوی كەم كردبووەوە، ئێستا لە خەریكی خۆڕێكخستنەوە دان. لە ساڵی ٢٠١٨، وڵاتانی ئەوروپی هاوپەیمان لە ناتۆدا خەرجییە سەربازییەكانیان بە ڕێژەی ٤،٢ بەرز كردەوە. پۆلەندا، كە بە تایبەت لە ڕووسیای هاوسێی نیگەرانە، خەرجییەكانی بە ڕێژەی ٨،٩٪ بەرز كردەوە.

گەر خەرجی سەربازی وڵاتانی ئەوروپا بەیەكەوە كۆبكەینەوە، كیشوەرەكە دەبێتە دووهەم گەورەترین هێزی سەربازی جیهان، كە چوار ئەوەندەی ڕووسیا لە بواری سەربازیدا خەرج دەكات.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم خۆپڕ چەك كردنە لە هەموو جیهاندا نییە. خەرجی سەربازی لە ئەفریقا لە ٢٠١٨ بۆ ماوەی چوار ساڵ لەسەریەك كەم بووەوە. 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وا دەردەكەوێت، كە پاش چەندین ساڵ لە خۆ پڕچەك كردنی شێتانە، بەرەو ساردبوونەوە بچێت. لە كاتێكدا كە دەزگای SIPRI داتای پێوستی بەردەست نییە سەبارەت بە قەتەر و ئیمارات كە دوو گەورەترین بەكاربەری چەكی كۆمپانیا خۆرئاواییەكانن، هەروەها سەبارەت بە یەمەن و سوریای پڕجەنگ، بەڵام لە تەواوی وڵاتانی تری هەرێمەكەدا ڕێژەی خەرجی سەربازی لە ٢٠١٨ بە ڕێژەی ١،٩٪ كەم بووەوە.

ئەم ئاقارە وادیارە بەردەوام دەبێ. سعودییە، كە دەوڵەمەندترین وڵاتی هەرێمەكەیە و ٨،٨٪ی كۆی بودجەكەی بۆ بواری سەربازیە، لەمساڵدا خەرجی سەربازی بە ڕێژەی ٩،١٪ كەم دەكاتەوە. ئێرانی ڕكابەری، پلانی هەیە كە ڕێژەكەی خۆی كەمتریش بكاتەوە. هەرچەندە سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعات خەرجیان زیادی كردووە.

بەڵام سەرنجڕاكێشترین دژیەكی ڕووسیایە. ڤلادیمێر پۆتین لە مانگی شوباتدا پرسیاری لە ڕكابەرە خۆرئاییەكانی كرد ''دەتوانن لێكی بدەنەوە؟'' '' بە دڵنیاییەوە دەتوانن، با خێرایی و مەودای ئەو سیستەمە موشەكی و چەكییانە لێك بدەنەوە كە ئێمە گەشەیان پێدەدەین.'' بەڵام سەرەرای نیشاندانە هەڕەشە ئامێزكانی موشەكە تازەكانی، بە پێی لێكدانەوەكانی دەزگای SIPRI خەرجی سەربازی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٨ بە ڕێژەی ٣،٥٪ كەمی كردووە – كە بۆ یەكەم جارە لە ماوەی دەیەیەكدا دەچێتە دەرەوەی پێنج وڵاتە پیشەنگەكانەوە. ئەمە ڕەنگە دەرئەنجامی لاوازبوونی دراوی ڕووسیا بێت. پێدەچێت خەرجییە سەربازییە لەمێژینەكانی ڕووسیا بەرەوە كۆتایی بچێت. ئەمە مایەی نیگەرانییەكی جدیە بۆ مستەر پۆتین.

سەرچاوە: The Economist
وەرگێڕان: هێمن عەزیز

بەپەلە