جەنەراڵێكی ئەمەریكی شەڕی ئێران بەئاسان نابینێت

جیهان

01/07/2019‌ 1526 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جەیمس ستافریدس جەنەڕاڵی خانەنشینی ئەمەریكی جەخت لەوە دەكاتەوە، جەنگ لەگەڵ ئێران وەك ئەوەی هەندێك "گەمژە" لێی حاڵی بوون ئەوەندە ئاسان نییە ، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئێران توانایەكی سەربازی گەورەی هەیە .

رۆژنامەی "زە ناشیۆناڵ"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا لەسەر زاری جەنەڕاڵ ستافریدس بڵاویكردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا لەڕووی تەكنەلۆژییەوە بەسەر ئێراندا زاڵترە ، بەڵام ئێران كۆمەڵێك بژاردەی زۆری لەبەردەستدایە ، كە دەتوانێت لەشەری خوێن لەبەر رۆیشتن دژی هێزەكانی ئەمەریكا بەرپا بكات.

ئەو جەنەراڵە ئەمەریكییە دەشڵێت: ئێران لەگەلێك بواری هێرشی ئەلیكترۆنی و تەكتیكی شەڕی پۆلە بەلەمی بچووك و ژێردەریایی دیزڵ و هێزی تایبەت و مووشەكی كرووزی زەوی-زەوی توانای بێوێنەی هەیە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئێرانییەكان خاوەن ئەزموونێكی گەورەن لە كاركردن لەژینگەیەكی قورسی وەك ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

ستافریدس ئەوەش دەڵێت: جگە لە توانا سەربازییەكانی ، ئێران دەتوانێت داوا لەهاوپەیمانە سیاسی و سەربازییە شیعییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بكات ڕەوشێكی پڕ لە ئاژاوەو بێسەرەبەرەیی بۆ وڵاتە یەكگرتووەكان درووست بكەن ، بەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتە پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان و گەلێك لە گرووپە چەكدارییەكانی عێراق هەیە .

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئەو جەنەراڵە خانەنشینە ئەمەریكییە دەڵێت: نابێت لە رۆڵی زۆرینەی شیعەی چەوسێنراوەی بەحرێن كەم بكەینەوە، كە رەنگە بێزارییان لەڕژێمی سوننەی دەسەڵاتداری وڵاتەكەیان‌و لەلایەن واشنتۆنەوە پاڵپشتی دەكرێت بگاتە ئاستی تەقینەوەی ڕەوشەكە ، بەوەش ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ڕووبەڕووی سەختی دەبێتەوە لە بەردەوامی بنیاتنانی كەشتیگەلی پێنجەمی سوپای ئەمەریكا لە بەحرێن . 

راپۆرتەكە ئەوەی روونكردووەتەوە، كە هەنگاونان بەرەو شەڕكردن لەگەڵ ئێران كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە وەك" هەندێ گەمژەی كۆشكی سپی و پنتاگۆن بۆی دەچن ، سەرۆكی ئەمەریكاش بەهەڵسوكەوتكردنی بەو شێوازە قێزەونە زۆر نابەرپرسانە دەجوڵیتەوە، كە رەنگە سەربكێشێ بۆ پەلاماردانی ئێران".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی