میلیشیا عێراقییەكان شكست بەهەوڵەكانی بەرهەم ساڵح‌و عادل عەبدولمەهدی دەهێنن؟

عیراق

30/06/2019‌ 2785 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خەریكە سیاسەتی خۆبەدوورگرتن لە گرژییەكانی نێوان ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كە بەرپرسانی عێراق پەیرەویان لێدەكرد لەدۆخێكی دژواردابێت ، بەتایبەت دوای ئەو زانیارییە هەواڵگرییە تازانەی دەست ئەمەریكییەكان كەوتووە بەوەی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە لە عێراقەوە جێبەجێكراون نەوەك لە یەمەنەوە .

ئەو پێدراوە تازانە بەرهەم ساڵحی سەرۆككۆماری عێراق و عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیر دەخاتە هەڵوێستێكی رووگیرانەوە، بەتایبەت هەردووكیان رێبەرایەتی هەڵمەتێك دەكەن بۆ جەختكردنەوە لەوەی عێراق لەگرژییەكانی ناوچەكە بێلایەنە‌و ئامادەشە نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتۆن بكات و هەموو لایەنە عیراقییەكانیش پابەندن بە سیاسەتی خۆبەدوورگرتن لە گرژییەكان.

رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی لەسەر زاری بەرپرسە ئەمەریكییەكانەوە گواستوویەتییەوە، هێرشی فرۆكە بێفرۆكەوانەكان بۆسەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە لە باشووری عێراقەوە بووە نەوەك لەیەمەنەوە.

عادل عەبدولمەهدی، كە هەوڵ دەدات لەپێگەی هێزەوە خۆی دەربخات لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا وتی: ئەوان رێگریان لە جوڵەی هەموو هێزێكی عێراقی و دەرەوەی عێراقی لەدەرەوەی هێزە چەكدارەكانی عێراق كردووە .

بەڵام چاودێران پێیان وایە عەبدول مەهدی بەهیچ جۆرێك دەسەڵاتی بەسەر ئەو گرووپە چەكداریانەدا ناشكێت، كە دەسەڵات و باڵادەستییەكی زۆریان لە وڵاتدا هەیە ، بەتایبەت دوای ئەوەی حەشدی شەعبی بوو بە بەشێك لە سیستەمی بەرگری عێراقی .

هەروەك سەرۆكی حكوومەت چەندین جار ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە هیچ هێزێكی سیاسی عێراقی نییە كە بەشداری پرۆسەی سیاسی بكات و بیەوێت كارەكان بەرەو شەڕ و ئاژاوە بەرێت ، گوتووشیەتی ڕێگە نادەین خاكی عێراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگ یان لەسەر خاكی عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر هیچ وڵاتێكی تر .

كارەكە سەبارەت بە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراقیش هەر راستە، كە لەمیانی سەردانی ئەمجارەیدا هەوڵیداوە مەترسی رۆژئاواییەكان لە باڵادەستی میلیشیاكان برەوێنێتەوە و هەمیشەش جەختی كردۆتەوە كە وڵاتەكەی نایەوێت لە ململانێیەكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بگلێت .

سەرۆكی عێراق لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێكی لە پەیمانگای "شاتام هاوس" لە لەندەن لە پەراوێزی سەردانەكەی بۆ بەریتانیا گوتی " چوار دەیەی شەڕ و ئالۆزییەكانمان پێچاوەتەوە و نامانەوێت دیسان خۆمان لەناو جەنگێكی نوێ لەناوچەكەدا ببینینەوە".

بەرهەم ساڵح رەتیكردەوە كە عێراق ببیتە گۆڕەپانی شەڕی بەوەكالەتی هیچ لایەك و روونیشی كردەوە كە وڵاتەكەی پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ ئێران هەیە و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش هاوبەشێكی زۆر گرنگی عێراقە .

سەرەرای هەوڵی بەرپرسە عێراقییەكان بۆ ئەوەی وای پیشان بدەن كە عێراق بەشێوەیەكی بێلایەنانە هەڵسوكەوت دەكات و ئەو وڵاتە بەسەربەخۆیی و دوور لە خولگەی ئێرانی دەجوڵێتەوە ، بەڵام راپۆرتە جیاوازەكان شتێكی پێچەوانەی ئەوە دەڵێن ، بەجۆرێك ئیدارەی ئەمەریكا پێشتر  لەسەر باڵادەستی ئێران لە عێراق و پلانی میلیشیا عێراقییەكان بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا ئەو بەرپرسە عێراقیانەی خستبووە بەردەم هەندێ راستی قورس .

رۆژنامەی "عەرەب" ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەكاتی سەردانە نهێنییەكەی هەفتەی رابردووی بۆ عێراق هەندێ بەڵگەی هەواڵگری خستۆتە بەردەم بەرهەم ساڵح و عادل عەبدول مەهدی كە گرووپێكی عێراقی سەر بە ئێران پلان بۆ هێرشكردنە سەر كۆمەڵگەیەكی سەربازی لە باكووری بەغدا دادەنێن كە هێزی سەربازی ئەمەریكیان تێدایە .

زانیارییە هەواڵگرییەكانپلانی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكاشیان لە بەغدا بە مووشەكی كورت مەودا لەخۆگرتووە ، جگە لە پیلانی نوێی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز.

دوای كۆتاییهاتنی دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران ، پۆمپیۆ بەو رۆژنامەنووسانەی لەگەشتەكەیدا هاورێیەتیان كردووە گوتووە كە لە دیدارەكانیدا هانی بەرپرسە عێراقییەكانیداوە كە دەبێت عێراق توانای خۆی بۆ پاراستنی ئەمەریكییەكانی عێراق تەرخان بكات ، گوتووشیەتی كە بەرپرسە عێراقییەكان گوتوویانە كە ئەوان دەزانن ئەوە بەرپرسیارێتی ئەوانە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی