ململانێ‌و گۆڕانی كەشوهەوا جیهان بەرەو برسێتی زیاتر دەبەن

جیهان

18/06/2019‌ 1103 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتێكی تازەی پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی نێودەوڵەتی ستۆكۆڵم SIPRI، دەریدەخات كە ململانێ و گۆڕانی كەشوهەوا بەرپرسیاری سەرەكی بەرزبوونەوەی ڕێژەی برسێتین لە جیهاندا.

زیاد لە ٨٠٠ ملیۆن مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا بەرەو برسێتی دەڕۆن. بەپیی ڕاپۆرتی ئەو دەزگایە ٦٠٪ ئەو ڕێژەیە لەو وڵاتانەن كە گیرۆدەی ململانێن. ڕاپۆرتەكە دەڵێت كە ناسەقامگیری سیاسی و ئاوارەبوون بەهۆی ململانێوە دەبنە هۆی دروستبوونی قەیرانی خۆراك.

دەزگاكە ئاماژە بەوە دەكات ، كە خۆراك بە زەحمەت دەگات بەو خەڵكانەی لە ململنێكانەوە گلاون‌و رایگەیاندووە كەمی و سنوورداری خۆراك دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و بێتوانایی خەڵك لە كڕینی خۆراكی پێویست.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، گۆڕانی كەشوهەوا توانای خەڵك لە بەدەستهێنانی خۆراكی پێویست سنووردار دەكات. دەڵێت كە كەمبوونەوەی دانەوێڵە و بژێوی لە وڵاتانی هەژاردا بەهۆی لافاو و وشكەساڵی كوشندەوە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی برسێتی.

بەرنامەی خۆراكی جیهانی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە ساڵی ڕابردوو یەمەن تووشی گەورەترین قەیرانی خۆراكی بووە، بە دوای ئەویشدا وڵاتانی كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ، ئەفغانستان، ئەسیوپیا، سوریا، سودان. باشووری سودان و نەیجیریا دێن.

هێرڤ ڤێرهوسڵ، وتەبێژی بەرنامەی خۆراكی جیهانی دەڵێت كە دوو لەسەر سێی ئەو خەڵكانەی ڕووبەڕووی برسێتی سەخت بوونەوە لەو هەشت وڵاتەدا دەژین.

ئەو وتی ''تەنانەت لەو ناوچانەش كە گیرۆدەی ململانێن و خۆراكی پێویست دەست ناكەوێت وەك لە باشووری سودان و یەمەن، كاتێك ئێمە دەتوانین كارەكانمان بە پاریزراوی بكەین و دەستمان بە خەڵكانی خاوەن پێویستی ڕابگات، دەتوانین ڕێ لە خراپترین شێوەكانی برسێتی بگرین. تەنیا كاتێك قاتوقڕی ڕوودەدات كە تیمەكانمان ناتوانن بگەن بەو خەڵكانەی پێوستیان بە خۆراكە ئەمەش بە هۆی نەبوونی ئاسایشەوە یان ڕێگە پینەدانمانەوە.''

ڤێرهوسڵ دەشڵێت: لە ئێستادا نزیكەی ١١٣ ملیۆن كەس لە ٥٣ وڵاتی جیاوازدا بە دەست برسێتیی سەختەوە دەناڵێنن و پێویستی بەپەلەیان بە هاوكاری خۆراكی و بژێوی هەیە. دەشڵێت لە ٢١ لەو وڵاتانەدا ململانێ و نەبوونی ئاسایش سەرەكیترین هۆكاری برسێتین.

بەرنامەی خۆراكی جیهانی گەورەترین ئاژانسی مرۆییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتی. هەموو ساڵێك هاوكاری خۆراكی بۆ نزیكەی ٩٠ ملیۆن كەس دەستەبەر دەكات لەو ناوچانەی كە دووچاری ململانێ و كارەساتە سروشتییەكان دەبنەوە.

وەرگێڕانی: هێمن عەزیز