ئەمەریكا چۆن پلانی داناوە بۆ ئەوەی 50 بۆمبی ئەتۆمی بەسەر چیندا ببارێنێت؟

جیهان

29/06/2019‌ 3626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵی 1951 ئەمەریكا لە دیارترین رووبەرووبونەكانی بە خۆیەوە بینی لەنێوان دەسەڵاتداران و سەربازییەكان، كە بەهۆی كۆمەڵێك پرسەوە سەبارەت بە كێشەی جەنگی كۆریا، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا هاری ترۆمان جەنراڵ دۆگلاس ماكارسەری یەكێك لەگرنگترین سەربازەكانی ئەمەریكا لە جەنگی جیهانی دووەم لەكارەكەی دوورخستەوە، كە سەرپەرشتی هێزەكانی ئەمەریكای دەكرد لە نیمچە دوورگەی كۆریا، ئەمەش بووە هۆی توڕە بوونی ڕای گشتی.

ئەو بڕیارەی دوورخستنەوەیە لەلایەن سەرۆك ترۆمانەوە دوای ئەوەی هات پێی باش بوو دەستێوەردانی ئەمەریكا لە جەنگی كوریا سنووردار بێت و ململانێكی فراوان نەكرێت بۆ وڵاتانی دراوسێ.

لە ماوەی یەكەمی جەنگی كۆریادا، جەنراڵ دۆگلاس رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە رزگاركردنی كوریای باشوور و پاراستنی لە داگیركاری كوریای باكوور، بەهۆی لێهاتویە سەربازی و ستراتیژیەكەیەوە توانیویەتی لەمانگی ئەیلولی 1950 سەركەوتو بێت لەوەی هێزەكانی كوریای باكور بنیشتنەوە سەر خاكی كوریای باشوور.

لەگەڵ ئەم سەركەوتنە گرنگەدا، كە سوپای ئەمەریكا سەرۆكایەتی دەكرد لەگەڵ هێزەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، جەنراڵی ناوبراو پێشنیاری بۆ سەرك ترۆمان كرد بەردەوامی بە جەنگ بدرێت بۆ نێو قووڵایی خاكی كوریای باكوور و تێسرەواندنی گورزێكی جەرگبڕ بۆ سەر رژێمی سەرۆك كیم ئیل سۆنگ و یەكلایی كردنەوەی جەنگ لەگەڵ شیوعیەكان لە ناوچەكە. 

لەگەڵ ئەوەی سەرۆك بەم پێشنیارە سەرسام بوو، بەڵام ترسی لە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی وڵاتانی چین هەبوو بەتایبەتی دوای ئەو سەركەوتنانەی رابەری چین ماوتسی تۆنگ لە جەنگی ناخۆدا بەدەستی هێنابوو لەهەمان كاتدا كۆماری چینی راگەیاندبوو، ئەم وڵاتەش سنوری هاوبەشی لەگەڵ كوریای باكوردا هەبوو لە ساڵی 1949.

لە مانگی تشرینی یەكەمی 1950، جەنراڵ ماكارسەر چاوی بەسەرۆك ترۆمان كەوت و دووپاتیكردەوە چانسی دەستێوەردانی چین لە ململانێی كوریادا لاوازە و كۆمارەكە توانای هەڵگرتنی قورسییەكانی ئەو جەنگەی نیە، بەڵام پێشبینییەكانی جەنراڵ هەڵە بوون، لەگەڵ نزیك بونەوەی هێزە ئەمەریكی و نێودەولەتیەكان لە سنوری كوریای چینی، بە شێوەیەكی كت و پڕ سەدان هەزار سەربازی چین چونە نێو ململانێكەوەو سەربازە ئەمەریكیەكانیان ناچار بە كشانەوە كرد روەو باشوری نیمچە دورگەی كوریا.

لەبەرانبەر شكستهێنانی پێشبینیەكانی و سوپاكەی، جەنراڵ ماكارسەر داوای بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی كرد دژی وڵاتی چین. بەگوێرەی پلانەكەی پێویست بوو لە هێرشەكەدا‌ 50 بۆمبی ئەتۆمی ئاراستەی شارەكانی هەرێمی مەنشوریا و هیڵەكانی پەیوەندی و بنكەكانی سوپای چین لەسەر سنوری (چین-كوریا) بكرێت و پشدوێنەیەكی توندوتۆڵ دروست بكرێت لە نێوان دەریای ژاپۆن و رووباری زەرد و پشت بە سوپای نەتەوەییەكانی چین ببەسترێت لە تایوان بۆ دەركردنی هێزەكانی كۆماری چین لە نیمچە دورگەی كوریا.

سەرۆك ترۆمان ئەو پێشنیارەی رەتكردەوە و دووپاتیكردەوە یەكێتی سۆڤیەت دەستێوەردان دەكات لە حاڵەتی بە ئامانج گرتنی یەكێك لە هاوپەیمانەكانی بە چەكی ئەتۆمی. بەهۆی ئەمەوە، ناكۆكیەكانی نێوان سەرۆك و جەنراڵ هەڵكشاو بەتایبەتی پاش ئەوەی جەنراڵ وتاری دژی ویستەكانی سەرۆك دەدا.

لە مانگی نیشانی 1951، سەرۆك هاری ترۆمان جەنراڵ دۆگلاسی وەك فەرماندەی پرۆسەكانی نیمچە دورگەی كوریا بەخشی و جەنرال ماسیۆ ریدجوای لە جێگای دانا. بۆ ئەم كارەشی پاساوی هێنایەوە، لە 11ی نیسانی 1951 وتارێكی پێشكەش كرد و لە میانیدا بەرگری لە جەنگی نیمچە دورگەی كۆریا كرد و سەركۆنەی یەكێتی سۆڤیەت و رۆڵی لە دژایەتی كردنی ئازادیدا كرد، هەروەها دووپاتیكردەوە كە ئەمەریكا نیازی نیەو نایەوێ جەنگی جیهانی سێیەم هەڵگیرسێنێ. دەربارەی بەخشینی جەنراڵ دۆگلاس باسی لەوە كرد بەخشینەكە بۆ ئەوەبووە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا یەكبخات.

لای خۆیانەوە، ئەمەریكییەكان پێشوازیان لە جەنراڵ دۆگلاس كرد وەك قارەمانێك‌و بڕیارەكەی سەرۆك كۆمارێكی دیموكراتیان شەرمەزار كرد، كە بەهۆیەوە جەماوەرێتی بە شێوەیەكی بەرچاو لەدەستدا و لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1952 دا حزبی دیموكرات رووبەرووی شكستێكی گەورە هاتەوەو كاندیدی كۆماریەكان دوایت ئایزنهاوەر سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێنا.

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا