یەكەم رێوشێنی سەربازی ئەمریكا لەدژی ئێران دەستیپێكرد

جیهان

19/06/2019‌ 5509 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی تۆڕی "CNN" ی ئەمەریكی ، پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمەریكا بەوەكالەت لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داواكاریی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكی (CENTCOM) رێگە بە هەزار سەربازی تر دەدرێت بۆ ئامانجی بەرگریانە و بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشە ئاسمانی و دەریایی و وشكانییەكان بنێردرێنە رۆژهەڵاتی ناوەراست ".

لەبەیاننامەكەدا هاتووە، هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران راستی و درووستی ئەو زانیاریانە پشتراست دەكەنەوە، كە بەدەستمان گەیشتوون سەبارەت بە هەڵسوكەوتی دوژمنكارانەی هێزەكانی ئێران و ئەو گرووپەكانەی هەڕەشە لە وڵاتە یەكگرتووەكان و بەرژەوەندییەكانی دەكەن لەسەرانسەری ناوچەكە".

هەروەك لەبەشێكی تری بەیاننامەكەی بریكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكادا هاتووە، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نایەوێت لەگەڵ ئێران بكەوێتە ململانێوە ، ئێستا كار لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانمان و دەستەبەركردنی سەلامەتی هەموو ئەو خەڵكانەمان دەكەین كە لەسەرانسەری ناوچەكە كار دەكەن. گوتووشیەتی بەبەردەوامی چاودێری هەڵوێستەكان دەكەین و بەپێی پێویستی گۆرانكاری لە ئاستی هێزەكان دەكەین ، ئەوەش لەسەر بنەمای هەڕەشە و  راپۆرتە هەواڵگرییەكان.

ئەوەش دوای چەند سەعاتێك دێت لە بڵاوكردنەوەی چەند وێنەیەك كە پنتاگۆن دەڵێت ئەوانەی بەڵگەی نوێن لەسەر دەستهەبوونی ئێران لەپشت هێرشەكەی سەر دوو كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئاوەكانی كەنداوی عوممان لە ١٣ی حوزەیران.

فەرماندەی ناوەندی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا چەند وێنەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند كە ئەو وێنانە هێزێكی ئێرانی پیشان دەدەن كە مینێك لە كەشتی "Kokuka Courageous" دەكەنەوە دوای ئەوەی هێرشی كرایە سەر ، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمەریكا دەشڵێت بەپشتبەستن بە بەڵگە ڤیدیۆییەكان و ئەو ماددانەی تێیدا بەكارهاتوون ئێران بەرپرسی ئەو هێرشەیە".

پێشتریش دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا لەكۆتایی مانگی ئایار رایگەیاند كە رەزامەندی لەسەر ناردنی ١٥٠٠ سەربازی تر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست دەربڕیوە.

ترامپ جەختی كردەوە كە بڵاوەپێكردنی هیزی زیاتر لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەئامانجی پاراستن و بەرگریكردنە و گوتیشی بڵاوەپێكردنەكە ژمارەیەكی كەمی هێزەكان دەگرێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی